گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێک هۆکاری نەبوونی دانوستان لەنێوان کورد و عەدنان زورفی ئاشکرا دەکات

2020.03.30 - 17:27
پەرلەمانتارێک هۆکاری نەبوونی دانوستان لەنێوان کورد و عەدنان زورفی ئاشکرا دەکات
ناس کورد- پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، ڕانەگەیاندنى هەڵوێستى لایەنە کوردییەکان لەبارەى عەدنان زورفیەوە پەیوەندى بە یەکلانەبوونەوەى هەڵوێستى لایەنە شیعییەکانەوە هەیە، جەختیشدەکاتەوە کە "کورد لەخۆیەوە زورفى ڕەتناکاتەوە". . ماوەى 13 رۆژە عەدنان زورفى لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ پێکهێنانى حکومەت ڕاسپێردراوە لەماوەى 30 ڕۆژدا، بەڵام تائێستا کورد هیچ هەڵوێستێکى لەبارەیەوە ڕانەگەیاندووە، لەکاتێکدا پێشتر چووە پاڵ بەرەى دژ بە محەمەد تۆفیق عەلاوى کە نەیتوانى متمانەى پەرلەمان بۆ کابینەکەى مسۆگەر بکات. . بەهار مەحمود، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق کە هاوکات ئەندامی شاندى لایەنە کوردییەکان بوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "بەهۆى یەکلانەبوونەوەى هەڵوێستى شیعەوە کورد هەڵوێستى ڕانەگەیاندووە، تا شیعەکان یەکلانەبنەوە قورسە کوردیش خۆى یەکلایی بکاتەوە". . ڕاسپاردنى زورفى بۆ پێکهێنانى حکومەت، دواى ئەوەهات کە لایەنە شیعییەکان نەیانتوانى لەسەر کاندیدێک ڕێبکەون، لە ئێستاشدا ئەو لایەنانە ناکۆکن لەسەر زورفى و بەشى زۆریان دژى ڕاسپاردنی وەستاونەتەوە. . بەهار مەحمود وتى، "لەسەر هەر کەسێک کە بۆ سەرۆکوەزیران ڕابسپێرێت لایەنە کوردییەکان پێکەوە هەڵوێستیان دەبێت و جیاوازیمان نییە لەو بارەیەوە، ئەوەى بەلاى ئێمەوە گرنگە پاراستنى مافەکانى کورد و شایستەى دارایی هەرێم و مافى جوتیاران و ماددەى 140 و پرسەکانى دیکەى پەیوەست بە هەرێمە". . عەدنان زورفى تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکى بەرانبەر هەرێم و لایەنە کوردییەکان دەرنەبڕیوە، تەنها لە خاڵێکى کارنامەى کارکردنیدا باسى ئەوەیکردووە کە کاردەکات بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا. . دیار نییە زورفى دەستپێشخەرى دەکات بۆ دانوستان لەگەڵ کورد یان نا، لەکاتێکدا بەوتەى پەرلەمانتارێکى هاوپەیمانى فەتح کورد ئەنجامدانى دانوستانى لەگەڵ زورفى ڕەتکردووەتەوە، دواى ئەوەى بۆی دەرکەوتووە کە شیعەکان کۆدەنگ لەسەر ڕەتکردنەوەى. . بەڵام بەهار مەحمود دەڵێت، "کورد لەخۆیەوە زورفى ڕەتناکاتەوە، ئەگەر دەستپێشخەری بکات پێویستە گفتوگۆى لەگەڵدا بکرێت". . تا ئێستا دیار نییە زورفى کە ئەندامى پەرلەمانى عێراقە، لەو ماوەیەى کە لەبەردەمیدا ماوە دەتوانێت کابینەکەى پێکبهێنێت و دەنگى پێویست بۆ تێپەڕاندنى لە پەرلەمان تێپەرێنێت، یاخود هەمان چارەنوسى محەمەد تۆفیق عەلاوى دەبێت و لەو ئەرکە دەکشێتەوە. . بەوتەى بەهار مەحمود، ئەوەى تا ئێستا لە ئارادایە دەریدەخات کە زورفى تاکە دەرچەى دەربازکردنى کابینەکەى ئەوەیە، لە دەرەوەى حزبەکان و لەناو پەرلەمانەوە حکومەتەکەى دەرباز بکات، ئەگینا لەسەر ئاستى حزبەکان ئاسان نییە کۆدەنگى بەدەستبهێنێت.