گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچی توشبووانی كۆرۆنا هەستی بۆنكردن لەدەستدەن؟ 

2020.03.30 - 15:03
بۆچی توشبووانی كۆرۆنا هەستی بۆنكردن لەدەستدەن؟ 
ناس کورد-   بەگوێرەى نوێترین تویژێنەوەی ئەمریكی، ڤایرۆسی کۆرۆنا كاریگەری بۆ سەر ئەندامێكی تری هەناسەدان هەیە كە لووتە و هەستی بۆنكردنی مرۆڤ پەكدەخات دەكرێت وەكو نیشانەیەكی توشبوون بەنەخۆشیەكەش بزانرێت، بەڵام ئەو كارە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیەوە پشتڕاستنەكراوەتەوە. . ژمارەیەك توێژەری كۆلێژی پزیشكی زانكۆی هارڤارد توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە و تیایدا ئاماژەیان بەوە کردووە، بەپێی نەخشەی ژەنەتیكی مرۆڤ و مشك، چەند خانەیەكیان لەبەشی پشتەوەی لووت هەیە كە پێكهاتووە لەپڕۆتینی جیاواز و كۆرۆنا دەیكاتە ئامانج بەمەبەستی چوونە لاشەی مرۆڤەوە ئەوەش بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لەهەستی بۆنكردندا. . پزیشكان  لەسەر زاری چەند توشبوویەكەوە باسیان لە سەرهەڵدانی ئەو نیشانانە كردووە كە بەشێوەیەكی گشتی یان كەمتر كتوپڕ هەستی بۆنكردن و چەشتنیان لەدەستداوە. . ئەكادیمیای پزیشكی ئەمریكا بۆ قوڕگ و لوت و گوێ، ئەوەی ڕاگەیاند، چەند حاڵەتێكی ناسراو لەڕووی پزیشكیەوە لەوانە لەدەستدانی بۆنكردن و بوونی گرفت لەبۆنكردندا، دوو نیشانەن پەیوەندیان بە پەتای كۆرۆناوە هەیە. . بەپێی ئاژانسی بلۆمبێرگ ئەو ئەكادیمیە پێشنیاری كردووە، ئەو نیشانەش بۆ لیستی نیشانەكان لەكاتی پشكنینی كۆرۆنادا زیاد بكرێت. . ئەكادیمیا ئەمریكیەكە ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، گەر هاتوو كەسانێك بەبێ هۆكارێكی زانراو تووشی ئەو نیشانەیە هاتن ئەوا دەبێت بیر لەكەرەنیتنەكردنی خۆیان و ئەنجامدانی پشكیننی توشبوو بەپەتاكە بكەن. . دەیڤید بران و ساندریب ڕۆپرت كە مامۆستان لە بەشی دەمار لە كۆلیژی پزیشكی هارڤارد دەڵێن، هەوكردن لە بۆشاییەكانی لووت بەهۆی پەتاكەوە بەربەست لەبەردەم هەستی بۆنكردندا دروست دەكات و ئەگەری ئەوەش هەیە ڤایرۆسەكە زیان بەخانەكانی پشتەوەی بۆنكردن بگەیەنێت و بەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر  فەرمانەكانی ئەندامەكانی لاشە دروست بكات. . توێژەران باسیان لەوەش كردووە، لەدەستدانی هەستی بۆنكردن شوێنەوارێكی باش بەجێ دەهێلێت بۆ پاڵپشتی پشكنین و دیاریكردنی لێكەوتەكانی ڤایرۆسەكە. . وتوشییانە ئەو نەخۆشانەی كە تووشی تێكچوونی فەرمانی بۆنكردن دەبنەوە، ئەگەری توشبوونیان بەكێشەی پەككەوتنی خۆراكی و ڕوبەڕووی كێشەی تریش ببنەوە بەهۆی ئەوەی ناتوانن بۆنە خراپەكان بناسنەوە، وەكو بۆنی دوكەڵ و گاز و خۆراكی بۆگەن و هەروەها ئەگەری توشبوونیان بە شڵەژانە دەروونیەكان بەتایبەتی خەمۆكی هەیە. . ئەو پرسە هێشتا بەلای ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیەوە پشتڕاستنەكراوەتەوە و ئەو ڕێكخراوە دەڵێت، ناتوانرێت لەوە دڵنیاببنەوە كە بەڵگەیەكی باوەڕ پێكراوە و ئەو نیشانەیە بەتەواوەتی دەتوانێت بوونی نەخۆشیەكە و تووش بە كۆرۆنا بسەلمێنێت. .