گه‌ڕان

Shadow Shadow

نۆ باشترين ئامۆژگارى بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ قەيرانەكاندا

2020.03.26 - 20:44

ناس بیروڕا - نوسینی: ز. هێرفۆرد - وه‌رگێڕان: ڕاوێژ ناسیح . قه‌یرانه‌كان ڕووده‌ده‌ن و به‌سه‌ر هه‌مووماندادێن. جا ئاخۆ به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و كه‌سی یاخود به‌ سه‌ر كاره‌كانماندا. هه‌ندێكات شته‌كان بۆ هه‌میشه‌ ده‌گۆڕن، گه‌ر به‌ختمان هه‌بێت، ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بێزارمان ده‌كه‌ن. . چۆنیه‌تی ره‌فتاركردنی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كان، كا‌ریگه‌ری ده‌بێت له‌ زاڵبوون به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كان یاخود خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان. ره‌نگه‌ وابزانیت كه‌ تۆ ناتوانیت قه‌یرانه‌كان كۆنتڕۆڵ بكه‌یت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر كار هه‌یه‌ ده‌توانیت له‌ پێش قه‌یرانه‌كان و كاتی قه‌یرانه‌كانیش ئه‌نجامی بده‌یت! . وه‌ك تۆماس جێفه‌رسۆن ئاماژه‌ی پێده‌دات: " ئه‌و هه‌له‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵك كۆده‌كاته‌وه‌ له‌ گه‌شتی ژیانماندا بریتییه‌ له‌ ناخۆشی و ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی رووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌، وه‌ بۆ به‌هێزكردنی به‌رگری و پاراستنی مێشكمان له‌و رووداوه‌ ناخۆش و كاره‌سات ئامێزانه‌دا، پێویسته‌ ببین به‌ به‌شێك له‌ هه‌وڵ و چاره‌سه‌ریه‌كان بۆ ژیانی خۆمان." . نۆ باشترین ئامۆژگاری بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كان: . 1. ده‌ست پێشخه‌ر و ئاماده‌باشبه‌ قه‌یران و كاره‌ساته‌كان پێشبینی نه‌كراون، بۆیه‌ باشترین رێگه‌ بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوه‌ پێشبینی نه‌كراوانه‌ ئاماده‌باشییه‌. بۆ نموونه‌ بۆ قه‌یرانێكی دارایی دڵنیابه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك پاره‌ت پاشه‌كه‌وت كردووه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردن (تأمین) له‌ كاتی له‌ده‌ستدانی كاره‌كه‌ت یاخود داخستنی ئه‌و كۆمپانیا و كارگه‌یه‌ی كاری تێداده‌كه‌یت. . له‌ كاتی قه‌یرانی ته‌ندروستی با ته‌ندروستیت باشبێت و دڵنیابه‌ له‌ ته‌ندروستیت پێش نه‌خۆشكه‌وتن. به‌رگری جه‌سته‌ت به‌هێز بكه‌ له‌ڕێی خواردنت به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست، وه‌رزشی پێویست، باش خه‌وتن وه‌ ته‌ندروستیت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بپارێزه‌. . 2. پێشبینی باشترین بكه‌ و پلانی خراپترین ئه‌گه‌ر دابنێ پلاندانان شان به‌ شانی ئاماده‌كاری ده‌ڕوات. كاتێك پلانێكت له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ رووداوه‌ نا ئاساییه‌كان ده‌توانیت به‌شێوه‌یه‌كی وا ره‌فتاربكه‌یت كه‌ پێویستنه‌كات له‌كاتی روودانی قه‌یرانه‌كه‌ بیر له‌ پلاندانان بۆ چاره‌سه‌ری بكه‌یته‌وه‌. . 3. كۆنتڕۆڵی هه‌سته‌كانت بكه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌كاتی روودانی كاره‌سات بیر له‌ داڕوخان و هه‌ڵهاتن ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ باشترین رێگه‌چاره‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ ئارامی بمێنینه‌وه‌ و هه‌سته‌كانمان كۆنتڕۆڵ بكه‌ین. . كاتێك به‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێوه‌ مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ین، ساته‌ گرنگه‌كان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین، ئه‌و چركه‌ ساتانه‌ له‌ده‌ستده‌ده‌ین كه‌ ده‌توانێت گۆڕانكاری له‌ ئه‌نجامه‌كه‌دا بكات. هه‌بوونی پلان (وه‌ك له‌ خاڵی دووه‌میشدا ئاماژه‌ی پێدراوه) هاوكاریت ده‌كات كه‌ هه‌سته‌كانت به‌ ئارامی بهێلیته‌وه‌ له‌و كاته‌ی رووداوه‌كان ناخۆش ده‌بن. . 