گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم؛ خۆراکی ماوە بەسەرچوو وەک هاوکاری بەسەر هەژاراندا دابەشدەکرێت

2020.03.27 - 14:16
هەرێم؛  خۆراکی ماوە بەسەرچوو وەک هاوکاری بەسەر هەژاراندا دابەشدەکرێت
ناس کورد-   ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایدەکات، خۆراکی ماوەی بەسەرچوو بەسەر هاووڵاتیانی هەژاردا دابەشکراوە و دەڵێت، هەندێك لە خاوەن کۆگاکان ئەو خۆراکانەی ماوەی بەسەرچوونیان نزیکدەبێتەوە دەیدەن بە ڕێکخراوەکان بۆ کاری خێرخوازی و بەسەر هەژاراندا دابەشی دەکەن. ،   کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " دوای ئاگادارکردنەوەم لەلایەن چەند هاووڵاتیەکەوە سەبارەت بەدابەشکردنی برنجی ماوەبەسەرچوو بەسەر هاووڵاتیانی هەژار لەلایەن ڕێکخراوێکەوە، بەدواداچوونم کرد و دەرکەوت کە بابەتەکە ڕاستە".   ، وتیشی: "جگە لەوەی ئەو حاڵەتە لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین هەبووە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی ڕاپەڕینم لێ ئاگادارکردووەتەوە کە بەدواداچوون بکەن، لە شوێنی دیکەش ئەو حاڵەتە هەبووە". ، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "کێشەکە لەوەوەیە کە ئەو ڕێکخراوانەی کاری خێرخوازی دەکەن، کاتێک دەچنە کۆگاکانی خۆراک بۆ ئەوەی هاوکارییەکان کۆبکەنەوە، بەشێک لە خاوەن کۆگاکان نەک هەموویان، دەچن ئەو خۆراک و پێداویستییانەیان پێدەدەن کە ماوەیەکی زۆر کەمی ماوە بۆ بەسەرچوون". ، "کاتێک کە ئەو خۆراکانە دەگاتە دەستی هاووڵاتیانی هەژار، یان بەسەرچووە یان چەند ڕۆژێکی ماوە، نمونە هەبووە برنج سێ ڕۆژی ماوە بەسەربچێت، ئێ خۆ ماڵێک بە سێ ڕۆژ فەردەیەک برنج ناخۆن، بەڵکو دەمێنێتەوە و بەشێکی زۆریش لە هاووڵاتیان بەکاریدەهێنن و پێی نازانن، ئەوەش زیانێکی گەورەی تەندروستییان لێدەدات، کاسترۆ مەعروف وای وت. ، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داواشیکرد ئەو کەسانەی هاوکاری و خێر دەکەن، با بە پێداویستی باش  بیکەن، نەوەک کاتێك خۆراکەکانیان نزیکدەبێتەوە لە بەسەرچوون و نازانن چۆن فڕێی بدەن، بیکەن بە خێر . ، جەختیشیکردەوە، پێویستە ڕێکخراوە خێرخوازییەکانیش هۆشیارتربن و لە بەرواری بەسەرچوونی ئەو خۆراکانە ورد ببنەوە کە کۆیدەکەنەوە و دەیدەن بە هاووڵاتیانی هەژار. ، ئەمە لەکاتێکدایە، لەئێستادا بەهۆی جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم، هاووڵاتیان ناتوانن کاری ڕۆژانە بکەن و ئەو کەسانەی بژێوی ژیانیان لەسەر کاری ڕۆژانەیە دووچاری گرفتی ئابوری بوونەتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا هاووڵاتیان و ڕێکخراوەکان هاووکاریان پێشکەشدەکەن.