گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاوڵاتییان پابه‌ندیشبن

ئه‌مریكا پێشبینی گیانلەدەستدانی 100 بۆ 200 هه‌زار كه‌س دەکات به‌ كۆرۆنا

2020.04.01 - 09:21
ئه‌مریكا پێشبینی گیانلەدەستدانی 100 بۆ 200 هه‌زار كه‌س دەکات به‌ كۆرۆنا
ناس کورد- دیبۆرا بریكس و  ئه‌نتۆنی فاوسی، دوو بەرپرسی باڵای تەندروستی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە ڕایانگەیاند، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاوڵاتییان پابه‌ندیشبن به‌و ڕێوشوێنانه‌ی دژبه‌ په‌تاكه‌ له‌ ئه‌مریكا گیراونه‌ته‌به‌ر، ڕه‌نگه‌ 100 بۆ 200 هه‌زار كه‌س به‌ هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیان له‌ده‌ستبده‌ن. . له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانییدا كه‌ له‌ كۆشكی سپی کە دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكابه‌شداری تێیدا كرد، بریكس و فاوسی پێشبینیه‌كانیان له‌باره‌ی په‌تاكه‌ له‌و وڵاته‌ خسته‌ڕوو. . بریكس له‌ گوتاره‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند، ''ئه‌گه‌ر پابه‌ندی ئه‌و ڕێكاریانه‌شبن كه‌ بڵاومانكردووه‌ته‌وه‌، پێشبینی ده‌كه‌م 100 بۆ 200 هه‌زار كه‌س گیان لەدەستبدەن''. . بریكس جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و هۆشداریه‌نه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ به‌توندی په‌یڕه‌وبكرێت و وتی: ''داری ئەفسانەییمان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌، پێكوته‌ی ئەفسانەیی یان چاره‌سه‌ری ئەفسانەییشمان نییه‌، ته‌نها ده‌توانین به‌ هه‌ڵسوكه‌وتمان به‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشیه‌دا سه‌ركه‌وین''. . لای خۆیه‌وه‌ فاوسی كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا سه‌رۆكی په‌یمانگای هەستیاریی نیشتمانیی و نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كانه‌ لە ئەمریکا ڕایگه‌یاند، ''پێشبینی گیانلەدەستدانی لانیكه‌م 100 هه‌زار كه‌س چه‌نده‌ مایه‌ی نیگه‌رانی بێت هه‌رده‌بێت ئاماده‌بین بۆی. به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ئومێده‌وارین ژماره‌كه‌ نه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌. ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ بگه‌یه‌نین به‌ نزمترین ئاست، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت خۆمان بۆ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ ئاماده‌ بكه‌ین''.