گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤايرۆسى كۆرۆنا چەند زيانى لە داهاتى نەوتى عێراق داوە؟

عێراق لەمانگى ئاداردا چەند نەوتى فڕۆشتوەو داهاتى چەند بوە؟

2020.04.01 - 16:52
عێراق لەمانگى ئاداردا چەند نەوتى فڕۆشتوەو داهاتى چەند بوە؟
ناس کورد- وەزارەتى نەوتى عێراق ئاشكرايكرد، لە مانگى ئاداردا زياتر لە 105 مليۆن بەرميل نەوتى خاوى فرۆشتوەو داهاتيشى نزيكەى 3 مليار دۆلار بوە. . لەو بارەيەوە عاسم جيهاد، وتەبێژى وەزارەتى نەوت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، كۆى گشتى ئەو نەوتەى لە مانگى ئاداردا لە کێڵگە نەوتيەكانى باشور و ناوەڕاستى عێراق هەناردە كراوە بريتى بوە لە 101 مليۆن و 395 هەزار و 907 بەرميل، هەروەها لە كێڵگە نەوتيەكانى كەركوكەوە 3 مليۆن و 287 هەزار و 439 بەرميل بە بەندەرى جەيهانى توركيدا هەناردە كراوە. . ڕونيشكراوەتەوە، لە كێڵگەى نەوتى گەيارەشەوە 129 هەزار و 41 بەرميل هەناردە كراوەو 290 هەزار و 540 هەزار بەرميليش نێردراوەتە وڵاتى ئەردەن، بەو پێيەش ڕێژەى هەناردەى ڕۆژانە 3 مليۆن و 390 هەزار بەرميل بوە. . بەپێى راگەیەندراوەکە ڕۆژانە 3 مليۆن و 271 هەزار بەرميل نەوت لە بەندەرەكانى بەسڕەوە نێردراون و 106 هەزار بەرميليش لە بەندەرى جەيهانەوە هەروەها 4 هەزار بەرميل لە كێڵگەى گەيارەو 9 هەزاريش بۆ ئەردەن. . عاسم جيهاد ئەوەشى رونكردوەتەوە، كۆى گشتى نرخى يەك بەرميل نەوتى عێراق لە مانگى ئاداردا 28.436 دۆلار بوە، كۆى گشتى داهاتيش گەيشتوەتە 2 ملیار و 988 مليۆن و 711 هەزار دۆلار. . بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا و كەمبونەوەى خواست لەسەر نەوت بەشيێوەيەكى بەرچاو، نرخى نەوت دابەزينێكى زۆرى بەخۆيەوە بينى، ئەو بڕە داهاتەى عێراقيش لەكاتێكدايە كە پێشتر بە هەمان بڕە نەوت داهاتى دوو هێندە بوە. . بەپێى وتەى شارەزايان دابەزينى نرخى نەوت بەو شێوەيە لەوانەيە ببێتە هۆى دروستبونى قەیرانى ئابورى لە عێراقدا، بەڵام تائێستا حكومەت و لايەنە پەيوەنديدارەكان هيچ هەنگاوێكى دياريان نەناوە بۆ ڕێگەگرتن لە قەیرانێکى لەو شێوەيە. .