گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێم دژی نەخۆشی سیل کوتراون، پەیوەندی بەوەوە هەیە؟

هۆکاری بەهێزی بەرگریی لەشی هاوڵاتیانی کورد بەرامبەر کۆرۆنا چییە؟

2020.03.29 - 14:54
هۆکاری بەهێزی بەرگریی لەشی هاوڵاتیانی کورد بەرامبەر کۆرۆنا چییە؟
ناس کورد- شەهرام عەزیز پاش ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم و چاکبوونەوەی بەشێکی زۆر لە توشبووان، تائێستا ئەوەی تێبینی کراوە جێگیری تەندروستیی توشبووانە و هەندێک دەنگۆ هەیە کە هۆکارەکەی ئەوەیە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانی هەرێم دژی نەخۆشی سیل "کوتراون". . پزیشکێکی پسپۆڕی کۆرۆنا ئەوە ڕەتدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان کوتان دژی سیل و بەرگریی بەرامبەر کۆرۆنادا هەبێت، دەشڵێت، پلانیان هەیە و لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەست دەکەن بە توێژینەوە لەسەر هۆکاری بەهێزی بەرگریی لەشی هاووڵاتیانی هەرێم بەرامبەر کۆرۆنا. . کوتان دژی سیل و بەهێزی بەرگریی لەشی نەخۆشانی کورد بەرامبەر کۆرۆنا

دکتۆر زانا حەمید، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا و پسپۆڕ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی بڵاوبوونەتەوە کە گوایە هۆکاری بەهێزی بەرگریی لەشی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم بەرامبەر ڤایرۆسەکە و جێگیری تەندروستییان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بە زۆرێک لە هاووڵاتیانی کورد بە منداڵی دژی نەخۆشی سیل کوتراون، ڕاست و زانستی نین". . وتیشی: "سیل بەکتریایە و کۆرۆنا ڤایرۆسە، ئەو دوو شتە زۆر جیاوازن، تەنانەت ئەگەر ڤاکسینێک هەبێت بۆ بەرزکردنەوەی بەرگریی لەش دژی نەخۆشییەک کە زۆر لە کۆرۆناوە نزیک بێت، هەر سودی نابێت، بچوکترین جیاوازی ڤاکسینەکە دەگۆڕێت". . ئەو پسپۆڕەی کۆرۆنا ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوە سوپاسی خوای دەوێت کە نەخۆشانی کۆرۆنا لە هەرێم تائێستا بەوشێوەیەن و تەندروستییان زۆر باشە، دەکرێت هەندێک هۆکاری دیکە هەبن بۆ ئەوە، بەڵام تائێستا نازانرێت هۆکارەکەی چییە". .

توێژینەوە لەوبارەیەوە دەکرێت

دکتۆر زانا حەمید باسی لەوەکرد: "لەئێستادا هەندێک بابەتی توێژینەوە ئامادەکراوە لەبارەی کۆرۆناوە لەلایەن کۆمەڵێک پزیشکی پسپۆڕ و مامۆستای زانکۆوە، یەکێک لە بابەتەکان توێژینەوەیە لەسەر هۆکاری بەهێزی جەستەی هاووڵاتیانی هەرێم بەرامبەر کۆرۆنا". . ڕونیشیکردەوە، پێدەچێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەست بە کارەکانیان بکەن لەوبارەیەوە و سود لەو ئەزمونانە ببینن کە ئەوان هەیانبووە لەگەڵ نەخۆشەکاندا و هەروەها توشبووانیش هاوکاریان بکەن لە توێژینەوەکاندا بۆ ئەوەی توێژینەوەکانیان لەسەر بکرێت. . دەربارەی ئەوەی توێژنەوەکە کەی تەواو دەبێت، ئەو پسپۆڕەی کۆرۆنا لە هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، توێژینەوە کاتێکی زۆری دەوێت و ئاسان نییە بەتایبەت توێژینەوەی زانستی و پزیشکی، بۆیە نازانن چەندیان پێویست دەبێت بۆ ئەو کارە. . تائێستا لە هەرێمی کوردستان 128 حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە دوو کەس گیانیانلەدەستداوە کە نەخۆشی دیکەیان هەبووە و 55 کەسیش لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.