گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕەنگە دابەشبوونەکانى ناو ماڵى شیعە بگۆرێت بۆ کۆدەنگى

چارەنوسى عەدنان زورفى لە نێوان سێ سیناریۆدا

2020.03.25 - 10:26
چارەنوسى عەدنان زورفى  لە نێوان سێ سیناریۆدا
ناس كورد- ڕەنگە دابەشبوونەکان لەسەر ڕاسپاردنى عەدنان زورفى بۆ پێکهێنانى حکومەت لەناو ماڵى شیعیدا بگۆرێت بۆ کۆدەنگى لەسەر تێپەڕاندنى، دواى ئەوەى هەندێ لایەنى ناو هاوپەیمانى فەتح دانوستانى ڕاستەوخۆیان لەگەڵ زورفى دەستپێکردووە، ئەوەش بەپێی ڕۆژنامەى ئەخبارى سەر بە حزبوڵاى لوبنانى نزیک لە ئێران. . ڕۆژی 17ی ئازاری 2020، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق بەشێوەیەکى فەرمى لە کۆشکى سەلام لە بەغدا، عەدنان زرفى بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق ڕاسپارد. . سێ سیناریۆ بەپێی ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەکە، لە ئێستادا سێ سیناریۆ لە ئارادایە و لەچەند ڕۆژى کەمى داهاتوودا یەکێکیان یەکلایی دەبێتەوە، کە بریتین لەکارئاسانیکردن بۆ ئەرکى زورفى بۆ پێکهێنانى حکومەت و دواتر تێپەڕاندنى لە پەرلەمان، گەڕان بەدواى جێگرەوەى زورفى، داواکردن بۆ مانەوەى عادل عەبدولمەهدى. . ئاماژە بەوەشکراوە، هەندێ لایەنى ناو هاوپەیمانى فەتح بە پێچەوانەى هەڵویستى سەرکردەکانى هاوپەیمانێتییەکەوە وەکو هادى عامرى و نورى مالیکى و فالح فەیاز، دەستیان کردووە بە دانوستانى ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەدنان زورفى بۆ تیپەڕاندنى حکومەتەکەى. . ڕۆژنامەکە لەزارى سەرچاوەیەکى سیاسیەوە بڵاویکردووەتەوە، هەلى سەرکەوتن و شکستهێنانى زورفى وەکو یەکە، هەندێک دەڵێن زورفى دەستیکردووە بە دانوستان لەگەڵ زۆربەى هێزەکان جگە لە هاوپەیمانى فەتح، هەندێکى دیکەش دەڵێن بەشێکى زۆرى فەتح جگە لە عامرى دانوستان لەگەڵى دەکەن بۆ وەرگرتنى بەشى خۆیان لە کێکى حکومەت. . لاى خۆیەوە، سەرچاوەیەکى دیکەى دیارى هاوپەیمانى بنیادنان جەختیکردووەتەوە، هاوپەیمانێتییەکى پەرلەمانى کە عامرى و مالیکى و فەیاز و خەمیس خەنجەرى تێدایە، جەختدەکەنەوە کە هەر کەسێک دانوستان لەگەڵ زورفى بکات، بە سیفەتى تاکەکەسییە و ئەوان سورن لەسەر ڕەتکردنەوەى زورفى. . باسى لەوەشکردووە، چارەنوسى زورفى بەندە بە تەوافوقى چوار قۆڵیەوە کە بریتین لە فەتح و دەوڵەتى یاسا و سائیرون و حیکمە. . دابەشبوون و کۆدەنگى بەپێی سەرچاوە سیاسییەکان، فەتح  و دەوڵەتى یاسا لەبەرەى ڕەتکردنەوەى زورفین، بەڵام سەدر و حەکیم هەڵوێستیان ڕوون نییە بەراورد بە لێدوانە ئاشکراکانیان. . ئەو دابەشبوونە بەپێی وتەى زیاتر لە سەرچاوەیەک بۆ ڕۆژنامەکە، ڕەنگە بگۆرێت بۆ کۆدەنگى لەچەند ڕۆژى داهاتوودا، ئەگەر زورفى و ئەو لایەنانەى لەدژین بگەن بە لێکتێگەیشتن، لەسەر پشکى لایەنەکان و بەرنامەى حکومەت و شێوازى پەیوەندى بەغدا لەگەڵ تاران و واشنتن. . سەرچاوەکانى هاوپەیمانى بنیادنان بەدوریان نەزانى هاوپەیمانێتییەکە کارئاسانى بکات بۆ ئەرکى پێکهێنانى حکومەت لەلایەن زورفى و دواتر تێپەڕاندنى کابینەکەى لە پەرلەمان، ئەگەر لێکتێگەیشتنەکان تایبەتمەندى هەموان لەبەرچاو بگرێت. . دانوستانەکانى گەڕان بەدواى جێگرەوەى زورفى، بەوتەى زیاد لە سەرچاوەیەک ماوەى دوو رۆژە وەستاون، دواى ئەوەى بەرەى ناڕازیی لە راسپاردنى زورفى ناو سەرۆکى چەند زانکۆیەکیان ڕادەستى سەدر کرد، بەڵام تا ئێستا وەڵامى نەداونەتەوە، لە ئێستاشدا لەرووى کردارییەوە هەفتەیەکى گەرم لەبەردەم زورفیدایە بۆ یەکلاییکردنەوەى چارەنوسى وەکو "حاکمى بەغدا".