گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

راوێژکارێکى عەبدولمەهدى چارەنوسى موچە و چاپکردنى دراو ئاشکرادەکات

2020.03.28 - 12:12
راوێژکارێکى عەبدولمەهدى چارەنوسى موچە و چاپکردنى دراو ئاشکرادەکات
ناس كورد-   راوێژکارى عادل عەبدولمەهدى سەرۆکوەزیرانى کاربەڕێکەرى عێراق بۆ کاروبارى دارایی، دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران کە هیچ مەترسییەک نییە لەسەر موچەکانیان، بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە. . مەزهەر محەمەد ساڵح لەلێدوانێکیدا بە میدیاى فەرمى عێراق ڕایگەیاند "موچەى فەرمانبەران کارى لە پێشینەى حکومەتە و ڕێوشوێنى دارایی پێویستمان هەیە بۆ ئەوەى کاریگەریى لەسەر دروستنەبێت". . وتیشى "بژاردەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەى بارودۆخى دارایی لەسەر بنەماى کەمکردنەوەى خەرجییەکانە و تیمێکى ئەنجومەنى وەزیران کار لەسەر دوبارە رێکخستنەوەى خەرجییەکان دەکەن". . لەبارەى پرسی چاپکردنى دراو، مەزهەر محەمەد ساڵح وتى "چاپکردنى دراو تەنها بۆچونى خۆمە و پێشنیازێکە کە لەگەڵ یاساى بانکى ناوەندى یەکناگرێتەوە". . پێشار مستەفا جەبار سنێد سەرۆکى شانەى بەدواداچوون لە نوسینگەى سەرۆکوەزیران بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، داهاتى عێراق دواى دابەزینى نرخى نەوت مانگانە دەگاتە دوو ملیار دۆلار، کە ملیارێکى بۆ کەرتى نەوت دەڕوات و یەک ملیارى دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا موچەى فەرمانبەران پێویستى بە سێ ملیار و نیو دۆلار هەیە. . بەوتەى سنێد، عێراق داهاتى فرۆشتنى نەوتى لەدواى ١٠ یان ١٥ رۆژى دواى کۆتایی هاتنى مانگ پێدەگات، ئەوەى لەبەردەستى دەوڵەتە و بۆ موچە خەرجدەکرێت پارەى مانگى ڕابردوو، بۆیە پێدەچێت ئەو پڕۆسەیە لە کاتى دابەشکردنى موچەى مانگى نیسان گۆڕانکاریی تێدا رووبدات. . باسى لەوەشکردبوو، حکومەت بژاردەى دیکەى هەیە، وەک فرۆشتنى پشک بە بانکەکان و قەرزى ناوخۆیی، سەرەڕاى مەرجەکانى بانکى نێودەوڵەتى بۆ پێدانى سێ ملیار دۆلار بە عێراق، بەمەرجێک بۆ بودجەى بەکاربردن خەرجى نەکات. . سنێد ئەوەشى خستبووەڕوو، رەنگە حکومەت پەنا ببات بۆ بژاردەى چاپکردنى دراو کە بەم دواییانە خراوەتەڕوو، تا مانگێک یان دوو مانگى پێ بەڕێبکات.