گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو کەسى نزیکى نیشانەیان هەیە و ڕەوانەى نەخۆشخانە کران

زانیارى نوێ لەسەر توشبووە نوێیەکەى کۆرۆنا لە هەڵەبجە

2020.03.28 - 16:45
زانیارى نوێ لەسەر توشبووە نوێیەکەى کۆرۆنا لە هەڵەبجە
ناس کورد- تەندروستى هەڵەبجە ئاشکرایکرد، توشبووە نوێیەکەى کۆرۆنا لە هەڵەبجە هیچ پەیوەندییەکى بە توشبووى یەکەمەوە نییە و دوو کەسى نزیکیشى ڕەوانەى نەخۆشخانە کراون بەهۆى بوونى هەندێ نیشانە تێیاندا. . ئەمڕۆ وەزارەتى تەندروستى نۆ حاڵەتى دیکەى توشبوون بە کۆرۆناى ڕاگەیاند، کە یەکێکیان پیاوێکى خەڵکى هەڵەبجەیە و تەمەنى 37 ساڵە. . ئازادمستەفا، بەرێوەبەرى گشتیی تەندروستى هەڵەبجە  لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، "توشبووى  دووەم هیچ پەیوەندییەکى بە توشبووى یەکەمەوە نییە کە هیچ تۆمارێکى چونە دەرەوەى وڵاتى نەبووە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ڤایرۆسەکە بڵاوە و هاتوچۆى خەڵک بەردەوامە". . وتیشى، "درەنگانى شەوى ڕابردوو دواى تۆمارکردنى توشبووە نوێیەکە، سەرجەم تیمەکان دەستبەکاربوون و سەرجەم ئەو کەسانەیان کەرەنیتنە کردووە کە بەرکەوتەى توشبووەکە بوون پشکنینان بۆ دەکرێت کە ژمارەیان 13 کەسە، دوانیان لەبەرئەوەى نیشانەیان هەبووە ڕەوانەى نەخۆشخانەى تایبەت بە کۆرۆنا کراون". . بەرێوبەرى گشتیی تەندروستى هەڵەبجە جەختیکردەوە کە پێویستە سەرجەم دەرگاى ماڵەکان دابخرێن، "هەندێ داواکاریمان پێدەگات بۆ ڕێگەپێدان کە جێی سەرسوڕمانن، ڕێکارەکانمان توندتر کردووە". . باسى لەوەشکرد، پێشتر تەنها مەترسیان لەسەر گەشتیارەکان بوو، ئێستا مەترسییان لەسەر هەموو کەسێکە، بۆیە پێویست دەکات سەردان و هاتوچۆى ناوبازاڕ بەهیچ شێوەیەک نەمێنێت.