گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چارێکی دیکە…

بۆچی گوێنەدان بە خۆلێکبەدوورگرتن کوشندەیە؟

2020.03.24 - 18:32
بۆچی گوێنەدان بە خۆلێکبەدوورگرتن کوشندەیە؟
بەدواداچوونی تایبەت - ئالان م نوری دەزگای فێرگوزاریی ئۆنلاینی Khan Academy بە پشت بەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی تۆماس پوێیۆ و کۆکراوەی ئامارەکان دەربارەی سووڕی ژیانی نەخۆشیی کۆرۆنا لە وڵاتانی جیهاندا کە لە سایتی GitHub دا دانراوە، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە بۆ شیکردنەوەی چۆنێتی ژماردنی کەیسی تووشبوونی راستەقینە، لە رێی داتا رەسمییەکانی هەر وڵاتێکەوە. بنەمای لێکدانەوکەش بەندە بە زانینی سێ جۆر زانیاری لە هەر وڵاتێکدا (ولێرەشدا ئەو مێتۆدە بەپێی خەمڵاندنی داتای عێراق و کوردستان دەخەینە روو): . یەکەم: لە سەدا چەندی ئەوانەی کەیسی سەلمێندراوی کۆرۆنان لە وڵاتەکەدا دەمرن؟ ئەمە بەندە بە ئاستی ژێرخانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان (ژمارەی قەڵەوێرەی خەستەخانە، دکتۆر، پەریستار بۆ هەر هەزار کەس لە دایشتووان) کە ئەوەش راستەوخۆ کاری هەیە لەسەر ژمارەی ئەوانەی پێش گرتنی کۆرۆنا نەخۆشی ئەوتۆیان هەبووە کە کۆرۆنا بکاتە مەترسی بۆ سەر ژیانیان. لەبەر خراپیی ژێرخانی تەندروستیی عێراق (بڕوانە بەدواداچوونی پێشترمان)رێژەی مردن بۆ کەیسی سەلمێندراو لە عێراقدا 8.6٪ ە. واتە، تا ئێستە بۆ هەر 11.5 کەیسی سەلمێندراوی کۆرۆنا یەکێکیان گیانی لەدەست داوە. ئەمەش رێژەیەکی زۆر گەورەیە. ئێران کە یەکێکە لەو وڵاتانەی پەتاکە زۆر تەشەنەی کردووە تێیدا و سیستەمی تەندروستی لەو وڵاتەدا لە ژێر فشارێکی زۆر گەورەدایە، ئەو رێژەیە تێیدا تەنها 7.8٪ ە کە ئەویش بۆ خۆی ژمارەیەکی زۆر بەرزە لەچاو وڵاتانی دونیادا. بێ گومان ئەم بەراوردەی عێراق و ئێران لە کاتێکدایە کە ژمارەی تووشبووانی سەلمێنراوی عێراق تەنها 266 کەسە و ئێرانیش 23049 کەسە.  . شایانی باسە، ئەوەی بە چەندین ساڵی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی سەروەت و سامانی وڵات کراوە لە مەودای کورتدا چاک ناکرێت. هەر چاککردنێکی ئەم بارە، ئەگەر روو بدات، ئەوە لەڕێی شەونخوونی و ماندوویی و لە خۆبردوویی کارمەندانی تەندروستیی وڵاتەوەو لە رێی کاری خێرخوازی و هاریکاریی جیهانییەوە دەبێت. واتە تا رادەیەکی زۆر لەم بارەیەوە شتێکی ئەوتۆمان پێناکرێت. . دووەم: ئەوانەی کە مردوون پێش چەند رۆژ نەخۆشکەوتوون؟ داتای جیهانیی دەربارەی ئەم پرسیارە، جارێکی دیکە زۆر پەیوەستە بە رادەی پێشکەوتوویی ژێرخانی تەندروستی وڵاتان، بەڵام بە شێوەیەکی تێکڕایی ئامارەکان دەتوانین بڵێین لە عێراقدا پێش 15 رۆژ نیشانەکانیان لێ دیاری دەدات و  5 رۆژیش پێش ئەوە نەخۆشییەکە لە حاڵەتی مت بوونی بێ نیشانەدایە (بڕوانە ئامارەکانی وڵاتانی جیاجیا لەم لینکەدا. . کەواتە هەر کەسێک کە مردووە بە کۆرۆنا لە پێش 20 رۆژدا هەڵگرو بڵاوکەرەوەی ئەو نەخۆشییە بووە. ئەم فاکتەرەی دووەمەیش لە مەودای کورتدا قابیلی گۆڕان نییە. . سێیەم: رادەی تووشبوونی خەڵک لە یەکترەوە چەندە؟ ئەمەیان بەندە بە خوو و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و تەنها فاکتەرە کە تا رادەیەکی زۆر بەدەست خۆمانە. بە جێبەجێ کردنی رێنماییەکانی خۆلێکبەدوورگرتن و لە ماڵ دەرنەچوون و لە کاتی هەڵسوکەوت لە خەڵکدا، وا مامڵەکردن وەک ئەوەی نەخۆشبین و نەمانەوێت خەڵک تووش بکەین، گەر ئەمانە جێبەجێ بکەین، ئەوا ئاستی تووشبوونی خەڵک لە یەکترەوە دەتوانین زۆر کەم بکەینەوە.  . بەمەبەستی روونکردنەوەی کاری فاکتەری سێیەم، کە تەنها فاکتەرە بەدەست خۆمانە، سێ سیناریۆ روون دەکەینەوە: . سیناریۆی یەکەم: ئەگەر لە ئەنجامی پابەند نەبووین بە خۆلێکبەدوورگرتن و بەهۆی داب و نەریتی لێکنزیکیمانەوە لەلایەک و، گەورەیی ژمارەی خێزان لە خانەوادەیەکدا لە لایەکی دیکە، هەموو 2 رۆژ جارێک ژمارەی تووشبووان ببن بە دوو ئەوەندە. . سیناریۆی دووەم: پابەند بوونی مامناوەندی کە ببێتە هۆی ئەوەی هەموو 5 رۆژ جارێک ژمارەی تووشبووان ببن بە دوو ئەوەندە. . سیناریۆی سێیەم: پابەند بوونی نموونەیی کە بەهۆیەوە تەنها هەموو 10 رۆژ جارێک ژمارەی تووشبووان ببێت بە دوو ئەوەندە. . شیکاریی سیناریۆی یەکەم: بۆ هەر کەسێک کە ئەمڕۆ مردبێت و 20 رۆژ لەوەو پێش هەگر و بڵاوکەرەوەی نەخۆشییەکە بێت و لە وڵاتدا رێوشوێنی خۆلێکبەدوورگرتن نەگیرابێتە بەر ئەوا ژمارەی تووشبووان بەم شێوەیە دەبێت (بە گەڕانەوە بۆ 20 رۆژ لەوەو پێش): . رۆژی سفر: کەسی مردوو نەخۆشە و بە پێی رێژەی مردوو بۆ تووشبووانی سەلمێندراو دەبێت ١١ کەسی دیکە هەبن کە لە داهاتوودا دەسەلمێنرێن. واتە ئەو رۆژە 11 کەس هەبووە کە تووشبووی کۆرۆنا بووە. . رۆژی دووەم ئەو ژمارەیە دەبێت بە دوو ئەوەندە. واتە 22 کەس. رۆژی چوارەم ئەو 22 کەسە دەبن بە دوو ئەوەندە، واتە 44 کەس. رۆژی شەشەم دەبن بە 88 کەس. رۆژی هەشتەم  176 کەس. رۆژی دەیەم 352 کەس و رۆژی دوانزەهەم دەبن بە 704 کەس. رۆژی چواردەهەم دەبن بە 1408 کەس. رۆژی شازدەهەم دەبن بە 2816 کەس و رۆژی هەژدەهەم دەبن بە 5632 کەس و رۆژی بیستەم، کاتی مردنی ئەو کەسە، دەبن بە 11264 کەس! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، ئەگەر رێکاری توندی کەرەنتین کردنی کۆمەڵگا نەبوایە و خەڵک پێی پابەند نەبوایە، بەپێی ژمارەی مردووان بە کۆرۆنا کە عێراقدا، ئەوا 23*11264 = 259072کەس لە عێراقدا. کە زیاد لە چارەکە ملیۆنێک کەسە! . بڕوانە چەند ئەو ژمارەیە دەگۆڕێت ئەگەر بوون بە دوو ئەوەندەی تووشبوون بکەین بە هەر 5 رۆژ جارێک:  . رۆژی سفر: 11 کەس. رۆژی پێنجەم 22 کەس رۆژی دەیەم 44 کەس و رۆژی پانزەیەم 88 کەس و رۆژی بیستەم 176 کەس. واتە کۆی تووشبوان بەپیی ئەم سیناریۆیە کە بۆ هەر مردوویەک بە کۆرۆنا 176 کەسی تووشبوو هەبن ئەوا ژمارەی تووشبوانی راستەقینە دەکاتە تەنها 4048 کەس. . بەڵام ئەگەر ئاستی هوشیاری بەکۆمەڵمان بگەیەنینە ئەو رادەیەی هەموو 10 رۆژ جارێک ژمارەکە ببێت بە دوو ئەوەندە، کە سیناریۆی سێیەمە، ئەوە لەو حاڵەتەدا تەنها 22 تووشبووی راستەقینە بۆ هەر مردوویەک دەبێت، واتە ژمارەی راستەقینەی تووشباونی عێراق دەکاتە تەنها 560 کەس! . سیناریۆی ترسناکی یەکەم زیاد لە 462 ئەوەندەی سیناریۆی خواستراوی سێهەمە.  پابەند بوونی نیوەناچڵیش نزیکەی حەوت ئەوەندە و نیوی خواستراو، تووشبوون زیاد دەکات. . لەبەر ئەوە، ئەوانەی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکانی خۆلێکبەدوورگرتن بە کارێکی ئازا و جەربەزەیی دادەنێن پێویستیان بەوەیە لەم راستییە تاڵە تێبگەن کە ئەو ئازایەتییە و جەربەزەییەیان دیاریی مەرگە بۆ خۆیان و خۆشەویستان و کەس و کاریان، ئەوجا بۆ هەموو کۆمەڵگاش. مەرگ بە دیاری هێنان نە ئازایەتییە نە جوامێرییە. .