گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئیسرائیل ڕادارى سەربازى بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەى توشبوانى کۆرۆنا

2020.04.01 - 11:45
ئیسرائیل ڕادارى سەربازى بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەى توشبوانى کۆرۆنا
ناس کورد- وەزارەتى بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ئامێرێکى ڕادارییان پەڕەپێداوە بۆ کارى پزیشکى و لەو ڕێگەیەشەوە دەتوانێت نیشانە دیارەکانى توشبوون بە کۆرۆنا لەدوورى چەند مەترێکەوە ئاشکرا بکات بێ ئەوەى نەخۆشەکە نزیکبێتەوە. . ڕۆژنامەى جیرۆزەلیمى ئیسرائیلى ئاشکرایکردووە، سوپاى ئیسرائیل ئامێرێکى ڕاداریان پەرەپێداوە کە بۆ پاراستنى سنورەکان بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەى بتوانرێت ڤایرۆسى کۆرۆناى پێ ئاشکرا بکرێت. . ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، تیمێکى پزیشکى حاڵەتە کتوپڕەکانى تایبەت بە توێژینەوە و پێشخستن لە وەزارەتى بەرگریی ئیسرائیل ئەو ئامێرەیان پەرەپێداوە و لەگەڵ سیستمى ڕاداراى سەربازیدا گونجانویانە. . بەپێى ڕۆژنامەکە، بیرۆکەکە لەوەوە هاتووە کە لە ڕێگەى ئەو ئامێرە ڕادارییەوە نیشانە دیارەکانى ڤایرۆسەکە دیاریدەکرێت لەڕێگەى چەند سیگناڵێکى کارەباییەوە کە دەتوانێت ترپەى دڵ و پلەى گەرمى لەشى مرۆڤ بپێوێت و لە شاشەیەکەوە پیشانى پزیشکێک بدرێت بێ ئەوەى پەیوەندى بەنەخۆشەکەوە بکرێت و خۆى لەو هۆڵە تایبەتە کە پزیشکەکەى تێدا ئامادە بێت کە ئەمەش مەترىسى پەتاکە دووردەخاتەوە. . ڕۆژنامەکە لەسەر زارى یەکێک لە ئەفسەرانى بەشداربووى ئەو سیستمە ڕادارییەوە ڕایگەیاندووە، یەکخستنى تواناى تەکنەلۆژى بەرگرى و تواناى لەڕادەبەدەرى ئەفسەران بۆ داماڵینى چەک و دووبارە تێکەڵکردنەوەیان وایکردووە بتوانن سیستمە پێشکەوتووەکان لەپێناو پێداویستیە پزیشکیەکانیشاندا بگونجێن لەدژى ڤایرۆسەکە. . باسى لەوەشکردووە، توانیویانە ئەو سیستمە لەگەڵ ڕادار و کامێراکانى گەرمى پێوى لەش بگونجێنن بەشێوەیەک بتوانرێت لەدوورە نیشانە دیارەکانى نەخۆشەکە بخوێنێتەوە. . لاى خۆشیەوە وەزارەتى بەرگرى ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، تاقیکردنەوەیەکى سەرکەوتوویان بۆ ئەو سیستمە کردووە و لەقۆناغى دواتریشدا دیاریکردنى چاودێریکردنى نەخۆشەکان دێت بەپێى پلە بەندى و شیکردنەوەى نیشانە سەرەکییەکانى ئەو پەتایە. . ئەوەشى خستووەتەڕوو، حکومەت لەڕێگەى ئەو ڕادارەوە دەتوانێت پشکنینى توشبوون بەڤایرۆسى کۆرۆنا لەدوورى چەند مەترێکەوە ئەنجامبدات و ئەوەش یارمەتى بەرەوپێشبردنى رێو شوێنە تەندروستییەکان لەدژى ڤایرۆسەکە دەدات. . وەزارەتى بەرگریی ئیسرائیل جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، پلانیان هەیە لەنزیکترین کاتدا ئەو ئامێرە ڕادارییە لەناوەندە پزیشکیەکاندا بەکاربهێنرێت. . بەپێى ئامارە فەرمییەکانى ئیسرائیل، تا ئێستا پێنج هەزار و 358 کەس تووشى ڤایرۆسەکە بوون و 20 کەسیش بەوهۆیەوە لەو وڵاتەدا گیانیانلەدەستداوە.