گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى دانانى پاتريۆت.. گرژيەكانى ئێران و ئەمريكا لە عێراقدا بەرەو كوێ؟

2020.04.01 - 22:42
دواى دانانى پاتريۆت.. گرژيەكانى ئێران و ئەمريكا لە عێراقدا بەرەو كوێ؟
  ناس کورد- دۆناڵد ترامپ، سەرۆكى ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا هۆشداریدايە ئێران كە "باجى زۆر قورس" دەدات ئەكەر هێزەكانى وڵاتەكەى لەلايەن تارانەوە يان بەكرێگيراوەكانيەوە هێرش بكرێتە سەريان. . ترامپ لە تويتێكدا لە تۆڕى كۆمەڵايەتى تويتەر نوسيويەتى "ئێڕان ياخود بەكرێگيراوەكانى پلانى هێرشكردنە سەر هێز و دامەزراوەكانى ئەمريكا لە عێڕاق دادەڕێژن، ئەگەر ئەوە ڕوبدات ئەوا دواتر ئێران باجى زۆر قورس دەدات". . هۆشداريەكەى ترامپ دواى دوو مانگ لە بە ئامانجگرتنى هێزەكانى وڵاتەكەى دێت لەڕێگەى موشەكەوە لە دوو بنكەى سەربازى لە پارێزگاكانى ئەنبار و هەولێر لەلايەن ئێرانەوە، لاى خۆشيەوە بەرپرسێكى ئەمريكى ئاشكرايكردوە كە دەستيان كردوە بە بڵاوكردنەوەى سيستمى بەرگرى موشەكى "پاتريۆت" لە عێراق. . هەفتەى پێشوو پاترى يەكێك لە سيستمەكان گەيشتە سەربازگەى عەين ئەسەد كە سەربازانى ئەمريكاى تێدايە و دەستكراوە بە بەستن و ئامادەكردنى سيستمەكە، ئەوەش لەلايەن سەرچاوە سەربازيە ئەمريكى و عێراقيەكانيشەوە پشتڕاست كراوەتەوە، ئەو بەرپرسە ئەمريكيە ئەوەشى ئاشكرا كردوە، پاتريەكى ترى سيستمەكە گەيشتوەتە بنكەى سەربازى هەریر لە هەولێر. . دواى بڵاوكردنەوەى پاتريۆت لە عێراق كۆمارى ئيسلامى ئێران ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكاى لە مەترسى ڕاكێشانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ "بارودۆخێكى كارەساتبار" ئاگادار كردەوە لەكاتێكدا كە ڤايرۆسى كۆرۆنا بڵاوبوەتەوە. . لەسەرەتاى ئەمساڵەوە ئەمريكا و عێراق لە گفتوگۆدان بۆ بڵاوكردنەوەى سيستمى پاتريۆت، لاى خۆشيەوە بەرپرسێكى سەربازى ئەمريكى ئەوەى ئاشكرا كرد كە دەستكراوە بە دانانى سيستمەكە بەبێ ئەوەى ئاماژە بەوە بدات كە ڕەزامەندى عێراق وەرگيراوە ياخود نا. . لاى خۆشيەوە وەزارەتى دەرەوەى ئێران لەبەياننامەيەكدا باسى لەوەكردوە، ئەو جۆرە كارە سەربازيانە لەگەڵ هەڵوێستى فەرمى حكومەت و پەرلەمان و گەلى عێراقى يەكناگرێتەوە و دەبێتە هۆى دروستكردنى ناسەقامگيرى  و "بارودۆخێكى كارەساتبار" لە ناوچەكەدا، داواشى كرد كە لەم كاتەدا كە ڤايرۆسى كۆرۆنا بڵاوبوەتەوەو هەمولايەك خۆى لە دروستكردنى گرژى و ئاڵۆزى بەدور بگرێت. . ئێران يەكێكە لە زەرەرمەندترين وڵاتەكانى جيهان بە ڤايرۆسى كۆرۆنا كە نزيكەى 50 هەزار توشبوو و زياتر لە 3000 هەزار گيانلەدەستدانى هەيە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى ئامارە نا فەرميەكان باسى زۆر زياتر لەو ژمارانە دەكەن، بەڵام ئەمريكا كە ماوەيەك دواى ئێران توشبوى ڤايرۆسەكەى تێدا تۆمار كرا، زۆر بەخێرايى لەو وڵاتەدا بڵاوبويەوەو تا ئێستا زياتر لە 205 هەزار توشبوو و زياتر لە 4 هەزار و 500 گيان لەدەستدانى تێدا تۆمار كراوە. . دواى ئەوەى لەسەرەتاى ساڵى 2020 ئەمريكا لە ڕێگەى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانەوە "قاسم سولەيمانى" سەركردەى پێشوى فەيلەقى قوسى ئێرانى و "ئەبو مەهدى موهەنديس" جێگرى پێشوى سەرۆكى دەستەى حەشدى شەعبى كوشت لەشارى بەغدا، پەرلەمانى عێراق بە زۆرينەى دەنگ پرۆژە ياساى كۆتايى هێنان بە بونى هێزە بيانيەكان بەتايبەتى هێزەكانى ئەمريكاى لەسەر خاكى عێراق پەسەند كرد، بەڵام تائێستا حكومەتى عێراقى هيچ نيازێكى بۆ جێبەجێكردنى بڕيارەكە پيشان نەداوە و تائێستا زياتر لە 5000 سەربازى ئەمريكى لەخاكى عێراقدان. . سيستمى پاتريۆت پێكهاتوە لە ڕادارێكى زۆر پێشكەوتوو و موشەكى بەرگرى كە تواناى ئەوەى هەيە موشەكى دورمەودا لە دواى هەڵدانى بە ئاسمانەوە لەناو ببات. . پێشتر عێراق رەتكردنەوەى خۆى بۆ بڵاوكردنەوەى سيستمەكە پيشاندا ئەوەش لە ترسى كاردانەوەى ئێران كە لەگەڵ ئەمريكادا دوژمنى سەرسەختى يەكترين، لاى خۆشيەوە عادل عەبدولمەهدى سەرۆكوەزيرانى كاربەڕێكەرى عێراق هۆشدارى لە هەر هەنگاوێكى سەربازىدا بەبێ ڕەزامەندى حكومەتى عێراقى، بەبێ ئەوەى هيچ ئاماژەيەك بە سيستمى بەرگرى موشەكى "پاتريۆت" بدات. .