گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دورو نزیك بەشدارو پەیوەندیدار نین بەم تاوانە

پۆلیسى پێنجوێن رونکردنەوەیەکى لەبارەى دۆسیەى رۆژنامەنوسە لێدراوەکەى قەزاکە بڵاوکردەوە

2020.03.27 - 22:50
پۆلیسى پێنجوێن رونکردنەوەیەکى لەبارەى دۆسیەى رۆژنامەنوسە لێدراوەکەى قەزاکە بڵاوکردەوە
ناس کورد- بەشى پۆلیسى پێنجوێن رونکردنەوەیەکى لەبارەى دۆسیەى ئەو رۆژنامەنوسە ئێرانییە نیشتەجێیەى قەزاکە بڵاوکردەوە کە کۆمیتەى پارێزگاریکردن لەرۆژنامەنووسان راپۆرتێکى لەبارەەوە بڵاوکردەوە و تیایدا لەسەر زمانى رۆژنامەنوسەکەوە ئاماژە بەوە دەکات "لەلایەن چەند کەسێکى دەمامکدارەوە هەڵکوتراوەتە سەرى و ئەشکەنجە و ئازارى خۆیى و کچەکەیى و هاوسەرەکەى دراوە". . لە رونکردنەوەکەدا بەشى پۆلیسى پێنجوێن سەرسوڕمانى خۆیان دەردەبڕن لە هەندێک هەواڵ و راپۆرت کە بە هەواڵى تۆمەت ئامێز لەبارەى هەڵسوکەوتى هێزە ئەمنییەکان لە کەیسى هاووڵاتییەکى کوردى رۆژهەڵات کە کارى میدیایى دەکات ناوى دەبەن. . لە رونکردنەوەکەدا هاتووە "بۆ بەرچاورونی هەمولایەك بەپێویستی دەزانین رونیبكەینەوە رۆژی١٤/٣/٢٠٢٠ هاوڵاتییەکی‌ کوردی‌ رۆژهەڵات بەناوی (ع.م.ح) پیشە (رۆژنامەوان) لەبنکەی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن سکاڵای تۆمار کرد، لەسەر چەند گومانلێکراوێک بەتۆمەتی هێرشكردنە سەری ئەشکەنجەدانی‌و رفاندنی خێزانەكەی‌و دەستبەسەركردنی‌و وێنەگرتنی دور لەبەها رەوشتی‌و  مرۆڤایەتی و یاساییەكان و پاشان كەلوپەل‌و كەرەستە رۆژنامەوانییەكانیان بردووەو خێزانەكەیان ئازاد كردووە". . بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، هێزکانى پۆلیس دەستبەجێ بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی‌و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی پێنجوێن لەماوەی یەک کاتژمێردا توانیان تۆمەتباری سەرەکی (ک.م.س) تەمەن 30 دەستگیر بکەن. . ئاماژە بەوەش کراوە "تۆمەتباری سەرەکی لەکاتی ئامادەبونی لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناو ناوی تۆمەتباری دووەمی ڕووداوەکەی ئاشكرا كرد (ج.ح.غ) كە تەمەنی 37 ساڵانەو بەهاوكاری بنكەی پۆلیسی عەربەت ئەویش بەپێی یاسا دەستگیركراو كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانی لێ وەرگیرایەوە". . پۆلیسى پێنجوێن رونیدەکاتەوە"له‌ئێستادا تۆمەتبارەكان به‌فه‌رمانی‌ به‌رێز دادوه‌رو بەپێی‌ مادەکانی‌ (٤٠٥/٣١ ی‌.س) و (٤٢١ ی‌.س) راگیراون‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌، له‌هه‌مانكاتدا هەموو پاڵپشتییەكمان بۆ سكاڵاكار دوپاتكردۆتەوە، بەرچاوڕونیشمان پێداوە لەكاتی پێویستدا پەیوەندی بەهێزه‌كانی‌ پۆلیسەوە بكات‌و بەوردی هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ كەیسەكەیدا دەڕۆین له‌دادگا". . جەختیشکراوەتەوە "دۆسیەو پەڕاوە یاساییەكەشی ئامادەیە بۆ دڵنیایی لەگرتنەبەری رێوشوێنە پێویستەكان، هەر بۆیە پێمان سەیرە لەم كەیسەدا پاش دوو هەفتە پەنجەی تۆمەت یان سیناریۆی ناشرین بۆ هێزە ئەمنییەكان دروست بكرێت كە ئەركیان پاراستنی خەڵكەو دورو نزیك بەشدارو پەیوەندیدار نین بەم تاوانەو لەئاكاری ئەوانیش ناوەشێتەوە". .