گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جەستەى قوربانيان لە شەقامەكان دانراون

نيويۆرك ناوچەى شەڕ ڕاڕەوى نەخۆشخانەكانيش پڕ بوون لە نەخۆش 

2020.04.01 - 18:58
نيويۆرك  ناوچەى شەڕ  ڕاڕەوى نەخۆشخانەكانيش پڕ بوون لە نەخۆش 
ناس کورد- ولايەتى نيويۆرك لەحاڵەتێكى خراپ و ترسێكى زۆردا دەژى بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆناوە، بەپێى گرتە ڤيديۆييەكان نەخۆشخانەكان پڕن لە توشبوى ڤايرۆسەكەو دكتۆر و كارمەندان داواى پێداويستى و چاودێرى زياتر دەكەن بۆ ئەوەى هاوكاريان بێت بۆ كۆنترۆڵكردنى پەتاكە كە بە شێوەيەكى مەترسيدار ڕوو لە زيادبونە. . نيويۆرك بە زەرەرمەندترين ولايەتى ئەمريكا دادەنرێت بەهۆى ڤايرۆسەكەوە، لەكۆى نزيكەى 190 هەزار توشبوو و زياتر لە 4000 گيانلەدەستدان زياتر لە 76 هەزار توشبوو و 1550 گيانلەدەستدان لەو ولايەتەيە، تەنها لە شارى نيويۆرك كە ناوەندى ولايەتەكەيە 1096 گيانلەدەستدان و زياتر لە 43 هەزار توشبوو تۆمار كراوە. . نەخۆشخانەى "برۆكديل" كە يەكێكە لە نەخۆشخانەكانى ئەو شارە بەهۆى زۆرى توشبوانەوە ڕاڕەوەكانى نەخۆشخانەكە پڕ بوون و پزيشكان فرياى چارەسەرى هەموان ناكەون، ئەو نەخۆشخانەيە كە تەنها 370 قەرەوێڵەى هەيە هەزاران نەخۆشى تێدايە، يەكێك لە پزيشكانى نەخۆشخانەكەش بارودۆخەكە بە "ناوچەى شەڕ" وەسف دەكات. . "ئارابيا مۆلێت" پزيشكى فرياكەوتن بە پێگەى "سى بى ئێس نيوز"ى وتوە " ئەمە ناوچەى شەڕە و ناوچەى شەڕى پزيشكيە، هەموو ڕۆژێك جگە لە ئازار و بێهوايى و نەهامەتى هيچى تر نابينم، توشى نەهامەتى بوين لە دابينكردنى پێداويستى نەخۆشەكان و داوا دەكات ئامێرى هەناسەدان و پێداويستى پزيشكى زياتريان بۆ دابين بكرێت. . ئاماژەى بەوەشداوە: پێويستمان بە پشتگيريە، پێويستمان بە جلوبەرگى پزيشكى و كەمامە و دەستكێشە، پێويستمان بە ئامێرى هەناسەدانە و پێداويستمان بە پانتاييەكى پزيشكى زياترە. . ئەو دكتۆرە هۆشداريش دەدات لەوەى كە تيمە پزيشكيەكان كە لە بەرەكانى پێشەوە شەڕى دژى ڤايرۆسەكە دەكەن قوربانى لە نێوانياندا ڕودەدات، بۆيە پێويستيان بە چاودێرى دەرونى و كۆمەڵايەتى هەيە بەهۆى ئەو كارەساتانەى هەموو ڕۆژێك ڕودەدەن، دەشڵێت " هەموو ڕۆژێك خەڵك دەبينم دەمرن بە ڤايرۆسەكە، كەس لە ئەمريكا پارێزراو نييە لەم پەتايە". . تەنانەت شوێنى جەستەى قوربانيان لە نەخۆشخانەكانيشدا لە تواناى خۆيان زياتر مردويان تێدايە، ئەمەش ئيدارەى پزيشكى شارەكەى ناچار كردوە كە شوێنى هەڵگرتنى جەستەى قوربانيان لە شەقامەكاندا دروست بكات بۆ ئەوەى بتوانن جەستەى ژمارەيەكى زياتر لە قوربانيانى ڤايرۆسەكەى تێدا دانێن. . داواكاريەكانى ئەم پزيشكانە لەكاتێكدايە كە دۆناڵد ترامپ، سەرۆكى ئەمريكا داواى كردوە كە نەخۆشخانەى گەڕۆك و پێداويستى پزيشكى زياتر بنێردرێنە شارى نيويۆرك. . بەپێى بۆچونەكان ڕۆژانى داهاتوو سەختتر دەبن لە نيويۆرك و ولايەتەكانى ترى ئەمريكا، شارەزايان جەخت دەكەنەوە كە هێشتا پەتاكە نەگەيشتوەتە ترۆپكى. . بەپێ دواين ئامار تا ئێوارەى ئەمڕۆ (چوارشەممە) ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە جيهاندا گەيشتوەتە 885 هەزار و 301 كەس، لەو ژمارەيەش 44 هەزار و 214 كەس گيانيانلەدەستداوەو تەنها 105 هەزار و 208 كەس چاكبونەتەوە. .