گه‌ڕان

Shadow Shadow

چەند هەفتەیەکمان لە مەرگ و پەتا بە قەرز وەرگرتووە، چۆنی سەرف بکەین؟

2020.03.26 - 18:29

بیروڕا - ئالان م نوری   هەفتەی رابوردوو سەرەڕای توندکردنی رێوشوێنە سەپێنراوەکانی خۆلێکبەدوورگرتن و قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و عێراقدا، ژمارەی فەرمیی سەلمێنراوی تووشبووانی نۆێی رۆژانە بە پەتای کۆرۆنا هەر رۆژە دوو ئەوەندەی رۆژی پێشترە. سەرەڕای ئەوەی کۆی ژمارەی تووشبووانی سەلمێنراو تا ئێستە؛ خۆشبەختانە کەمە ( ئەمڕۆ بە فەرمی عێراق رایگەیاند کە ژمارەی تووشبووانی سەلمێنراو گەیشتە 382 کەس)، بەڵام ئەم بوون بە دوو ئەوەندەی تووشبووانی تازەی رۆژانە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەگەینە حاڵەتی نەخوازراوی هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی تەندروستییان لە ژێر فشاری کەیسی رۆژانە خەریکە هەرەس بهێنێت. بڕوانە ئەم هێڵکاریەی کۆی کەیسە سەلمێنراوەکانی عێراق تا 24 ی ئازار. ئەمە ئەو جۆرە چەماوەیەیە کە زەنگی سەرەتای مەترسیی گەورە لێدەدات. پێدەچێت، گەر رێوشوێنەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لانی کەم تا مانگێکی دیکە درێژو توندوتۆڵتر نەکەین، ئەوا کارەساتێکی ئینسانی بەڕێوەیە. چونکە گەر بەم رێژەیەی کە ئێستا کەیسەکان تێیدا زیاد دەکەن بەردەوام بین، ئەوا لەمەولا هەموو هەفتە جارێک کۆی تووشبووان دەبن بە دوو ئەوەندە. واتە هەفتەی داهاتوو کۆی کەیسەکان دەبن بە نزیکی 600 و دوو هەفتەی دی بە 1200 و سی هەفتەی دی 2400! ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە چەند هەفتەیەکمان لەبەردەستە بۆ خۆ ئامادەکردن و بەرگرتن بە کارەساتێکی ئینسانی. ، ئەرکی سەرشانی سەنتەرەکانی بڕیاردانی سیاسییە ئەوە زۆر بە پەلە تێبگەن کە پینەوپەڕۆ و خۆ بادان بە کردنەوەی "خەستەخانە"یەک لێرە و یەکی دی لەوێ ئەم مەسەلەیە چارەسەر نابێت. بۆیە: ، یەکەم: لە پێش هەموو شتێکدا بە ناوەند کردنی بڕیار و توانا تەندروستییەکان مەرجی هەرە سەرەتای بەرەنگار بوونەوەی پەتاکەیە. پەرتەوازە بوونی هەوڵەکان و دووبارەبوونەوەیان لێرەو لەوێ گەر تا دوێنێ شتێکی ئاسایی بووبێت، لەمەودوا تاوانە. یەکخستن و بە ناوەند کردنی هەموو توانا مەدەنی و سەربازییەکانی تەندروستی و بەکارهێنانی مێکانیزمی کاری سەربازی بۆ بەڕێوەبردنی تواناکان ئەرکی ئەمڕۆیە، نەک سبەی. ، دووەم: سەرکەوتنی قەدەغە کردنی هاتوچۆ، کە هەر ئەمڕۆ بۆ 11ی نیسان درێژکرایەوە، بەندە بە مسۆگەر کردنی لانی کەمی ژیانی خەڵک کە پێیاندەگوترێت لە ماڵ نەچنە دەر. ئەوەی خەڵک زەخیرەی خستبوو روو لە تەواوبوونە وناکرێت خۆپاراستن لە مەرگ و پەتا و ئاکامە ئابوورییەکانی لەسەر بژێویی خەڵک لە پەتاکە