گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بیبەری تونم دەخوارد هەستم پێنەدەکرد

چاکبوویەکی کۆرۆنا لە سلێمانی باس لە نیشانەکانی و چۆنیەتی چاکبوونەوەی دەکات

2020.03.24 - 22:03
چاکبوویەکی کۆرۆنا لە سلێمانی باس لە نیشانەکانی و چۆنیەتی چاکبوونەوەی دەکات
ناس کورد- ئەگەرچی ڕۆژانە لە جیهاندا ژمارەیەکی زۆر لە توشبووانی کۆرۆنا گیانلەدەستدەدەن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر زیاتریش چاکدەبنەوە، تائێستا زانیوتە ئەو نیشانانە چین کە لەو کەسانەدا هەیە کە توشبوون و کە چاکیشبوونەتەوە. .  یەکێک لەو کەسانەی هەرێمی کوردستان کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بووە و ئێستا چاکبووەتەوە دەڵێت، لەوکاتەی هەڵگری ڤایرۆسەکە بووە ئەوەی جیاواز بووە تێیدا، پشت و قاچ ئێشەیەکی زۆر هەبووە و زۆر بێهێز بووە. .  ئەو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی وت: "من وامزانی تووشی هەڵامەت بووم، بەڵام بە قورسی، دواتر ئەو نیشانانەی کە جیاواز بوو، ئازارێکی زۆر لە بەشی پشتەوەی سەرم هەبوو، هەروەها پشت و قاچ ئێشەیەکی زۆر بەشێوەیەک زۆر بێهێزی کردبووم، هەروەها کۆکەشم هەبوو". .  وتیشی: "یەکێکیتر لە نیشانەکان ئەوەیە هەست بە تام و بۆن ناکەی، من لە سەرەتاوە خواردنم ئاسایی بوو، وەک پێشتر خواردنم دەخوارد، بەڵام کاتێک هەستم کرد کە تام و بۆن ناکەم ئیتر تاقەتی نان خواردنم نەما، تەنانەت رۆژێک بیبەری تون و هەنگوینم تێکەڵ کرد خواردم هەستم بە تامی ئەو بیبەرە تونە نەدەکرد". . ئەو توشبووەی کۆرۆنا کە ئێستا چاکبووەتەوە باسی لەوەشکرد: "دوای ئەوەی چاکبوومەوە و چەند ڕۆژێکە لە ماڵەوەم، وردە وردە ئازارەکانی سەر و پشتم نەماوە و تەندروستیم زۆر باشە، هەروەها ئێستا خەریکە هەستی تام و بۆن کردنم بۆ دەگەڕێتەوە و حەز لە خواردن دەکەم". . ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوەی کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە ئەو نەخۆشییە هێندەش مەترسیدار نییە کە لێمان ببێت بە دێوەزمە، بەڵام ناشکرێت خۆمان نەپارێزین و گوێی پێنەدەین، چونکە من ئێستا خۆم چاکبوومەتەوە و لە ماڵەوەم، بەڵام دایکم توشبووە و خەمی ئەومە، لەبەر ئەوە بۆ ئەوەی نەبینە مەترسی بۆ سەر ئازیزان و کەسوکارمان با هەمووان خۆمان و کەسوکاریشمان بپارێزین". ئەمڕۆ سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، پێنج هاوڵاتی توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی چاکبونەوە و دەگەرێنەوە ماڵەکانی خۆیان، کۆی گشتی چاکبووەکان گەشتە 27 حاڵەت لە شاری سلێمانی.