گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژى حکومەتى هەرێم وەڵامى فراکسیۆنى گۆڕانى دایە زۆر بێ ویژدانانە دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە

2020.03.27 - 20:14
وتەبێژى حکومەتى هەرێم وەڵامى فراکسیۆنى گۆڕانى دایە   زۆر بێ ویژدانانە دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە
  ناس کورد- وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەڵامى فراکسیۆنى گۆڕانى لە بەغدا دایەوە و بەوە تۆمەتبارى کردن کە " زۆر بێ ویژدانانە دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە ". . جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوە کرد "لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانای خۆی خەریکی پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و  خەڵکێکی زۆریش لە ناوخۆ و دەرەوە ستایشی رێکارەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن کە لە پێش زۆر وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانە و ئەگەر ئەو رێکارانە و پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نەبووایە ئێستا دۆخی تەندروستی زۆر مەترسیدار بوو . کەچی ئالەم کاتەدا کە پێویست بوو هاوکارانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانیی ئەم حکومەتە بکەن کە خۆیان تێیدا بەشدارن و بەهاوبەشی بڕیارمان لە سەر رێکارەکان داوە . کەچی بەداخەوە فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا ئەمڕۆ زۆر بێ ویژدانانە دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە ". . بەگوێرەى وەڵامدانەوەکە "مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دەمێکە داوای لە داواکاری گشتی  کردووە کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر و لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانە بکات کە گوایە بڕی دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار وەک شیرینی لە کۆمپانیای رۆسنەفت وەرگیراوە . سوپاسی فراکسیۆنی گۆڕانیش دەکەین کە بۆمان ئاشکرا بکەن ئەو کەسە کێیە ئەو پارەیەی وەرگرتووە !". . لە بەشێکى ترى وەڵامەکەدا جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێم ئاماژە بە باسوخواسى ئەو ملیار دۆلارەى داهاتى نەوت دەکات کە دەوترێت لە بانکەکانى لوبنان دەستى بەسەردا گیراوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەوانیش لە رێگەى میدیاوە ئەو دەنگۆیانەیان بیستووە. . وتەبێژى حکومەت ئاماژە بەوە دەکات "سەبارەت بەو یەک ملیار دۆلارەش کە دەڵێن لە بانکەکانی لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە . ئێمەش لە رێگەی میدیاکانەوە ئەو دەنگۆیەمان بیست کە سەرچاوەکەی کۆنە وەزیرێکی سەر بەحزبوڵڵا بوو. بەدواداچوونیشمان کرد و دەرکەوت راست نییە . بەڵکو تەنیا بەشە پارەی کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لەو حیسابە بانکییەی لوبنان بووە .  بۆیە سوپاسی برادەرانی گۆڕان یان هەر کەسێکی تر دەکەین ئەگەر بەدواداچوون بکەن و راستییەکان بۆ خەڵک روونبکەنەوە. ئەگینا تکایە با بەس بێت موزایەدەکردن و چەواشەکردنی خەڵک . ئێمە وەک هەموو وڵاتانی جیهان لە دۆخێکی سەختداین و پێویستە بەیەکەوە هاوکاربین بۆ تێپەڕاندنی". .