گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواجار ڕێککەوتن لەسەر کۆبوونەوە

ڕێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی تری نەوتی کۆدەبنەوە بۆ بەرزکردنەوەى نرخی نەوت

2020.04.03 - 13:47
ڕێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی تری نەوتی کۆدەبنەوە  بۆ بەرزکردنەوەى نرخی نەوت
ناس کورد- ڕۆژی دووشەممەى داهاتوو ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و وڵاتانی تری نەوتی دەرەوەى ڕێکخراوەکە لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆدەبنەوە و داڕمانی نرخی نەوت تاوتوێ دەکەن بە تایبەت لەم کاتەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە. .   ئاژانسی فرانس پرێس زانیارییەکەى لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕێکخراوەکە ئاشکراکردووە، پێنجشەممەی ڕابردووش سعودیە داوای لە وڵاتانی ئۆپێک و دەرەوەى ئۆپێک کرد "کۆبوونەوەیەکی بەپەلە" بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەر تاوەکو سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێتەوە. .   لە ماوەی ڕابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 17 دۆلار بۆ یەک بەرمیلی نەوتی برێنت کە نزمترین ئاست بوو لە ساڵی 2020ەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەینی، نرخەکە بە شێوەیەکی باش بەرزبووەوە و گەیشتە 32.56 دۆلار. .   دوێنێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات لەدوای پەیوەندییەکەی بە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، "هەردوو بەرپرسانی سعودیە و ڕوسیا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێژەى بەرهەمهێنانیان کەمبکەنەوە کە بگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا." .   ترەمپ لە تویتێکیدا وتی، "پێشبینی دەکەم و هیوام وایە کە نزیکەى 10 ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە، یان لەوانەیە زیاتریش، ئەگەر ئەوەش ڕووبدات، زۆر باش دەبێت بۆ پیشەسازی نەوت و گاز." .   بەڵام مانگی پێشوو ڕوسیا کە دووەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوت لە ڕێکخراوی ئۆپێک ڕەتیکردەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە. .   هاوکات شرۆڤەکارانی دامەزراوەی "گۆڵدن ساکس"ی ئەمریکی دەڵین، پێدەچێت پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر نەوت و ئەو پیشەسازییە، ئەو کەرتە بەهێزتربکات بەڵام بە قەوارەیەکی بچوکتر. . بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، شرۆڤەکارانی دامەزراوەی "گۆڵدن ساکس"ی ئەمریکی تایبەتمەند لە کاروباری دارایی و وەبەرهێنان باسیان لەوەکردووە کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا کەرتی نەوت بەهێزتر دەکات، چونکە کەمی خواست لەسەر نەوت وایکردوە نرخی نەوت زۆر دابەزێت، بۆیە لە ئێستادا زۆربەی پاڵاوگە جیهانییەکان ناچاربوون کارەکانیان ڕابگرن، ئەوەش بووەتە هۆکاری دروستبونی کورتهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان لە بازارەکانی جیهاندا. .   شارەزایانی گوڵدن ساکس ئەوەشیان خستوەتەڕوو، نەبوونی خواست لە سەر نەوت وادەکات لە ئایندەیەکی نزیکدا بازارەکانی جیهان دووچاری قەیرانی کەمی خستنەڕووی نەوت بێتەوە، ئەوەش وادەکات نرخی بەرمیلێک نەوت بەرزبێتەوە بۆ 55 دۆلار، ئەو نرخەش زۆر لەوە زیاترە کە پێشبینی کرابوو ڕووبدات لە ساڵی 2021دا.