گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەکەسێکى جێى مشتومڕ ناودەبرێت

ديدييە ڕاوول.. ئەو پڕۆفيسۆرەى دەرمانێكى جێى مشتومڕى بۆ كۆرۆنا دۆزيیەوە كێيە؟

2020.03.26 - 15:21
ديدييە ڕاوول.. ئەو پڕۆفيسۆرەى دەرمانێكى جێى مشتومڕى بۆ كۆرۆنا دۆزيیەوە كێيە؟
ناس کورد-    لەچەند ڕۆژى رابردوودا بەتايبەتى دواى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە جيهاندا ناوى "ديدييە ڕاوول" لە ڕاگەياندنەكان دەركەوت، ئەو پرۆفيسۆرە چەندين قسەو باسى لەناو ڕاى گشتى بەدواى خۆيدا هێنا. . هەندێك پێيان وايە يەكێكە لە ديارترين و گرنگترين لێكۆڵەرانى فەڕەنسا و جيهان لەبوارى نەخۆشيە گواستراوەكان، بەڵام هەندێك گومان لە ڕێچكە زانستيەكانى دەكەن، ئەو پڕۆفيسۆرە بانگەشەى ئەوە دەكات كە چارەسەرى ڤايرۆسى كۆرۆناى دۆزيوەتەوە كە پشت بە مادەى "كلۆرۆكين" دەبەستێن و داوا دەكات كە بۆ نەخۆشەكان بەكار بهێنرێت بەڵام بە فەرمى داواكاريەكەى ڕەتكراوەتەوە. . لە كۆتا لێدوانيدا وەزيرى تەندروستى فەڕەنسى ئاماژەى بەوەداوە، كە ڕێگەيان داوە ئەو دەرمانە بۆ حاڵەتە زۆر خراپەكان بەكاربهێنرێت ئەوەش لەسەر بۆچونى دەستەى باڵاى تەندروستى. . پرۆفيسۆر ديدييە سەرقاڵى چييە؟ . ژمارەيەكى زۆر خەڵك لەبەردەم پەيمانگاى نەخۆشخانەى زانكۆيى بۆ نەخۆشيە گواستراوەكان لە شارى مارسيلياى باشورى فەرەنسا ڕيزيان بەستوە ئەوەش بۆ پشكنينى ڤايرۆسى كۆرۆنا لەلايەن تيمەكەى پرۆفيسۆر ديدييە، كە پێشنيارى چارەسەريان بۆ دەكات بەشێوەيەكى سەرەكى بەمادەى "كلۆرۆكين".   لەو پەيمانگايەدا تيمەكەى ديدييە تاقيكردنەوەيان لەسەر 24 توشبوى ڤايرۆسى كۆرۆنا كردوە ئەويش بە بەكارهێنانى كلۆرۆكين، بەپێى ئەنجامەكانيش %75ى نەخۆشەكان بەو دەرمانە لەماوەى 6 ڕۆژدا بە تەواوەتى چاكبونەتەوە، بەڵام وەزارەتى تەندروستى فەرەنسا پێى وايە تاقيكردنەوەكە بچوكە و ناتوانرێت پشتى پێ ببەسترێت بۆ بەكارهێنانى وەك چارەسەر. . لەلايەكى ترەوە دەستەى باڵاى تەندروستى فەرەنسا ڕايگەياندوە، بەكارهێنانى مادەى كلۆرۆكين وەك چارەسەرى كۆرۆنا تائێستاش ڕێگە پێنەدراوە تەنها بۆ حاڵەتە زۆر خراپەكان نەبێت، هەروەها ڕێكخراوى تەندروستى جيهانيش هيچ گرنگيەكى بۆ مادەكە پيشان نەداوە، هۆشداريشى داوە لەوەى كە لەوانەيە ئاسەوارى سلبى بەدواوە بێت.   دەزگاكانى ڕاگەياندن چۆن مامەڵەيان لەگەڵ پرۆفيسۆر ديدييە كردوە؟ . "كەسێكى جێى مشتومڕ" . پێش چەند ڕۆژێك ڕاى گشتى نەيدەزانى ديدييە ڕاوول كێيە، بەڵام بەهۆى تاقيكردنەوەكەى لە ڕاگەياندنەكانەوە تيشكى خرايە سەر، بەشێك لەڕاگەياندنە فەرەنسيەكان باس لەوە دەكەن كە ديدييە لە "پانۆراميكس" دەچێت كە كەسايەتيەكە لە چيرۆكى "ئاستيريكس"ى ديارى فەرەنسيدا هەيە بە قژێكى درێژى پسى و جلە سپيەكانيەوە، ئەم دكتۆرە كە بوەتە جێى مشتومڕ دواى لێكۆڵينەوەكەى لەلايەن دەزگاكانى ڕاگەياندنەوە گرنگى پێدەدرێت.   