گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێمی کوردستان؛ بۆ هەر 100 هەزار کەسێک پێنج قەرەوێڵەی تایبەت بە نەخۆشی کۆرۆنا هەیە

2020.03.29 - 12:43
هەرێمی کوردستان؛  بۆ هەر 100 هەزار کەسێک پێنج قەرەوێڵەی تایبەت بە نەخۆشی کۆرۆنا هەیە
ناس کورد- شەهرام عەزیز لەئێستادا هەرێمی کوردستان وەک هەموو وڵاتانی جیهان بە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تێپەڕدەبێت و تائێستا 128 حاڵەتی ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە. ، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بە پێنج ملیۆن کەسیش بخەمڵێنین، ئەوا بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێم بۆ هەر 100 هەزار کەسێک پێنج قەرەوێڵەی تایبەت بە نەخۆشانی کۆرۆنا هەیە. ، لە سەرەتای مانگی ئادار یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم تۆمارکرا و تائێستا 128 کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، ئەوەی جێگەی نیگەرانی هاووڵاتیانی هەرێمە باسکردنە لە کەمی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لە هەرێم، بەتایبەت کە لەماوەی ڕابردوودا بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەی پشتڕاستکردەوە. ،   محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەئێستادا لە هەرێم 70 بێدی ئاست مامناوەندمان هەیە بۆ ئەو توشبووانەی کۆرۆنا کە پێویستیان بە چاودێری ورد هەیە، واتە ئەگەر بەرامبەر ژمارەی دانیشتووان، بۆ هەر 100 هەزار کەسێک پێنج بێد هەیە، کە هاوتایە لەگەڵ هەندێک وڵاتی وەک پێشکەوتوو". ، دەربارەی ئەوەی حکومەت پلانی نییە، ئامێری هەناسەدانی دەستکرد بکڕێت، ئاماژەی بەوەکرد: "لەئێستادا و بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا نەخێر، بەڵام وەک پلانی گشتیی وەزارەتی تەندروستی و هەر پێش هاتنی کۆرۆناش داوامانکردووە ژمارەی زیاتر دابین بکەن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانمان بەشێوەیەک گونجاو". ، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی باسی لەوەشکرد: "بۆ ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم ئەوە زۆر پێویست نییە، چونکە لەئێستادا ژمارەکان هێندە زۆر نین و بەپێی ئامارە جیهانییەکانیش لەهەر 100 توشبوویەکی کۆرۆنا پێنج کەس پێویستی بە چاودێری ورد و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە". ، بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی جیهان، تا ئەمڕۆ یەکشەممە، 668 هەزار و 351 کەس توشی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 31 هەزار کەسیش گیانیانلەدەستداوە، هاوکات نزیکەی 143 هەزار توشبووی ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە کە هەرێمی کوردستانیش لە ژمارەی چاکبووەواندا لەپێشەوەی زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندایە و تائێستا لەکۆی 128 توشبوو، 51 کەس چاکبوونەتەوە