خۆی ترسناکتر بێت. دەستبەجێ سیستەمی دابەشکردنی خۆراک (بایعی) دەبێت بخرێتەوە گەڕ وبەدەر لەوەی کێ بایەعی هەیە یان نییە، سەرژمێری هەموو ماڵان بکرێت و لیستی خواردنەکانی بایعی بە بەروبوومی کشتوکاڵیی ناوخۆی بەناوەند کراو دەوڵەمەند بکرێت و بۆ هەر کەسێک لانی کەم بڕی 200 دۆلاری مانگانە تەرخان بکرێت. کاری دابەش کردنی خۆراکی بایعی دەبێت بە سەرپەرشتی دەسەڵاتە تەندروستییەکان ئەنجام بدرێت و هەفتانە بەشەخۆراک دابەش بکرێت. ئەم پرۆسەیەش دەبێت بەردەوام بێت تا ژیانی ئابووری ئاسایی دەگەڕێتەوە. ، تێچوونی پرۆسەیەکی وەها رەنگە 220 دۆلاری مانگانە بێت بۆ هەر کەسێک لە عێراقدا کە ژمارەی دانیشتوانی 38 ملیۆن کەسە. ئەمەش دەکاتە نزیکەی 8.5 ملیار دۆلار لە مانگێکدا.  ، سێیەم: دەستبەجێ هەموو دەرچووانی کۆلیژ و پەیمانگا و دواناوەندییە تەندروستییەکان دابمەزرێندرێن و مەشق ببینن و بخرێنەسەرکار. هەرچی خوێندکاری دوا قۆناغەکانی خوێندنە لە کۆلیژ و پەیمانگا و دواناوەندییە تەندروستییەکان، وەک یاریدەدەری ئەو پلە وەزیفییەی بۆی وەردەگیران بخرێنەکار. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی ژمارەی دکتۆر بۆ دانیشتوان لەگەڵ  پەریستار بۆ دانیشتووان بە رێژەی لانی کەم 50٪ زیاد بکەین. ئەمە مانای وایە کە نزیکەی 17 هەزار دکتۆری نۆێ و 40 هەزار پەریستار و کارمەندی پزیشکیی نۆی بخەینە کار. ئەمەش مانگانە، لانی کەم 75 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. ، چوارەم: بەشێوەیەکی زۆر بە پەلە، پێویستمان بە دامەزراندنی خەستەخانەی مەیدانی بۆ کەیسی سەختی تووشبووان بە کۆرۆنا هەیە، بە مەبەستی زیاد کردنی ژمارەی قەڵەوێرە تایبەتمەندەکانی ناسراون بە ICU واتە قەڵەوێرەی تایبەتی ژووری بووژانەوە بە هەموو پێداویستییەکانیەوە، بە بڕی لانی کەمی 100 قەڵەوێرەی مەیدانی بۆ هەر پارێزگایەک و گواستەنوەیان بەپیی پێویست لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە لەکاتی هەڵچوونی ژمارەی تووشبووان لە پارێزگایەکدا بە تایبەتی. بەپێی مەزەنەی ئابووریناسێکی پسپۆڕ لە بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکاندا، خەستەخانەیەکی تایبەتمەندی مەیدانیی لەوجۆرە، بە دابین کردنی شوێنی ژیانی دکتۆر و کارمەندەکانیەوە و بەهەموو ئامێرە پێویستەکانی یاریدەدەری هەناسە و شۆردنەوەی گورچیلە و مۆنیتەری گازی خوێن یشەوە، نزیکەی 10 ملیۆن دۆلاری تێدەچیت بۆ هەر 100 قەڵەوێرەیەکی تایبەت لە خەستەخانەیەکی مەیدانیدا. ئەمەش واتە 180 ملیۆن دۆلاری دیکە. ، تێچووی مانگی یەکەمی ئەم هەڵمەتە 8.755 ملیار دۆلای تێدەچێت و هەر مانگێکی دیکەی دوای ئەوە 8.575 ملیار دەبێت. دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق پێویستی بەوەیە کە لانی کەم پێداویستیی 4 مانگی بەم شێوەیەی وەلانابێت بۆ ئەم مەبەستە. ئەمەش دەکاتە 34.480 ملیار دۆلار.  ، رەنگە لەلای خوێنەری بەڕێز ئەمە ژمارەیەکی زۆر گەورە بێت، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین بە بودجەی عێراق لە ساڵی 2019 دا کە 111.8 ملیار دۆلار بوو، ئەوا ئەم بڕی پارەیەی ئێستە پێشنیاری دەکەین تەنها 30٪ ئەو پارەیە کە سەرفکردنی بەدەگمەن لە هیچ شوێنێکەوە بە ژیان و گوزەرانی عێراقییەکانەوە دیارە. ، پێنجەم: ساڵی 2019 بڕی پارەی دیاریکراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی عێراق، بەپێی داتای بودجەی ئەو ساڵە بریتییە لە  52 ملیار دۆلار. نیوە زیاتری مووچەخۆرانی حکوومەت لە مانگی 2 هەزار دۆلار زیاتریان وەرنەگرتووە. ئەگەر لە کاتی بەرەنگار بوونەوەی ئەم پەتا ترسناکەدا، مووچەی حکومەت لە 2 هەزار دۆلاردا رابگرین و هەرکەسێک زیاد لەوە مووچە وەرگرێت، زیادەکەی لێ ببڕدرێت، ئەوا بەشێکی بەرچاو لە تێچووی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا مسۆگەر دەکرێت. لە پاڵ ئەمەشدا سەرفکردنی حکومەت لەسەر چەک دەبێت رابگیرێت و داوا لە حکومەتی وڵاتان بکرێت کە قەرز و یارمەتییە سەربازییەکان هەمووی بگۆڕدرێت بۆ قەرز و یارمەتیی خۆراک و پێداویستیی پزیشکی. ، شەشەم: وەک لە نووسینێکی پێشتردا ئاماژەم پێداوە، دەبێت قەرزکردن لە هاووڵاتیان، بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا، کارا بکرێت و داوا لە هاووڵاتیان بکرێت بەشداریی تێدا بکەن. ئەگەر لە پارەی خەوتووی هاووڵاتیان، بۆ هەر هاووڵاتییەک تەنها 100 دۆلار بە قەرز وەرگیرا، ئەوا تەواوی خەرجیی پێشنیارکراو لەم وتارەدا دابین دەکرێت. بۆ زیاتر روونکردنەوە، تکایە بڕوانە: https://www.nasnews.com/ku/کۆرۆنا-لە-نەخۆشییەکی-تێپەڕەوە-بەرەو-پ/ ، وڵاتێکی وەکو ئەمریکا زیاد لە 2 ترلیۆن دۆلاری کۆکردۆتەوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ئاسەوارە ئابوورییەکانی. ئەمەش دەکاتە نزیکەی نیوەی تەواوی بودجەی ساڵی پاری ئەو وڵاتە. شارەزایانی ئابووری باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەمە تەنها گوژمی یەکەمی پێویست بێت و ناچاری گوژمی دیکە ببن لە چەند مانگی داهاتوودا. جا بەرەچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمریکا پێشەنگی وڵاتانی دونیا نییە لە بەهاناچوونی هاووڵاتیانیدا، دەبێت ئەوە بزانین وڵاتانی دیکە هەن کە زۆر چاکتر لە ئەمریکا لەم پەتا پڕ مەترسییە هاتوونەتە مەیدان. ئەوەی ئێمە لێرە باسی دەکەین، لە ئاستی هەوڵی وڵاتانی دونیادا شتێکی زۆر کەمە. چەند هەفتەیەکمان لە مەرگ و پەتا قەرز کردووە. با بە سیاسەتی باو و حوکمڕانیی باو بەفیڕۆی نەدەین.