گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

200 ملیار دۆلاریشی بۆ هەژارەكان تەرخانكردووە

سەرۆكی فلپین هەڕەشەی گولەبارانكردنی خەڵكی دەكات گەربێتوو كەرەنتینە بشكێنن

2020.04.02 - 09:29
سەرۆكی فلپین هەڕەشەی گولەبارانكردنی خەڵكی دەكات گەربێتوو كەرەنتینە بشكێنن
ناس کورد-  سەرۆكی فلپین هۆشداریدەداتە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی گەر بێتو دەست لەخۆپیشاندان هەڵنەگرن و كەرەنتینە بشكێنن ئەوا لەلایەن پۆلیس و سوپاوە گولەباران دەكرێن. . لەپەیامێكی تەلەفزیۆنیدا ڕۆدریگۆ دۆتیرتی سەرۆكی فلپین فەرمان دەداتە پۆلیسی وڵاتەكەی ڕووبەڕووی هەر هاوڵاتیەك ببنەوە بە گولە كە ڕێزی ڕاگەیاندنی كەرەنتینە ناگرن كە حكومەت بۆ ڕێگریكردن لەتەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە سەپاندویەتی. . وتیشی:"هیچ دودڵ نیم لەفەرمانکردن بەپۆلیس و سوپا ئەگەر هەر كێشەیەك هاتە پێشەوە و لەدژی ئاژاوەچییان گولە بوەشێنن، تێگەیشتن كە ڕێگە نادەم كەس ببێتە هۆكاری كێشەكان". . پەیامەكەی سەرۆكی فلپین دوای دەستگیركردنی 21 كەس هات لەدانیشتوانی شاری كۆێزۆن كە خۆپیشاندانیان بۆ داواكردنی هاریكاری ئەنجامدابوو و بەتۆمەتی نەبوونی مۆڵەت دەستگیركرابوون. . بەگوێرەی میدیاكان، سەرچاوەی سەرهەڵدانی كێشەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە خەڵكی ناوچەی سیتۆ سان ڕۆسكی  بەزۆری هەژاران و كرێكاری كارگەكان ولەكاتی بڕیاری لەداخستنی كارگەكانیاندا داوای دابینكردنی هاریكاریان لەحكومەت كردووە و بۆ ئەو مەبەستە دەستیانداوەتە خۆپیشاندان و حكومەتیش ڕەشبگیری كردوون بەوەش ناڕەزایەتی لەلایەن سەندێكای كرێكارانەوە سەریهەڵداوە. . بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەش پێشتر حكومەت بڕیاری دابوو بڕی 200 ملیار دۆلار خەرج بكات بۆ هاریكاری 18 ملیۆن لەخێزانە هەژارەكانی وڵاتەكەی بەڵام بەهۆی درەنگ گەیشتنی ئەو هاریكارییە كە حكومەت بۆ تەواونەبونی لیستەكان دەیگەڕێنێتەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەریانهەڵدا. . لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەشدا حكومەتی فلپین چەند ڕێوشوێنێكی گرتە بەر و قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند و نزیكەی سێ یەكی خەڵكی لەماڵەكانیاندا كەرەنیتنە كرد. . لەو وڵاتەدا 2311 حاڵەتی توشبوون بەكۆرۆنا هەیە لەگەڵ 96 حاڵەتی مردن و 50 چاكبووەوە. .