ديدييە وەك ئاواز ژەنێك سەير دەكرێت كە لە گروپ و ڕيتم لايداوە، ئەوەش بەهۆى سوربونى لەسەر بەكارهێنانى كلۆرۆكين وەك چارەسەرى ڤايرۆسى كۆرۆنا سەرەڕاى سەرجەم ئەو هەموو هۆشداريانەى لەسەر بەكارهێنانى دەدرێت، هەروەها ڕەتيشيكردوەتەوە بەشدارى لە ئەنجومەنى زانستى فەرەنسا بكات كە ئەو ئەنجومەنە لەسەر ڤايرۆسى كۆرۆنا ڕێنمايى دەدەنە ئيمانوێڵ ماكرۆنى سەرۆكى ئەو وڵاتە. . ديدييە چەندين جار حكومەتى وڵاتەكەى ڕەخنەباران كردوە بەهۆى ئەو ڕێوشوێنانەى دژى ڤايرۆسى كۆرۆنا گرتويانەتە بەر، پێى وايە جياكەرەوەى تەندروستى "كەرەنتين"ى خەڵك لە ماڵەكانى خۆياندا ڕێگەيەكى سەردەمى چاخەكانى ناوەڕاستە، لەبرى ئەوە ئەو پرۆفيسۆرە داوا دەكات كە پشكنينى ورد لە تەواوى فەرەنسا ئەنجام بدرێت بۆ دۆزينەوەى توشبوان و جياكردنەوەيان  و چارەسەركردنيان، ئەوەش ئەو ڕێگەيەيە كە كۆرياى باشور بەكارى دەهێنێت. بەڵام ڕەخنەگرانى ديدييە گومانيان لە زانستى ڕێگەكەى هەيە و دەڵێن كە تاقيكردنەوەكە تەنها لەسەر 24  توشبوو ئەنجام دراوە و ئەوەش بەس نييە بۆ ئەوەى ئەنجامێكى زانستى جێگيرى لێ دەربهێنرێت، هەروەها تۆمەتبار دەكرێت بەوەى كە بەدواى ناوبانگەوەيە چونكە تاقيكردنەوەى زانستى لە ڕاگەياندنەكانەوە بڵاوناكرێتەوەو لە ڕۆژنامە هەفتتانەييەكانى بوارى زانست بڵاودەكرێنەوە ئەوەش دواى گرتنەبەرى ڕێچكەى زانستى لەلايەن كەسانى شارەزا و تايبتمەندەوە. . " خوێندكارێكى خراپ" ديدييە ڕاوول لە شارى داكار لە 13ى ئازارى 1952 لەدايكبوە و باوكى پزيشك بوە لە سوپاى فەرەنسا و دايكى پەرستار بووە، لە چاوپێكەوتنێكدا لە گۆڤارى "لۆمۆند" وتويەتى كە ئەو "خوێندكارێكى خراپە" لە تەمەنى 17 ساڵيدا وازى لە خوێندن هێناوە و ماوەى دوو ساڵ لەسەر كەشتيەكى بازرگانى لە مارسيليا كارى كردوە ئەو كاتەى كە خێزانەكەى چونەتە ئەو شارە لەساڵى 1961. بەڵام پرۆفيسۆر ڕاوول دواجار گەڕايەوە خوێندن و بڕوانامەى "بەكالۆرياى ئەدەب"ى بەدەستهێنا، سەرەڕاى ئەوەى لەسەرەتاوە زۆر گرنگى بە بوارى زانستى نەداوە بەڵام داواكارى پێشكەشى كۆلێژى پزيشكى كردوە چونكە باوكى ڕەتيكردوەتەوە كە پارەى خوێندنى لە هيچ بوارێكى تردا بۆ دابين بكات، دواجار خوێندكارە خراپەكە كۆلێژى پزيشكى تەواوكردو بڕوانامەى وەك پزيشكێك بەدەستهێنا. . "خەڵاتى پەيمانگاى (ئينسێرم)ى گەورە لەساڵى 2010 دەستكەوتەكانى ديدييە لە بوارى زانستيدايە ئەوەش بوە هۆى ئەوەى ئەو خەڵاتە گەورەيە بەدەستبهێنێت كە دەدرێت بەو كەسانە دەستكەوت و سەركەوتنى بەرچاويان هەيە لە بوارى لێكۆڵينەوە فەرەنسى بۆ بوارى تەندروستى، لەسەرەتاوە لێكۆڵينەوەكانى  لەسەر بەكتريايەك بوو كە ناسراوە بە "ڕيكتيسيا" دواتر لەساڵى 1983 تيمێكى تايبەتى پێكهێنا بۆ لێكۆڵينەوە لە بەكترياكان، ئەو بەكتريايەى ئەو لێكۆڵينەوە لێدەكرد دەبێتە هۆى نەخۆشيەك كە بە "تيفۆس" ناسراوە. . هەروەها ئەم پرۆفيسۆرە توانى كۆدى نەخشەى بۆماوەيى بەكتريايەك بكاتەوە كە توشى نەخۆشيەكى ناسراو بە "ويبڵ"ت دەكات، دواتريش ناوى هەردوو بەكترياكەى نا "ڕاوولتيێلا بلانتيكۆلا" و "ڕيكتيسيا ڕاوولتى" كە بەشێك لەناوى خۆى تێكەڵ كردون. ديدييە ڕاوول چەند دەستكەوتێكى تريشى لە بوارى ڤايرۆسەكان هەيە، تيمەكەى توانيويانە چەندين لێكۆڵينەوە لەسەر چەندين ڤايرۆس بكەن كە پێشتر ئەو ڤايرۆسانە ناديار بوون و نەناسراو بوون، لەساڵى 2018 توانى سود لەو پارەيە وەرگرێت كە حكومەت تايبەتى كردبوو بە لێكۆڵينەوەى زانستى بۆ ئەوەى پەيمانگاى نەخۆشخانەى زانكۆيى پێ دروست بكات كە تايبەتە بە بوارى نەخۆشيە گواستراوەكان، كە ئێستا تاقيكردنەوەكانى لەسەر ڤايرۆسى كۆرۆنا تێدا ئەنجام دەدات. .