گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم لە سلێمانى :رەوشی ئۆتیزم لەسەر ئاستی  هەرێمی کوردستان زۆر خراپە 

2020.04.02 - 13:45
سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم لە سلێمانى :رەوشی ئۆتیزم لەسەر ئاستی  هەرێمی کوردستان زۆر خراپە 
ناس کورد-رۆژیار سیروان   سەرۆکى لقى سلێمانى کۆمەڵەى ئۆتیزمى کوردستان دۆخى ئۆتیزم لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بە زۆر خراپ ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات دیارترین گرفتی کەسانی ئۆتیزم کێشەی دەروونی خێزانەکانە لەگەڵ نەبوونی هۆکاری گواستنەوە بۆ ئەو منداڵانەی سەردانی سەنتەری ئۆتیزم دەکەن. .   ئاراس عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بە ناس کوردی راگەیاند "رەوشی ئۆتیزم لەسەر ئاستی  هەرێمی کوردستان زۆر خراپە و تەنها سێ سەنتەر لە کوردستان هەیە و کەرتی تایبەتیش تەنها پێنج سەنتەری تایبەتیان بە ئۆتیزم دروستکردووە". . وتیشی، بەپێی تێڕوانینی ئێمە رێژەی ئۆتیزم نزیکە لە دوو هەزار کەس لەسەر ئاستی پارێزگا و شار و شارۆچکەکان و زۆرینەیان لەماڵەوەن و سەنتەریان نیە و بێبەشن لە زۆربەی خزمەتگوزاریەکان". . لەبارەى سەرژمێرییەکانى ئەوان لەو بوارەدا، سەرۆکى لقى سلێمانى کۆمەڵەى ئۆتیزمى کوردستان رونیکردەوە "بەشێوەیەکی فەرمی و بەپێی سەرژمێری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ژمارەی ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە لە پارێزگای سلێمانی بریتیە لە 239 کەس و لەسەر ئاستی کۆمەڵەکەشمان کە پێناسیان بۆ کراوە رێژەکەی گەیشتۆتە 250 ئەندام جگە لە چەندین کەسی تر داوای بە ئەندامبوونیان کردووە". . "سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی توانای لەخۆگرتنی تەنها 80 منداڵی هەیە بە دوو دەوام سەرپەرشتیان دەکرێت ماوەی راهێنانکردن تەنها سێ کاتژمێرە بەمەش ماوەی مانەوەیان زۆر کەمە" ئاراس عوسمان وای وت. . لەبارەى کێشە سەرەکییەکانى توشبووانى ئۆتیزم، ئاراس عوسمان وتى "دیارترین گرفتی کەسانی ئۆتیزم کێشەی دەروونی خێزانەکانە لەگەڵ نەبوونی هۆکاری گواستنەوە بۆ ئەو منداڵانەی سەردانی سەنتەری ئۆتیزم دەکەن، هەروەها تائێستا تەنها 72 منداڵى ئۆتیزمى سنورەکە هاوکارى مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت کە بڕەکەى 150 هەزارە و پێشتر بەهۆی پاشەکەوتی موچەوە بڕەکەیان کەمکردەوە". . داواشى کرد یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011 وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و جەختى لەسەر ئەوە کردەوە بەو یاسایە گرفتێکی زۆری کەمئەندامان و کەسانی ئۆتیزم چارەسەر دەبێت. https://www.facebook.com/naskurd/videos/842888356225526/ .