گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێنج شت كە تائێستاش لەسەر كۆرۆنا نايزانين

2020.03.31 - 22:24
پێنج شت كە تائێستاش لەسەر كۆرۆنا نايزانين
ناس کورد- سەرەڕاى ئەوەى زانايان و شارەزايان ڕۆژانە دەيان زانيارى و ڕاپۆرت لەسەر ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ COVID-19 بڵاودەكەنەوە و نهێنيەكانى ئاشكرا دەكەن، بەڵام تائێستاش پێنج پرسيار هەن كە وەڵاميان نييە و پێويستيان بە كاتى زياترە بۆ وەڵامدانەوەيان. . نيشانە جياوازەكان جياوازيەكى زۆر لە نيشانەكانى نێوان توشبووانى ڤايرۆسەكەدا هەيە، بۆچى تەنها نيشانەى سوك لە %80ى توشبواندا دەردەكەوێت، لەكاتێكدا كە ژمارەيەكى زۆر خەڵك بەهۆى هەوكردنى زۆر قورسى سيەكانەوە گيانيان لەدەستداوە. . ليۆن بۆن، لە كۆلێژى پزيشكى هۆنگ كۆنگ دەڵێت: "بەپێى لێكۆڵينەوەكان ئەگەرى هەيە نيشانەكانى نەخۆشيەكە زۆر جياواز بن"، لەلايەكى ترەوە لەو كاتەى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكە لە چين لە ترۆپكدا بوو تيمێكى زانكۆى نانشانگ بەراوردێكى كرد لە نێوان ئەوانەى كە نيشانەى زۆر سوكيان هەيەو ئەوانەى نيشانەكانيان زۆر قورسە و لێكۆڵينەوەكە لە گۆڤارى "دى لانست"ى پزيشكى بەريتانى بڵاوكرايەوە، بەپێى لێكۆڵينەوەكە ئەوانەى نيشانەكانيان زۆر قورسە تەمەنيان زۆر لەوانە زياترە كە نيشانەكانيان سوكە. . بەپێى هەمان لێكۆڵينەوە، ئەوانەى نيشانەى قورسيان تێدا دەركەوتوە سيستمى بەرگريان لاوازترە، ئەوەش بەهۆى تەمەنيانەوە، بەهۆى ئەوەشەوە بڕێكى زۆر ڤايرۆس لە جەستەياندا كۆبوەتەوە. . گواستنەوە لەڕێگەى هەواوە ئەوەى تائێستا ڕوونە ئەوەيە ڤايرۆسى كۆرۆنا لەڕێگەى دەستدان لەو تەنانەوە دەگوازرێتەوە كە بە پرژەى كۆكە و پژمەى كەسانى توشبوو پيسبون، بەڵام ئايا ئەو ڤايرۆسەى لە كەسانى توشبوو يەتە دەرەوە لەڕێگەى پرژەكانيانەوە بە هەوادا دەگوازرێنەوە وەك ئەنفلۆنزاى وەرزى ؟ تائێستا ئەم بابەتە يەكلايى نەكراوەتەوە. . ئەنتۆنى فاوشى، ڕاوێژكارى دۆناڵد ترەمپ بۆ ڤايرۆسى كۆرۆنا و شارەزاى بوارى زانستى بەرگریى جەستە دەڵێت: "ناتوانين بەتەواوەتى ئەو بيركردنەوەيە لەبەرچاو نەگرين كە ڤايرۆسى كۆرۆنا تواناى ئەوەى هەيە كە ماوەيەك ببڕێت بە هەوادا". . بەپێى لێكۆڵينەوەيەكيش كە گۆڤارى "نيو ئينگلاند جۆرناڵ ئۆف مێديسن" بڵاويكردوەتەوە، ڤايرۆسى كۆرۆنا دەتوانێت لە تاقيگەدا بۆ ماوەى سێ كاتژمێر لە هەوادا بمێنێتەوە، بەڵام تائێستا نازانرێت كە ئايا ئەوە هيچ ڕۆڵكى دەبێت لە گواستنەوەى پەتاكە ياخود نا. . لاى خۆشيەوە كارين لاكومپ، سەرۆكى بەشى نەخۆشيیە گواستراوەكان لە نەخۆشخانەى سانت ئەنتوان لە پاريس دەڵێت: "ئايا ڤايرۆسەكە لە دەوروبەرمان هەيە؟ ئايا لە هەوادا يان لەسەر تەنەكان بۆ ماوەيەكى زۆر دەمێننەوە؟ ئەوە ئەو شتەيە كە نايزانين، بەڵام ئەوە دەزانين كە پاشماوەى ڤايرۆسەكە لە هەوادا هەيە، بەڵام نازانين كە ئايا پەتاكە دەگوازێتەوە ياخود نا". . ژمارەى ئەوانەى توشبوون چەندن؟ ئەو پرسيارە بۆ هەموو دانيشتوانى سەر زەوييە كە زياترە لە حەوت مليار كەس، چەنديان توشى ڤايرۆسى كۆرۆنا بوون؟ لە زۆربەى وڵاتانى جيهان ژمارەى ڕاستى توشبووان نازانرێت تەنها لە وڵاتەكانى وەك كۆرياى باشور و ئەڵمانيا نەبێت كە هەڵمەتى پشكنين و ئاشكراكردنى پێشوەخت و گشتيان ئەنجام داوە و ژمارەكان تا ڕادەيەك نزيك لە ڕاستيەوە. . لەلايەكى ترەوە حكومەتى بەريتانيا ژمارەى توشبوانى بە 55 هەزار كەس خەمڵاندوە لەكاتێكدا كە لە ڕێگەى پشكنينەوە توشبوونى كەمترە لە دوو هەزار كەس پشتڕاستكراوەتەوە. . پێويستە بەشێوەيەكى سەرەكى هەوڵى ئەوە بدرێت كە ڤايرۆسەكە بە وردى تا چ ئاستێك بڵاوبوەتەوە و چارەسەرى پێويست بۆ توشبوان بدۆزرێتەوە، هەروەها پێويستە ئەوانە تۆمار بكرێن كە توشبوون و بەرگريان دژى ڤايرۆسەكە پەيدا كردوە، بەڵام ئەوە تا ڕادەيەك ئەستەمە و بە نەوەيەكى نوێى پشكنين نەبێت ناكرێت. . پەيوەندى كەشوهەوا بە چالاكى ڤايرۆسەكەوە؟ ئايا ڤايرۆسى كۆرۆنا لەگەڵ باشبوونى كەشوهەوا لەنيوەى باكورى گۆى زەوى لەناودەچێت؟ ئايا بە گەڕانەوەى وەرزى گەرما لەناودەچێت؟ شارەزايان دەڵێن ئەوە ئەگەرێكە، بەڵام زۆر دڵنيا نين، ڤايرۆسەكانى سيستمى هەناسەدان وەك ئەنفلۆنزا زياتر لە وەرزى سەرما و وشكدا سەقامگيرن ئەوەش دەبێتە هۆى زياتر بڵاوبونەوەى. . بەپێى لێكۆڵينەوەيەكى مامۆستايانى زانكۆ لە شارى هۆنگ كۆنگ، ڤايرۆسى سارس كە لەساڵى 2002 بۆ 2003 لە ئاسيا بڵاوبويەوە و بوەتە هۆى كوشتنى 774 كەس لەهەمان نەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنايە و لەپلەى گەرمى و شێى نزمدا زۆر بەباشى چالاكە. . شارەزايان باس لەوەدەكەن، ئەگەرى هەيە كۆرۆناش هەمان وەڵامدانەوەى بۆ كەشوهەوا هەبێت، بەڵام بەپێى لێكۆڵينەوەيەكى نوێ لە زانكۆى هارڤارد بە تەنها بەرزبونەوەى پلەكانى گەرما و شێ نابنە هۆكار بۆ لەناوچونى ڤايرۆسەكەو پێويستە ڕێوشوێنى تەندروستى تونديش بگيرێتەبەر. منداڵان و كۆرۆنا بەپێى ڕاپۆرتێكى گۆڤارى "نەيچە" تيمێكى چينى تەئكيديان لەوە كردوەتەوە كە منداڵان زۆر كەمتر لە پێگەيشتوەكان ئەگەرى توشبوون بە ڤايرۆسى كۆرۆنايان هەيە، تەنانەت ئەگەر نيشانەكانى ڤايرۆسەكەشيان تێدا دەركەوێت ئەوە زۆر سوك دەبێت. . بەپێى لێكۆڵينەوەكە كە لەسەر 10 منداڵى توشبودا كراوە هيچ كامێكيان هيچ نيشانەيەكى مەترسيداريان تێدا دەرنەكەوتوە، نيشانەكانيان تەنها ئازار لە قورگ و تا و كۆكەيەكى سوك بون، منداڵان دوو هێندە ياخود سێ هێندەى پێگەيشتوان ئەگەريان بە توشبوون بە ڤايرۆسەكە كەمترە، تائێستاش كەس نازانێت هۆكارەكەى چيە، ئەمەش بەهەمان شێوە بوو لەكاتى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى سارس. . سەرەڕاى ئەوەش تائێستا دوو منداڵى ساوا بە ڤايرۆسەكە گيانيان لەدەستداوە، يەكيان لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا و ئەوى تريان لە وڵاتى مەغريب، كارين لاكومپ، سەرۆكى بەشى نەخۆشيە گواستراوەكان لە نەخۆشخانەى سانت ئەنتوان لە پاريس دەڵێت: "چەندين بابەت هەيە كە نايزانين، بۆيە پێويستە زۆر خاكى بين".