گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە گومانی توشبون بە کۆرۆنا خۆی لەماڵەوە کەرەنتینە کردوە

ئەنگێلا مێرکڵ بە تەلەفۆن سەرپەرشتی کۆبونەوەی حکومەتەکەی دەکات

2020.03.23 - 15:02
ئەنگێلا مێرکڵ بە تەلەفۆن سەرپەرشتی کۆبونەوەی حکومەتەکەی دەکات
ناس کورد- بەهۆی گۆمانی توشبونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکارى ئەڵمانیا خۆی لەماڵەوە کەرەنتینە کردوە و لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەڵمانیای کرد. . وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا بە ئاژانسی هەواڵی وڵاتەکەی ڕاگەیاندوە :"ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، بەهۆی گومانی توشبونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوێنێوە خۆی لەماڵەوە کەرەنتینە کردوە، بۆیە ئەمڕۆ(دووشەممە، 23ى ئادارى 2020) لەڕێگەی تەلەفۆنەوە سەرپەرشتی کۆبوونەوەی حکومەتی کرد". . وتەبێژەکەى حکومەتى ئەڵمانیا ئاماژەى بەوەش کرد، جیاوازلە کۆبوونەوەکانی دیکەی حکومەتی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە لە باڵەخانەی ڕاوێژکاریی ئەڵمانیادا کۆنەبوونەتەوە، بەڵکو کۆبوونەوەکەیان لە شوێنێکی دیکەی فراوانتردا ئەنجامداوە، ئەوەش بە مەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. . بەگوێرەی زانیارییەکان، پاش ئەوەی مێرکڵ لەگەڵ یەکێک لەو پزیشکانەی کە دواتردەرکەوتوە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە بەرکەوتنی هەبووە، بڕیاریداوە خۆی لەماڵەوە کەرەنتین بکات. . هاوکات پەیمانگای"ڕۆبەرت کوخ"ی ئەڵمانی بۆ تەندروستی گشتی، دواین ئاماری توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنای ئەمڕۆ(دووشەممە) بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە ژمارەی توشبوان بەو ڤایرۆسە لە ئەڵمانیا گەیشتوەتە نزیکەی 23 هەزار کەس و 86 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیانلەدەستداوە. . ئەمە لەکاتێکدایە کە حکومەتی ئەڵمانیا بۆبەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندین ڕێکاری توندی گرتووەتە بەر وەک قەدەغەکردنی کۆڕو کۆبوونەوەکان لەگەڵ داخستنی هۆڵی ئاهەنگەکان و خواردنگەکان وچەندین ڕێکاری دیکەش. .