گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشبینی دابەزی نرخەکەى دەکات

سێ هۆکارن.. ڕونکردنەوەى بانکی ناوەندی عێراق لەبارەى بەرزبوونی نرخی دۆلار

2020.04.03 - 16:05
سێ هۆکارن.. ڕونکردنەوەى بانکی ناوەندی عێراق لەبارەى بەرزبوونی نرخی دۆلار
ناس کورد- بانکی ناوەندی عێراقی سێ هۆکاری ئاشکراکرد کە بوونەتەهۆی زیادبوونی نرخی دۆلار لە بەرانبەر دیناری عێراقیدا، هاوکات پێشبینی دابەزینی نرخەکەى دەکات. . ئەمڕۆ هەینی، 3ی نیسانی 2020، مەحمود داغر، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی پڕۆسەی دارایی و کارگێڕی قەرزەکان بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی عێراقی وتووە، "بەرزبوونەوەى نرخی دۆلار چەند هۆکارێکی هەیە، یەکەم چەند پێشبینییەک کراوە لەبارەى ڕوودانی قەیرانی دارایی لە عێراق، دووەم بریتییە لە دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت." . بە قسەى مەحمود داغر، هۆکاری سێیەمیش بریتییە لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بووەتەهۆی سستکردنی جموجۆڵی ئابوری و کاری بازرگانی لە عێراق. . داغر ئاماژەى بەوەشکردووە کە "سەرجەم ئەو هۆکارانە و ڕاگرتنی دەروازەکانی فرۆشتنی دراوەکانی تایبەت بە بانکی ناوەندی بوونەتە هۆکاری بەرزبوونەوەى نرخی دۆلار و دابەزینی نرخی دیناری عێراقی." . ڕاشیگەیاند، "بانکی ناوەندی توانای نەبوو بەرزبوونەوەى نرخی دۆلار ڕابگرێت بەهۆی ڕاگرتنی کڕین و فڕۆشتنی دراو، بەهۆی نەبوونی جموجوڵی بازرگانیش دەروازەکانی بانکی ناوەندی ڕاگیراون و هیچ جوڵەیەکیان تێدا نییە، بۆیە خواست لەسەر دۆلار زیادیکردووە و نرخەکەى بەرزکردووەتەوە." . داغر پێشبینی کرد بە دەستێوەردانی بانکی ناوەندی لە هەفتەى داهاتووەوە نرخی دۆلاریش دادەبەزێتەوە و بێتە خوارەوە، هاوکات نرخی نەوتیش بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت". . لە هەفتەى ڕابردووەوە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم و عێراق بەرزبووەوە و نرخی 100 دۆلاری ئەمریکیش گەیشتە 126 هەزار دینار. . هاوکات ڕۆژی 31ی ئازاری 2020، بازرگانێکی ئاڵۆگۆڕی دراو ڕایگەیاند، سستبوونی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی، قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە نێوعێراق و شارەکانی هەرێم، داخستنی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراوە و نەخستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازارەکاندا. . ساجد محەمەد، بازرگانی ئاڵۆگۆڕی دراوە لە بازاری دۆلارەکەی شاری سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا جموجۆڵی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 80%دا کەمیکردووە، ئەوەی ماوەتەوە تەنها ئەو بازرگانییەی کە لەگەڵ وڵاتی ئێران و تورکیادا دەکرێت بۆ هاوردەکردنی شتومەکی خۆراکی کە ئەوەش وایکردوە حەواڵەکردنی پارە زۆر کەم بکات". . ئاماژەی بەوەشکرد، نەخستنەڕووی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە و نەبوونی مەزادی ڕۆژانەی فرۆشتنی دۆلار بەهۆی سیستی جمجۆڵی بازرگانی وایکردووە دۆلار لە بازاڕەکاندا کەم بێت، پێش قەیرانی کۆرۆناش بانکی ناوەندی عێراق ڕۆژانە نزیکەی280 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازارەوە ئێستا ئەوە نەماوە". .   ساجد محەمەد دەشڵێت: "پێش قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی ڕۆژانە دەیان حەواڵەی داراییمان دەکرد بۆ دوبەی، چین، وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام ئێستا هەمووی ڕاوستاوە".