گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی: لێرە چاکسازیکردن بووە بە بڕین و کەمکردنەوەى موچە

بۆچوونی یەکێتی لەسەر دەنگۆی کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران

2020.03.31 - 18:10
بۆچوونی یەکێتی لەسەر دەنگۆی  کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران
ناس کورد- شەهرام عەزیز چەند ڕۆژێکە پرسی کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران لە میدیا و تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا گەرمە، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە پشکی دووەمی لە حکومەتدا هەیە دەڵێت، زۆرێک لەو هۆکارانەی لە ڕابردوودا هەبوون بۆ بڕینی موچە ئێستا نین.  . باس لەوە دەکرێت حکومەت دەیەوێت لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییەوە موچەی فەرمانبەران کەمبکاتەوە، ئەو بەرپرسەی یەکێتیش پێیوایە لە هەرێم بە هەڵە لە چاکسازیکردن تێگەیشتوون و دەڵێت، لێرە چاکسازیکردن بووە بە بڕین و کەمکردنەوەی موچە. . فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەوەی باس لە کەمکردنەوە و بڕینی موچەی فەرمانبەران دەکرێت، تائێستا ڕوون نییە و بە فەرمی باس نەکراوە، بەڵام ئێمە ئەوە ڕەتدەکەینەوە و ناکرێت هەموو قورساییەک بخرێتەسەر شانی هاووڵاتیان و فەرمانبەران". . وتیشی، زۆر قورسە حکومەت بگەڕێتەوە بۆ بڕین و پاشکەوتکردنی موچە، چونکە ئەو هۆکارانەی لە ڕابردوودا بوونەهۆی پاشەکەوتکردنی موچە، لەئێستادا هیچیان نین، ئەوکات حکومەت دەیوت بەغدا موچەی بڕیوە، بەڵام ئێستا بەغدا موچە دەنێرێت، ئەوکات دەوترا شەڕی داعش هەیە، ئێستا نییە، ئەوکات وتیان ئاوەرەیەکی زۆر لە هەرێم هەیە، بەڵام ئێستا هیچ یەکێک لەو بیانووانە نین. .     دەربارەی ئەوەی لەڕێگەی یاسای چاکسازییەوە موچەی فەرمانبەران کەمبکرێتەوە، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی ئاماژەی بەوەكرد: "لێرە بەهەڵە لە چاکسازیکردن تێگەیشتوون، وادەزانن چاکسازیکردن تەنها بریتییە لە کەمکردنەوە و بڕینی موچە، بەڵام لە ڕاستیدا بەوشێوەیە نییە، چاکسازیکردن زۆر بواری دیکەی کارگێڕی و یاسایی و بواری دیکە دەگرێتەوە، نەک تەنها بڕینی". .  "بۆیە ئەگەر چاکسازیکردن تەنها بڕینی موچە بێت، ئەوە لە چاکسازیکردن دەردەچێت و دەبێت شتێکی دیکەی ناو بنێین"، ئەسەسەرد وای وت. . ئەسەسەرد ڕوونیشیکردەوە: "تائێستا هیچ بڕیارێکی فەرمیمان نییە لەوبارەیەوە، حکومەت خۆشی بەرچاو ڕوون نییە لەوەی چیبکات و بەچ شێوەیەک ئەو دۆخە تێپەڕێنێت تیمی یەکێتیش لە حکومەت هێشتا هیچیان بە ئێمە نەوتووە، ئێمە بەدڵنیاییەوە پێمانوایە نابێت باری شانی هاووڵاتیان قورس بکرێت و بەرگری لە مافی هاووڵاتیان دەکەین و پێمانوایە هەر بڕیارێک بدرێت دەبێت لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دابەزینی نرخی نەوت لەبەرچاو دەگرین کە کێشەیەکی گەورەیە بۆ هەرێم و عێراق". . ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای دابەزینی نەرخی نەوت، حکومەتی هەرێم بڕیاریدا پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و باس لەوە دەکرێت، حکومەت دەیەوێت لەڕێگەی یاساکەوە دەرماڵەی فەرمانبەران کەمبکاتەوە، ئەوەش بووەتە جێگەی ڕەخنە و ترسی لای هاووڵاتیان دروستکردووە.