گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا گەورەترین نەخۆشخانەی مەیدانی لە جیهاندا دروستدەکات

2020.04.01 - 21:49
 بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا گەورەترین نەخۆشخانەی مەیدانی لە جیهاندا دروستدەکات
ناس کورد- حکومەتی بەریتانیا بۆ چارەسەرکردنی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاریدا سەنتەری"ئێکسێل"لە لەندەنی پایتەخت کە یەکێکە لە گەورەترین هۆڵەکانی کۆڕ و کۆبونەوەی ئەو وڵاتە بکات بە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە توشبوانی کۆرۆنا و ناوی دەنێت "نایتینگیڵ". . بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان، لەپێناو کەمکردنەوەی فشاری سەر نەخۆشخانەکانی بەریتانیا بەرپرسانی ئەو وڵاتە بڕیاریانداوە بەتایبەتی دوای هەڵکشانی ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆڵی"ئێکسێل" کە گەورەترین هۆلی کۆڕو کۆبونەوەی کۆمەڵایەتیە لە لەندەنی پایتەختی ئەو وڵاتە، بکەن بە نەخۆشخانە و هەزاران قەرەوێڵەی بەشی چاودێری وردی تیادا دروستبکەن. . میدیاکان ئاماژەیان بەوەشداوە، ماوەی هەفتەیەکە کار لەو پرۆژەیەدا دەکرێت و لەسەرەتای هەفتەی داهاتوەوە دەستدەکرێت بە وەرگرتنی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایدا. . نەخۆشخانەکە لە 80 هۆڵ پێکدێت و هەر هۆڵێکیش 42 تەختی تێدایە، دوای تەواوبوونیشی نەخۆشخانەکە پێویستی بە زیاتر لە 16هەزار کارمەند دەبێت. . ئەوەشخراوەتەڕوو، کە ڕووبەری نەخۆشخانەکە 87 هەزار و 328 مەتر دوجایە، تەنها یەکەی چاودێری وردی تیادا جێدەکرێتەوە و لەلایەن سوپای بەریتانیاوە دروستدەکرێت و ڕۆژانەش بۆ ماوەی 15 کاتژمێر کاری تێدا دەکەن. . ناتالی فۆرست، بەڕێوەبەری بیناسازی نەخۆشخانەکە دەڵێت:"ئەم نەخۆشخانەیە دوای تەواوبوونی دەبێت بەگەورەترین نەخۆشخانەی فریاگوزاری مەیدانیی لە جیهاندا". . ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە) وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی مردن و توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە وڵاتەكەی ڕاگەیاند، کە لە24 کاتژمێری ڕابردودا 563 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا، بەمەش كۆی ئەوانەی لەو وڵاتە بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستداوە، لە هەزار و 789 كەسەوە بۆ 2 هەزار و 352 كەس و ئێستادا كۆی ژمارەی توشبوان لەو وڵاتە گەیشتوەتە 29 هەزار و 474 حاڵەت. .