گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توێژینەوەکان لەو بارەیەوە گەیشتوون بە چى؟

ئایا دەرمانى مەلاریا چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا دەکات؟

2020.03.29 - 22:56
ئایا دەرمانى مەلاریا چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا دەکات؟
ناس کورد-   راى گشتى لەجیهاندا سەرقاڵە بە بەدواداچوون بۆ دوایین پێشهاتەکان لەبارەى بەکارهێنانى دوو دەرمان بۆ توشبووانى کۆرۆنا و یارمەتیدانى چاکبوونەوەیان، تا ئێستاش بۆچونى زانستى لەو بارەیەوە یەکلانەبووەتەوە، هەندێک توێژینەوە کارایی هەردوو دەرمانەکە دەسەلمێنن، هەندێکى تریش ڕەتیدەکەنەوە. . لە ئێستادا لە ژمارەیەک وڵات هەردوو دەرمانى کلوروکین و هیدروکسى کلوروکین تاقیدەکرێنەوە، بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا، بەڵام چی دەزانن لەبارەى ئەو دوو دەرمانە و تاقیکردنەوەکان و توێژینەوە و بەکارهێنانیانەوە؟ . کلوروکین چییە؟ کلوروکین کە لە پێکهاتەى دارى کینا دروستکراوە، چەندین سەدەیە بۆ چارەسەرى مەلاریا بەکاردەهێنرێت، چەندین ناوى جیاجیاى هەیە بەپێی وڵاتان و کۆمپانیاکانى دروستکردنى دەرمان، وەکو نیفاکین و ریزوکین. هەروەها هیدروکسى کلوروکین کە پێکهاتەیەکە لە کلوروکین، لە فەڕەنسا بەناوى  بلاكينيل ناسراوە، بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرى هەوکردن. . بۆچى هیوابەخشە؟ بەپێی ئاژانسى فرانس پرێس، لەبەرئەوەى هێشتا دیار نییە کەى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا دروستدەکرێت، زانایان سەرقاڵى تاقیکردنەوەى ئەو دەرمانانەن کە لەبەردەستن و تێکەڵیان دەکەن، بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە زوترین کاتدا، بۆ پەتاى کۆرۆنا کە جیهانى گیرۆدە کردووە. هەردوو دەرمانى کلوروکین و هیدروکسى کلوروکین بەشێکن لەو دەرمانانە، لەبەرئەوەى لەبەردەستن و نرخیشیان هەرزانە کە دژە ڤایرۆسن و چەندین تاقیکردنەوەیان لەسەر کراوە. . مشتومڕێکى زانستى یەکلانەکراوە تا ئێستا سێ توێژینەوە کراوە لەو بارەیەوە، یەکێکیان چینى و دوانیان فەڕەنسییە، کە دەرەنجامى ئەرێنیان هەبووە لەبارەى تاقیکردنەوەى ئەو دوو دەرمانەوە بۆ توشبوانى کۆرۆنا. تاقیکردنەوەکەى چین ١٣٤ کەسی گرتووەتەوە لە نەخۆشخانە جیاجیاکان، دەرکەوتووە كلوروكين کاریگەرى ئەرێنى هەیە، لە فەڕەنسا پرۆفیسۆر دیدییە راول تاقیکردنەوەى لەسەر هەردوو دەرمانەکە کردووە، بەبەکارهێنانى تێکەڵەیەک لە هيدروكسي كلوروكين ئزيترومايسين کە دژە بەکتریایە و دەرکەوتووە بەکارهێنانى ئەو دەرمانانە کارایە بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا. . بەڵام زۆرێک لە زانایان کە بەشێکیان لە رێکخراوى تەندروستى جیهانین، بە هۆشداریەوە باسى ئەو دوو توێژینەوەیە دەکەن و جەختدەکەنەوە کە دەبێت ئەو جۆرە توێژینەوانە بە لەبەرچاوگرتنى بنەما زانستییەکان بکرێن و ئەنجامەکەى لە گۆڤارى زانستى بڵاوبکرێتەوە دواى ئەوەى بەشێوەى سەربەخۆ پێداچونەوەى پێدا دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا توێژینەوەیەکى دیکەى چین کە لە شەشى ئادار ئەنجامەکەى بڵاوکرایەوە، ئاڵۆزى زیاترى ئەو پرسە دەردەخات، بەتایبەت کە  توێژینەوەکە نەگەیشتە ئەو دەرەنجامەى کە دەرمانەکان کاریگەرن دواى ئەوەى لەسەر ٣٠ توشبوو تاقیکرانەوە. . مەترسی و کاریگەرى لاوەکى دیارترین بەربەست لەبەردەم ئەم دوو دەرمانەدا و بەکارهێنانیان بۆ توشبووانى کۆرۆنا، کاریگەرى لاوەکى دەرمانەکانە بۆ سەر جەستەى مرۆڤ، بەتایبەت کە هەندێ ناوەندى زانستى و تەندروستى هۆشداریدەدەن لەوەى پەلە نەکرێت لە پشتبەستن بەو دەرمانانە. کاریگەرییە لاوەکییەکان بریتین لە، رشانەوە و ئازارى جەستەیی و زیانگەیاندن بە چاو، سەرەڕاى ئەوەى بەوتەى شارەزایان زیادەرۆیی لە بەکارهێنانى، نەک مەترسیدارە بەڵکو دەبێتە هۆى مردن. . تا ئێستا چەند بەکارهێنراوە؟ بەشێک لە پزیشک و وڵاتان داوا دەکەن وەسفى ئەو دەرمانە بکرێت بۆ ئەوەى بۆ توشبووان بەکاربهێنرێت، لەکاتێکدا دۆخى تەندروستى لەسەر ئاستى جیهان رووى لە خراپى کردووە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا بە حەماسەوە دەرمانەکەى بە "دیارییەک لە ئاسمانەوە" ناوبردووە، هەروەها یۆنانیش دوبارە دەستیکردووەتەوە بەبەرهەمهێنانى، مەغریبیش تاوتوێی بەکارهێنانى دەکات وەک چارەسەر. بەڵام هەندێک دەنگ لە ناوەندى زانستى و بەشێک لە رێکخراوە تەندروستییەکانەوە داوادەکەن ئەو پرسە دوابخرێت، تا گەیشتن بە ئەنجامى دڵنیاکەرەوە بەپێی توێژینەوەى زانستى. . لە ئەوروپا چارەسەرى توشبووان بەناوى "ديسكوفري" دەستیپێکردووە، بە بەکارهێنانى چوار دەرمان کە یەکێکیان هيدروكسي كلوروكينە کە لەسەر ٣٢٠٠ نەخۆش لەچەندین وڵات تاقیکراونەتەوە. هەروەها لە ئەمریکا، تاقیکردنەوەیەکى بەرفراوان ڕۆژى سێشەممە لە نیۆیۆرک دەستیپێکردووە. رێکخراوى تەندروستى جیهانیش تاقیکردنەوەیەکى نێودەوڵەتى گەورەى دەستپێکردووە. . لە چاوەڕوانى ئەنجامەکاندا، هەندێک وڵات بە هۆشدارییەوە مامەڵە دەکەن، فەڕەنسا رێگەیداوە بەبەکارهێنانى هيدروكسی كلوروكين لەگەڵ هەردوو دەرمانى  ليبونافير وريتونافير کە دژە ڤایرۆسن، بەڵام تەنها بۆ ئەو توشبووانەى کە دۆخیان مەترسیدارە. .