گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ژمارەی توشبووانى كۆرۆنا خۆى دا لە مليۆنێك

2020.04.02 - 21:06
ژمارەی توشبووانى كۆرۆنا خۆى دا لە مليۆنێك
ناس کورد-   ژمارەى توشبووانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لەسەرتاسەرى جيهان بەشێوەيەكى ترسناك بەردەوامە لەبەرزبونەوەو گەيشتە زياتر لە مليۆنێك، شارەزايانيش پێيان وايە ژمارەكە لەوە زياتر دەكات و هێشتا لە هەندێك شوێن بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكە نەگەيشتوەتە ترۆپك. ، ڤايرۆسى كۆرۆنا بۆ يەكەمجار لە شارى ووهانى كەرتى هوبى چين لەبازاڕى خواردنە دەرياييەكانى ئەو شارە دەركەوت، بەپێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانيەكانيش يەكەم كەس كە پێى دەوترێت "نەخۆشى ژمارە سفر" ژنێكى تەمەن 57 ساڵ بووە، بەڵام هێستا چاكبوەتەوەو تائێستا ديار نييە چۆن توشى ڤايرۆسەكە بووە. ، كۆرۆنا سەرەتا ژمارەكى زۆرى لە شارى ووهان توشكرد و دواتر ڤايرۆسەكە گواسترايەوە زۆرينەى دەوڵەتانى جيهان، ووهان كە ناوەندى ڤايرۆسەكە بوو بەهۆى ڕێوشوێنە توندەكانى چينەوە كۆنترۆڵكراو ژمارەكە لەسەروو زياتر لە 81 هەزار و 500  توشبوو و زياتر لە سێ هەزار و 300 گيان لەدەستدان گيرسايەوە، هەرچەندە چەندين ڕاپۆرت باس لەوەدەكەن ئەو ژمارانەى چين ڕاست نين و زۆر لەوە زياترن. ، لەكۆى زياتر لە يەك مليۆن توشبوو تائێستا نزيكەى 240 هەزارى لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا و سەروو 500 هەزاريش لە وڵاتانى ئەوروپايە، ژمارەكانيش بەشێوەيەكى خێرا بەردەوامن لەبەرزبونەوە. ، ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا بەشێوەيەكى زۆر خێرا شوێنى بە چين لێژكرد و بوە ناوەندى ڤايرۆسەكە، شارەزايانيش تەئكيد لەوە دەكەنەوە لە ئەمريكا و سەرتاسەرى جيهانديش ژمارەكە زۆر لەوە زياترە، چونكە تواناى تەواو لەبەردەستدا نييە بۆ پشكنينى تەواوى هاوڵاتيان و ژمارەيەكى زۆر توشبووش تۆمار ناكرێن، چونكە هيچ نيشانەيەكى ڤايرۆسەكەيان تێدا نييە و نازانن توشبون ياخود نيشانەكانيان زۆر كەمە و ناچنە نەخۆشخانە و وا دەزانن ئەنفلۆنزايەكى سادەيە. ، زەرەرمەندترين وڵات لە جيهاندا بەهۆى پەتاكەوە وڵاتى ئيتاڵيايە، سەرەڕاى ئەوەى زياتر لە 115 هەزار توشبوو تۆمار كراوە كە ئەوەش زۆر لە ژمارەى توشبوانى ئەمريكا كەمترە، بەڵام زۆرترين رێژەى مردنى تێدا تۆمار كراوە كە نزيكەى 14000 كەسە، بەدواى ئەويشدا وڵاتى ئيسپانيا بە تۆماركردنى زياتر لە 110 هەزار توشبوو و 10 هەزار گيان لەدەستدان. ، لە وڵاتە زەرەرمەندەكانى ترى ڤايرۆسەكە بريتين لە، ئەڵمانيا، فەرەنسا، ئێران، بەريتانيا، سويسرا و توركيا و بەرەو خوارەوە چەندين وڵاتى ترى جيهان دەبينرێن كە ژمارەى توشبوانيان زۆر خێرا زياد دەكات. ، هەرچى عێراقيشە، سەرەڕاى ئەوەى دراوسێى ئێرانە كە يەكێكە لە گيرۆدەكانى دەستى ڤايرۆسەكە، بەڵام تائێستا 772 توشبوو و 54 گيان لەدەستدانى تێدا تۆمار كراوە، بەڵام چەندين جار ڕێكخراوى تەندروستیى جيهانى هۆشدارى داوە لەوەى كە عێراق ببێتە ناوەندێكى ترى ڤايرۆسەكە لە ناوچەكەدا. ، شارەزايان پێيان وايە، ژمارەى توشبووان زۆر لە مليۆنێك زياتر دەكات و ژمارەى گيان لەدەستدانيش كە لە ئێستادا زياتر لە 50 هەزار كەسە لەوە زياتر دەكات، چونكە تائێستا پەتاكە لە زۆر ناوچەى جيهان نەگەيشتوەتە ترۆپكى بڵاوبونەوەى و هيوايەكي بەهێزیش بۆ دۆزينەوەى ڤاكسين ياخود چارەسەرێكى يەكلاكەرەوە بەمنزیکانە بونى نييە، چونكە دۆزينەوەى ڤاكسين ساڵێك بۆ ساڵ و نيوێكى دەوێت.