4. ده‌سته‌وه‌ستان مه‌به‌ چا‌وه‌ڕوانی قه‌یرانه‌كه‌ مه‌به‌ كه‌ خۆی چاره‌سه‌ربكات. ئه‌وه‌ی له‌ تواناتدایه‌ بیكه‌ و پاشان هه‌ركارێك پێویسته‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ ئه‌نجامی بده‌. ده‌سته‌وه‌ستانبوون و كارنه‌كردن بۆ چاره‌سه‌ری هه‌سته‌كانت خراپتر ده‌كات. . سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ ده‌سه‌ڵاتی زۆرت نه‌بێت به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌، ئه‌وه‌ی پێتده‌كرێت ئه‌نجامی بده‌ بۆ نه‌هێشتن یاخود كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كان. . 5. داوای پشتگیری بكه‌ نابێت ئیمه‌ به‌ ته‌نها هه‌وڵی چاره‌سه‌ربده‌ین. زۆر خێزان و هاوڕێ و ده‌سته‌ی جیاواز هه‌یه‌ بۆ هاوكاری و پشتیوانی كاتێك ژیان یاخود بارودۆخه‌كانی ژیان به‌ره‌و سه‌ختی ده‌ڕۆن. . له‌كاتی روودانی قه‌یرانێكی گشتی، كۆمه‌ڵگه‌كان پێكه‌وه‌ هاوكاری و پشتیوانی پێویست پێشكه‌شی یه‌كترده‌كه‌ن. هه‌رگیز پێویست ناكات هه‌ست به‌ ته‌نهایی بكه‌یت. . 6. ئارام به‌ زۆركات قه‌یران ماوه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. له‌كاتێكدا ئێمه‌ ئاواته‌خوازین به‌زووترین كات كۆتایی بێت، هیچ بژارده‌یه‌كمان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت رووداوه‌كان ببینین تاكو كۆتایی دێن. . بۆ نموونه‌، له‌كاتی په‌تایه‌كی ته‌ندروستی په‌له‌په‌لی ناوێت چوونكه‌ روویداوه‌. باشترین كارێك ده‌توانیت بیكه‌یت ئه‌وه‌یه‌ به‌ ئه‌رێنی و دهستپێشخه‌رییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌یت. . له‌ كاتێكدا ئاساییه‌ كه‌ هه‌ست به‌ بێزاری و قه‌له‌قی و بێ ئارامی بكه‌یت كه‌ ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی دیاریكراومان هه‌یه‌ له‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌، ئارام به‌ له‌گه‌ڵ خۆت و هه‌سته‌كانت! . 7. په‌ندوه‌ربگره‌ له‌ نه‌هامه‌تی و كاره‌ساته‌كان هیچ شتێك نییه‌ وه‌ك قه‌یران كه‌ وات لێبكات هه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌ی بۆ كاره‌ له‌پێشینه‌كانت. زۆر كات بیرمانده‌چێت كه‌ چ شتێك گرنگه‌ و رێز له‌و ئازادیی و هه‌له‌ زێڕینانه‌ ناگرین كه‌ له‌به‌رده‌ستماندایه‌. . قه‌یرانه‌كان دهتوانن خاڵه‌ لاوازه‌كانمان ده‌ستنیشان بكه‌ن. ئه‌و خاڵه‌ لاوازانه‌ی هه‌ستیان پێده‌كه‌ین له‌كاتی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌كانمان (مامه‌ڵه‌ی‌ بازرگانی و كه‌سی)، چۆن ره‌فتارده‌كه‌ین (پشتگوێخستنی ته‌ندروستی، كارلێككردنه‌ كه‌سییه‌كان) یاخود ته‌ندروستی ده‌روونیمان ( فشۆڵی سۆزداری و نه‌توانین بۆ خۆگونجاندن). . دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه‌ لاوازانه‌ هه‌لی ئه‌وه‌مان پێده‌دات كه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وان و لایه‌نه‌ لاوازه‌كانی ژیانان بكه‌ین و به‌هێزیان بكه‌ین. . 8. چاره‌سه‌ركردن بۆ به‌ره‌وپێشچوون كاتێك قه‌یرانێك كۆتایی پێهات و چاره‌سه‌ركرا، ده‌بێت هه‌نگاوی پێویست بنرێت بۆ رێگری له‌ دروستبوونه‌وه‌ی. له‌ڕاستیدا ره‌نگه‌ قه‌یران و كاره‌ساته‌كان زه‌نگێكی ئاگاداركردنه‌وه‌ بن بۆ پاڵپێوه‌نانت بۆ جێبه‌جێكردنی رێوشوێنی پێویست بۆ باشتركردنی ته‌ندروستیت، پته‌وكردنی كاره‌ بازرگانیه‌كانت یاخود ته‌نها بۆ زیاتر ئاگاداربوونه‌ له‌ مه‌ترسییه‌كانی خۆشگوزه‌رانیت. ئه‌مه‌ به‌ هه‌ل بزانه‌ و په‌ند و ئامۆژگارییه‌كان جێبه‌جێبكه‌! . 9. چێژ له‌ ژیان وه‌رگره‌ قه‌یران و كاره‌ساته‌كان به‌شێكن له‌ ژیان و كه‌سیش ناتوانێت لێیان هه‌ڵبێت. كاتێك له‌ قه‌یرانێك رزگارتبوو، پیرۆزبایی له‌ خۆت بكه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی و سوپاسگوزاربه‌. بزانه‌ كه‌ شتێكی باشی لێوه‌ په‌یدابووه‌ و تۆش باشتری له‌ پێشوتر.