گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی هەرێم پارەی موچەی مانگی ڕابردووی فەرمانبەرانی داوەتەوە بە قەرزی دوو کۆمپانیای نەوتیدا [تایبەت]

2020.03.26 - 22:24
 حکومەتی هەرێم پارەی موچەی مانگی ڕابردووی فەرمانبەرانی داوەتەوە بە قەرزی دوو کۆمپانیای نەوتیدا  [تایبەت]
ناس کورد- ئەگەرچی لە مانگی ڕابردوودا و دوای کێشمەکێشمێکی زۆر بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نارد، بەڵام حکومەتی هەرێم موچەی چەند وەزارەتێکی دابەشکرد و ئەمڕۆ وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند، چاوەڕوانی پارەی ئەم مانگەی بەغدان هەرکات گەیشت، موچە دابەش دەکەن، زۆرێکیش دەپرسن، ئەی پارەی مانگی ڕابردوو چی لێهات؟ ، پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا دەڵێت، دەبوو حکومەت ئەم مانگە دوو موچە بەسەریەکەوە دابەشبکات، چونکە پارەی دوو مانگی بۆ هاتووە و دابەشی نەکردووە، لە بەرامبەردا ناس کورد زانیویەتی، حکومەت لە موچەی فەرمانبەران نزیکەی 150 ملیۆن دۆلاری داوەتە هەردوو کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی و دی ئێن ئۆ کە دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوتن لە هەرێم و حکومەت قەرزاریان بووە. ،

"بەغدا پارەی دوو مانگی ناردووە، دەبوو دوو موچە دابەشبکرێت"

، مانگی ڕابردوو ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی کێشەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق دواکەوت و دواجار کێشەکە نێردرا، لە سەرەتای دەستپێکردنی قەدەغەی هاتوچۆش لە هەرێم، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پارەی موچە حازرە و دوای نەمای قەدەغەی هاتوچۆ دابەشدەکرێت، بەڵام ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، چاوەڕوانی پارەکەی بەغدا دەکەن، هەرکای گەیشت موچە دابەشدەکەن. ، ڕێبوار کەریم مەحمود، پەرلەمانتاری کورد پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نوسیویەتی: "کە زانیم بەغدا پارەی ئەم مانگە دەنێرێت، منیش خۆم دانابو مژدەی ئەوەتان پێبدەم کە مادام حکومەتی هەرێم پێش یانزە رۆژ وتی موچە حازرەو پارەی ئەم مانگەش لە بەغداوە هاتووە، کەواتە ئیتر دوای ئەم قەدەغەی هاتوچۆیە دوو موچە وەردەگرن و سەبرەکەتان بەزایە ناچێت". ، ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئێوە تەنها یەک رۆژ پێش قەدەغەی هاتوچۆ وتتان موچە حازرە، کێشەکەمان ئەوەیە پشوەو دواتریش قەدەغەی هاتوچۆی هاتەسەر، ئێوە وتتان کێشەی موچە نیەو ئەگەر لیژنەی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا رەزامەند بێت ئەتوانین دابەشی بکەین، ئێوە هەر دوێنێ وتتان سەرقاڵی ئەوەین موچەکەتان پاک پاک بۆ بشۆین و بەرێگەی حەواڵە ماڵ بە ماڵ بەسەرتان دابەشی بکەین، بەڕاست ئەمشەو چی روویدا وا ئێستا دەڵێن موچە نیەو چاوەرێی بەغدان؟". ،

کەواتە پارەکەی مانگی ڕابردوو چی لێهات؟

، لەبارەی ئەوەی پارەی مانگی ڕابردووی موچەخۆران کە تەنها موچەی وەزارەتیی ناوخۆ و دارایی و پێشمەرگەی پێ دابەشکرا، جگە لە داهاتی ناوخۆ چی لێهات؟ سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەدوای ئەوەی حکومەتی هەرێم پارەیەکی زۆری هەردوو کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی و دی ئێن ئۆ قەرزاربوو کە دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنی نەوتن، هەردوو کۆمپانیاکە بەڕێژەی %25 بەرهەمهێنانیان کەمکردەوە و دواتر هەڕەشەیان لە حکومەت کردبوو کە بەتەواوی کارەکانیان دەوەستێنن، ئەگەر حکومەت پارەکەیان پێنەدرێت". ، وتیشی: "هەربۆیە حکومەتی هەرێم زۆر لەوە دەترسا کە ئەو دوو کۆمپانیایە کارەکانیان بوەستێنن و توشی قەیرانێکی گەورە دەبوو، ئاسانترین ڕێگا و نزیکترین پارەش کە لەبەردەستیدا بوو، پارەی موچەی فەرمانبەران بوو، بەوەش نزیکەی 150 ملیۆن دۆلاری قەرز و خەرجی ئەو دوو کۆمپانیایە دا". ، هەر لەوبارەیەوە سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی ئایندە ئاماژەی بەوەکردووە: " ڕاستترە حکومەت دان بەوەدا بنێ کە ئەو پارەیەی مانگی دوو لە بەغداوە نێردراوە حکومەتی هەرێم بۆ خەرجی هەندێ کۆمپانیا و قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت بەکاری هێناوە". ، وەک ئەرکی یاسایی و دەستوری خۆمان حکومەتی هەرێم بەرپرسیار دەکەین لە دەستبردن بۆ ئەو پارەیەی لە بەغداوە بەناوی موچەی فەرمانبەرانەوە دێت، بەپێچەوانەوە رێکاری یاساییان لەدژ دەگرینەبەر. ، هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە، پێشتر و لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019دا کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی بڵاوکردەوە، سەرەڕای ئەوەی لە رابردوودا شایستەداراییەكانیان بۆ چەند مانگێك دواكەوتووە، بەڵام ئەوان دڵنیان لەوەی كە پارەكانیان بەشێوەیەكی رێك ‌و پێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرنەوە و پێشبینیان کردبوو، لە چارەکی یەکەمی سەرەتای ساڵی 2020دا پارەکەیان وەربگرن کە هاوکاتە لەگەڵ ئەم مانگەدا.   ، لە هەفتەی ڕابردووشدا، کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت لەکاتی خۆیدا حەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوت بدات و دوای دەخات و ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر وەبەرهێنانەکانیان دەبێت. ، ئاماژەی بەوەشکردبوو، بەهۆی ئەوەی لەکاتی خۆیدا حەقدەستەکانیان وەرنەگرتووە و دواخراوە، بەرهەمهێنانی نەوت سنووردار دەکەن تاوەکو ئەو کاتەی لەبارەی کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رەوشی داراییان بەرچاوروون دەبن. ، لەسەر ئەو پرسە ناس کورد چەند جارێک پەیوەندیکرد بە جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم و وەزیری دارایی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.