گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەگەڵ نزیکبوونەوەى هێرشى سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر حەشدى شەعبى

سوپاى پاسداران و بەرپرسانى ئێران هۆشدارى توند دەدەنە ئەمریکا: دوایین هەڵە دەبێت

2020.04.01 - 10:50
سوپاى پاسداران و بەرپرسانى ئێران هۆشدارى توند دەدەنە ئەمریکا: دوایین هەڵە دەبێت
ناس کورد- سوپاى پاسداران و بەرپرسانى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران هۆشدارى توند دەدەنە ئەمریکا لەگەڵ "نزیکبونەوەى" وادەى هێرشى سەربازى بۆ سەر گروپەکانى حەشدى شەعبى هاوپەیمانى ئێران لە عێراق. . هەفتەى ڕابردوو میدیاکانى ئەمریکا بڵاویانکردەوە، پنتاگۆن ئامادەکاریی دەستپێکردووە بۆ هێرشکردنە سەر بارەگاکانى حەشدى شەعبى لە عێراق دواى ئەو هێرشانەى بەم دواییانە بۆ سەر هێزەکانى ئەمریکا ئەنجامیاندا. . موحسن ڕەزایی، سکرتێری مەکۆی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە تویتێکدا نوسیویەتى، "هەر جۆرە هەڵمەتێکی سەربازی ئەمریکا لە عێراق، وەک هێرشی داعش دەبێت، تیرۆر و دەستدرێژی لە قەوارەی دەوڵەت و گرووپ جیاوازیان نییە". . جەختیشیکردووەتەوە، پێویستە ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە ئەگینا خەڵکی عێراق وەدەریان دەنێن. . قسەکانى موحسین ڕەزایی لەو بارەیەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ ڕۆژنامەى ئەخبارى سەر بە حزبوڵاى لوبنانى ئاشکرایکردبوو، کە وادەى هێرشەکەى ئەمریکا بۆ سەر حەشدى شەعبى لە عێراق "نزیکە و فەرماندە سەربازییەکانى عێراق ئاگادارى وادەى هێرشەکەن". . لاى خۆیەوە، سوپاى پاسدارانى ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بچوکترین هەڵەی دوژمنان لە هەر جێیەک دژی کۆماری ئیسلامی، دواهەڵەیان دەبێت و دەبێ بزانێت کە وەڵامە یەکلاکەرەوە و وێرانکەرەکانمان جێی بڕوا نییە و تەنانەت دەرفەتی پەشیمانیان پێ نادات". . هاوکات عەمید یەدوالله جوانى، یاریدەدەرى فەرماندەى سوپاى پاسداران بۆ کاروبارى سیاسی ڕایگەیاند، "هەر پرۆسەیەکى سەربازى ئەمریکا لە عێراق شکستێکى گەورە دەهێنێت، ئەگەر ئەمریکییەکان بیانەوێت کارێکى لەو شێوەیە بکەن، شکستێکى ستراتیژى گەورەترین لەوەى پێشوو تۆماردەکەن". . بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەى ئەخبار، ژمارەى ئامانجەکانى هێرشە چاوەڕوانکراوەکەى ئەمریکا دەگاتە 10 ئامانج کە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون. . هێرشە چاوەڕوانکراوەکە لەکاتێکدایە، ئەمریکا چەند سەربازیەکى بەشێوەیەکى فەرمى ڕادەستى عێراق کردەوە و لەچەند ناوچەیەکیش دەستیکردووە بە دانانى سیستەمى بەرگرى ئاسمانى موشەکى پاتریۆت، بۆ بەرپەرچدانەوەى هەر هێرشێکى موشەکى بۆ سەر بنکە سەربازییەکانى.