گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق و هەرێم چۆن سودیان لەم دۆخە وەرگرتووە؟

کۆرۆنا.. دەرفەتى ئاڵتونى بۆ حکومەتەکان

2020.03.24 - 11:02
کۆرۆنا.. دەرفەتى ئاڵتونى بۆ حکومەتەکان
ناس کورد-   لەکاتێکدا جیهان بەدەست بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە دەناڵێنێت و حکومەتەکان بە هەموو رێگەیەک هەوڵى بەرەنگاربوونەوەى دەدەن، بەشێک لە سەرکردە و سیاسییەکان ئەو دۆخەیان قۆستووەتەوە بۆ بەدیهێنانى ئامانجە سیاسییەکانیان.   زۆرێک لە حکومەتەکان سەرکەوتوو بوون لە کۆتایی هێنان بە فشارى خۆپیشاندەران و ناڕەزاییە گەورەکان، کە داواى گۆڕانکاریی سیاسی دەکەن. . عێراق لە عێراق بەهۆى دۆخى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان کەمبوونەتەوە،  حکومەت هەموو جۆرە گردبوونەوەیەکى قەدەغەکردووە و قەدەغەى هاتووچۆى لەسەرجەم پارێزگاکان ڕاگەیاندووە.   هەروەها هەر لەم ماوەیەدا عەدنان زورفى بۆ پێکهێنانى حکومەت راسپیردرا، دواى ئەوەى لایەنە شیعییەکان نەیانتوانى لەسەر کاندیدێک رێکبکەون. . هەرێمى کوردستان   بارودۆخى کۆرۆنا و رێوشوێنەکان لەو بارەیەوە، حکومەتى پاراستووە لەهەر ناڕەزاییەکى چاوەڕوانکراو بەهۆى دواکەوتنى موچەوە، بەتایبەت موچەى وەزارەتى پەروەردە و مامۆستایان.   پێشتر لەکاتى دواکەوتنى موچەدا بەتایبەت موچەى مامۆستایان، جموجۆڵ بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوە دەکرا، بەڵام بەهۆى قەدەغەى هاتووچۆ و گردبوونەوەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت بچێتە سەر شەقام و ناڕەزایی دەرببڕێت لەو بارەیەوە. . ئیسرائیل   دیارترین سودمەندى ئەم دۆخەى ئێستا، بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیلە، کە دواى ڕاگەیاندنى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە وڵاتەکەى دادگاى قودس بڕیاریدا دادگاییکردنى بەتۆمەتى گەندەڵى دوابخات بۆ ماوەى دوو مانگ.   هەروەها دواخستنى پێکهێنانى حکومەتى نوێ بەسەرۆکایەتى سەرۆکئەرکانى پێشوو ڕاگەیەنرا، دواى ئەو هەڵبژاردنەى کە لەم مانگەدا بەڕێوەچوو. . جەزائیر   عەبدولمەجید تبون سەرۆکى نوێی جەزائیر یەکێکى ترە لەو کەسانەى سودمەندى دۆخەکەیە، ئەوەش بەهۆى چۆڵبوونى شەقامەکانى جەزائیر بۆ یەکەمجار لەدواى ئەو خۆپیشاندانانەى کە زیاتر لە ساڵێکە ئەو وڵاتە بەخۆوەى دەبینێت.   تبون سەرجەم گردبونەوەکانى لە وڵاتەکەى قەدەغەکردووە. . هۆنگ کۆنگ   لە هۆنگ کۆنگ خۆپیشاندانەکان بەرێژەیەکى گەورە کەمبونەتەوە، دواى ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتووچۆ لەلایەن حکومەتەوە.   بەدرێژایی زیاتر لە نۆ مانگ، خۆپیشاندانەکان لە هۆنگ کۆنگ بەردەوام بوون بۆ رەتکردنەوەى یاساى رادەستکردنى تۆمەتباران بە پەکین، هەرچەندە دواتر یاساکە کێشرایەوە، بەڵام دواتر خۆپیشاندانەکان گۆڕان بۆ دەربڕینى ناڕەزایی دژى حکومەت کە لەلایەن چینەوە پشتیوانى دەکرێت. . ئەمریکا تەنانەت ئەمریکا بەدەر نەبووە لە قۆستنەوەى بارودۆخەکە، بەپێی رۆژنامەى نیویۆرک تایمز وەزارەتى داد هەوڵدەدات بۆ فراوانکردنى سنورى ڕاگەیاندنى بارى نائاسایی، لەناویاندا پێدانى دەسەڵات بە دادوەرەکان بۆ دەستبەسەرکردنى هەر کەسێک تا کاتێکى نادیار.   هەرچەندە ترس لە تەندروستى گشتى تا ئێستاش زۆر جێگەى بایەخە، بەڵام شیکەرەوان هۆشدارى دەدەن لە مەترسی پیشێلکردنى سەروەرى یاسا لەم جۆرە بارودۆخانەدا.   هە روەها ژمارەیەک شارەزاى نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئاگادارینامەیەکدا بۆ حکومەتەکان جەختیان کردووەتەوە، کە هەر رێوشوینێکى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا، دەبێت گونجاو بێت و جیاکارى تێدا نەکرێت، ناکرێت ڕاگەیاندنى بارى نائاسایی بۆ بەئامانج گرتنى گروپێک یان کەمایەتییەک و یان کەسانێکى دیاریکراو بێت.   جەختیشیان کردووەتەوە، نا بێت لەژێر ناوى پاراستنى تەندروستیدا کاربکرێت بۆ بێدەنگکردنى ئەو کەسانەى بەرگرى لە مافەکانى مرۆڤ دەکەن. .