گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

11 حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە هەرێم تۆمار کرا

2020.03.30 - 21:00
11 حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە هەرێم تۆمار کرا
ناس کورد- وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 11 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکران و ژمارەى گشتیی توشبووانیش لە هەرێم گەیشتە 161 توشبوو. . سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، "ئەمڕۆ 11 تووشبووی پۆزەتیف هەبووە کە شەشیان لە هەڵەبجە و دەوروبەری بووە و هەموویان بەرکەوتەی پێشوو بوون، چواریشیان لە سلێمانی بووە و یەکێکی دیکەشیان لە دەربەندیخان". . وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بانگەوازێکى بەپەلە ئاڕاستەى ئەو کەسانە دەکات کە پێش ١٥ى شوبات گەشتى دەرەوەى وڵاتیان کردووە و پشکنینیان بۆ نەکراوە و داوادەکات پەیوەندى بە سەنتەرەکانى پشکنینى کۆرۆناوە بکەن. . وەزارەتەکە لە بانگەوازەکەدا ئاماژەى بەوەکردووە "ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانە دەکەینەوە کەوا پێشتر گەشتی دەرەوەی وڵاتیان کردووە لە 2/15 تاوەکو ئێستا جگە لەوانەی کەرەنتین کراون یان پشکنینیان بۆ کراوە بەزووترین کات و بەپەلە پەیوەندی بە هێڵی گەرم ژمارە 122 یان سەنتەرەکانی کۆرۆنا بکەن بۆ پشکنینی تاقیگەیی". . جەختیشیکردووەتەوە، بانگهێشتکردنى ئەو کەسانە  تەنها بۆ پشکنین و بەرژەوەندی ئەو کەسانە و کەسوکاریانە، بەپێچەوانەوە هەر هاووڵاتیەکی گەڕاوە لە دەرەوەی وڵات لە ماوەی دیاریکراودا پشکنینی تاقیگەی نەبێت رێککاری یاسایی بەرامبەر وەردەگیرێت.