گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وادەى هێرشەکە نزیکە

ڕۆژنامەى حزبوڵا: فەرماندە عێراقییەکان ئاگادارى وادەى هێرشەکەى ئەمریکان بۆ سەر گروپە چەکدارەکان لە عێراق

2020.03.31 - 13:06
ڕۆژنامەى حزبوڵا: فەرماندە عێراقییەکان ئاگادارى وادەى هێرشەکەى ئەمریکان بۆ سەر گروپە چەکدارەکان لە عێراق
ناس کورد-   دوور لە گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومەت لەلایەن عەدنان زورفییەوە، زانیاری و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە عێراق لەبەردەم قۆناغێکى نوێی پێکدادانى نێوان ئەمریکا و گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێراندایە، بەتایەت کە ئەمریکا نیازى خۆى بۆ هەڵمەتێکى سەربازى لەو شێوەیە دزەپێکردووە. . بەپێی ڕۆژنامەى ئەخبارى سەر بە حزبوڵاى لوبنانى، سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکان و چەند سەرچاوەیەکى دیکە کە پەیوەندى ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە بەسەرۆکایەتى واشنتن، باسیان لەوەکردووە کە ئەمریکا لەچەند کاتژمێرى ڕابردوودا بڕیاریداوە بە لێدان لەو بارەگایانەى رێکخراوى بەدر و عەسائیبى ئەهلى حەق و بزوتنەوەى نوجەبا و کەتائیبى حزبوڵاى عێراق کە موشەکیان تێدا هەڵگیراوە. . بەوتەى سەرچاوەکان، ژمارەى ئامانجەکان دەگاتە ١٠ ئامانج، کە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون، بەشێک لە فەرماندە سەربازییە عێراقیەکانیش ئاگادارى وادەى هێرشەکانن. . سەرچاوەکان دەڵێن وادەى هێرشەکان نزیکە، ئەمریکییەکان ڕەتیان کردووەتەوە کە پابەندى داواى عەبدولمەهدى بن بۆ هێورکردنەوەى دۆخەکە یان ئاگادارکردنەوەى لەوادەى هێرشەکان، بە پێچەوانەى مامەڵەى واشنتن لەگەڵ بەشێک لە فەرماندە سەربازییەکان، ئەوەش عەبدولمەهدى نیگەران کردووە و ناچاریکردووە بەیاننامەیەکى توند دژى گروپەکان و ئەمریکاش دەربکات. . عەبدولمەهدى هێرشەکانى بۆ سەر بنکە سەربازییە عێراقییەکان و نوێنەرایەتى وڵاتانى بیانى بە سنور بەزاندنى سەروەرى عێراق ناوبردووە. . ئەو دۆخە هاوکاتە لەگەڵ دوبارە رێکخستنەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان و ڕادەستکردنى چەند سەربازگەیەک بە عێراق، بە پاساوى ترس لە بڵاوبونەوەى کۆرۆنا لەناو سەربازەکاندا، بەڵام راستییەکە بەوتەى زیاد لە سەرچاوەیەکى ئەمنى، هەوڵى هاوپەیمانانە بۆ دورخستنەوەیان لەهەر مەترسییەک لە عێراق و هێرشکردنە سەریان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، ئەوەش بەپێی ڕۆژنامەى ئەخبار. . پێشتر سەرچاوەیەکى ئەمنى باڵا ڕایگەیاندبوو، کشانەوەکە پێش هێرشەکەى ئەمریکایە بۆ سەر بارەگاکانى گروپەکانى هاوپەیمانى ئێران. .