گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مورتەزا لاخانی کێیە؟

عەلی حەمەساڵح: سەرۆکی حکومەتم لە مەترسییەکانی مورتەزا لاخانی ئاگادارکردەوە گوێی لێ نەگرتم

2020.03.28 - 18:27
عەلی حەمەساڵح: سەرۆکی حکومەتم لە مەترسییەکانی مورتەزا لاخانی ئاگادارکردەوە گوێی لێ نەگرتم
ناس کورد- سەرۆکی فراکسۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لە ساڵی 2015دا سەرۆکی حکومەتی لە مەترسی و دۆسییەکانی مورتەزا لاخانی ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام وەڵامی نەدراوەتەوە و نامەکە پشتگوێ خراوە، دەشڵێت، ئێستا ئاشتی هەورامی زیاتر لە لەندەنە و نەهامەتی کارەکانیشی بۆ خەڵک بوو. . عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە: "سەرەتایی 2015 ناوێک کەوتە بەرگوێم، ئەوەی نەوتی کوردستان دەفرۆشێت ئەوە، نەک ئاشتی ھەورامی، ئەویش "مورتەزا لاخانی" بەڕەگەز پاکستانییە". . ئاماژەی بەوەشکردووە: "وتم: واتە ئەوەی دەڵێن ئاشتی ھەورامی زیرەکەو بازاڕی نەوتی جیھانی دەناسێت، راست نیە، وتیان: نا ئەم پیاوەیە و بە بازرگانیە گوماناویەکانی مەشھورە، خۆشی قازانجێکی زۆر دەکات! ڕووبکاتە ھەرکوێ وێرانی دەکات، سەرەتا کڕیار و پارە دێنێت، دواتر ئەو ناوچە زەلیل دەکات و بەجێی دەھێڵێت! وتم چۆن: نەوتی ساڵانی ئایندە دەفرۆشێت بەپارەیەکی ھەرزان و خۆی بەشێکی دەبات، بەڵام تاوەکو چەندین ساڵ ئەو شوێنە زەلیل دەکات". . عەلی حەمەساڵح کە ئەندامی خولی پێشووش بووە لە پەرلەمانی دەڵێت: "ئەو بابەتەم کردە نامەیەک و لە 1ی ئەیلولی 2015 ناردم بۆ سەرۆکی حکومەت، بەڵام وەڵامی نەدامەوە و ئەوانیتر وتیان، لە ئاشتی هەورامی باشتر نازانێت". . سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکردووە: "من چاوڕێی وەڵامی سەرۆکی حکومەتم دەکرد، بەڵام وەڵام نەبوو، مورتەزا ھەر بەردەوامبوو، دواتر وترا لە ھێنانی ڕوسنەفت و فرۆشتنی بۆری نەوتی کوردستان و دۆسیەیەک یەک ملیار دۆلارەکەی لوبنان و 250 ملیۆن دۆلارەکەی روسنەفتیشدا ھەیە". . "لەسەر ئەم دۆسیەی مورتەزاو دۆسیەی خێزانەکەی ئاشتی ھەورامی کە وروژاندم و دام بەدادگا، دۆسیەکە ئەمە بوو: خێزانی ئەوکاتی ئاشتی ھەورامی ھەموو مانگێک 30 ھەزار تەن نەوتی ڕەشی لە سامانە سروشتیەکان وەردەگرت، دەیوت: بۆ کارگەی قیری زیپۆیە! کارگەی قیر بونی نەبوو، نەوتەکەی لە بازاڕی رەشدا دەفرۆشتەوە و مانگی چەندین ملیۆن دۆلاری دەخستە باخەڵی، چەندین جار چومە دادگا، 20 بەڵگەی سەلمێنەرم ھەبوو ئێستاش ھەمە، بەڵام لە 2019دا دادگا دۆسییەکەی داخست"، عەلی حەمەساڵح وادەڵێت. . ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لەسەر ئەم دوو دۆسیە، ھەڕەشەو حەملەی بێویژدانانە بەرامبەرم دەستی پێکرد، ئاشتی ھەورامی ھاتە سەر تەلەفزیۆن دەیوت: عەلی داوای پاڵاوگە دەکات، رۆژێ تر دەیوت: داوای نەوت دەکات نایدەینێ، زۆر ھەوڵمدا گوێ لەمن نەگیرا، مورتەزا پارەیەکی ئێجگار زۆری دەستکەوت، ھەرێمی کوردستان تووشی زیان بوو، نەوتی 2022شی فرۆشت". . لە کۆتایی نوسینەکەیدا عەلی حەمەساڵح نوسیویەتی: " ئاشتی ھەورامی، زیاتر ئێستا لە لەندەنە و مورتەزاش ئیشی وای بە کوردستان نەماوە، نەھامەتیەکەش بۆ ئێمە بوو، پرسیار ئەوەیە: ئایا مورتەزا بەتەنیا ئەمەی کرد؟ پارەکان بۆ کێی تربوو؟". . ئەمە لەکاتێکدایە لەدوای هەڵدانەوەی ئەم دۆسیەیە، دوێنێ هەینی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی وەڵامدانەوەیەکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، ڕەتیکردەوە هیچ دۆسییەیەکی لەوشیوەیە بوونی هەبێت.