گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەختکردنی چەماوەی کۆرۆنا ئەرکی ئینسانی و نیشتمانیی هەموومانە

بڵاوکردنەوە یان لەناوبردنی کۆرۆنا لە دەستی خەڵک خۆیدایە.. سێ بژاردە هەن (تایبەت)

2020.03.22 - 15:34
بڵاوکردنەوە یان لەناوبردنی کۆرۆنا لە دەستی خەڵک خۆیدایە.. سێ بژاردە هەن (تایبەت)
بەدواداچوونی تایبەت - ئالان م نوری زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت-لوبنان لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردەوە، بە مەبەستی گەیاندنی مەترسیی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لەو وڵاتەدا. لێکۆڵینەوەکە سیناریۆی سی حاڵەتی خستۆتەڕوو، یەکەمیان ئەگەری ئەوەی هاووڵاتیان زۆر بە جیددی پابەندی رێنماییەکان بن، ئەگەری دووەم پابەندبوونی نیمچە جدیە و ئەگەری سێهەم پابەندنەبوونی خەڵکە بە ڕێنماییەکانەوە. بۆ هەرسی ئەگەرەکە مۆدێلی ژمێریاریی بڵاوبوونەوەی پەتایان لێکدایەوە و ئەم ئاکامانەی خوارەوەی لێدەرچوو: وەک لە خشتەکەدا دیارە، پابەندبوونی نیمچە جدی بە ڕێنماییەکانەوە دوو ملیۆن و 754 هەزار و 429 کەس لە تووشبوون ڕزگار دەکات و گیانی 169 هەزار و 176 کەسیش لە مردن ڕزگار دەکات. ئەوە زۆر زیاترە لە کۆی هەموو ئەوانەی لە شەڕی ناوخۆی چەندین ساڵەی (1975-1990) ی ئەو وڵاتەدا کوژران، کە بە 100 هەزار بۆ 150 هەزار کەس دەخەمڵێنرێن. لە ئەگەری پابەندبوونی جیددیدا نزیکەی 20 هەزار هاوڵاتی دیکە لە مردن ڕزگاردەکرێت و 42.28٪ دانیشتوانی دیکەی لوبنانیش لە پەتاکە دەپارێزرێن. ئەمە چۆن وا دەبێت؟   یاسای کاری پەتا بناسە تێگەیشتن لە میکانیزمی بڵاوبوونەوەی پەتا زۆر گرنگە بۆ پابەندبوونی هاوڵاتیان بە ڕێنماییەکانەوە. پەتا بە هێڵێکی ڕاست گەشە ناکات. واتە 1 بۆ 2 بۆ 3 بۆ 4...هتد گەشە ناکات، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕوو لە زیادبوو زیاد دەکات، واتە 1 دەبێت بە 2 و ئەویش دەبێت بە 4 و پاشان 8 و پاشان 16..تاد. وەک لەم هێڵکارییەی خوارەوەدا دەردەکەوێت، ئەگەر تەوەری شاقووڵی ژمارەی تووشبوان بێت و تەوەری ئاسۆیی تێپەڕبوونی ڕۆژ بێت، ئەوا گەشەی روو لە زیاد بوو لە سەرەتادا، ئەگەر خەڵک وەک هێڵێکی ڕاست لێکی بدەنەوە، لە شتێکی مەترسیدار ناچێت. بەڵام ببینە دوای ڕۆژی X چی ڕوو دەدات بە بەراورد بە هێڵێکی ڕاست. بۆ زیاتر روونکردنەوە، لەبەر ئەوەی پێمان ناوەتە بەهارەوە،  گریمان لە مێرگێکدا یەک چڵە نێرگز هەیە و گریمان هەر چڵە نێرگزێک رۆژی یەک چڵ نێرگزی نوێی لێ دەبێتەوە. ئەگەر هەموو مێرگەکە لەماوەی 100 رۆژدا بە نێرگز پڕ بێتەوە، لە نەوەد ونۆهەمین رۆژدا چەندی مێرگەکە پڕ بووە لە نێرگز؟ وەڵام: نیوەی مێرگەکە! واتە رۆژێک پێش پێش پڕبوونی مێرگەکە تەنها نیوەی مێرگەکە نێرگزی تێدا بوو...زۆربەی گەشەی پڕبوونەوەی مێرگەکە بە نێرگز لە راستیدا لە دوا سی رۆژدایە و پێش ئەوە لە مێرگێکی بێ گوڵ دەچێت. ئەمەش لە حاڵەتی پەتا، نەک نێرگزەجاڕدا، شتێکی مەترسیدارە. بەڵام هێشتا مەترسیی راستەقینە و هۆکاری هەواڵە دڵتەزێنەکانی مردنی بەکۆمەڵ لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک ئیتاڵیادا روون ناکاتەوە. مەترسی، لە گەشەی روو لە زیاد بووی پەتا گەورەتر، ئەبێت چی بێت؟ . ئەگەر پەتای کۆرۆنا بگرم، درەنگ یان زوو جیاوازیی چییە؟ مەترسی سەرەکی پەتای کۆرۆنا نەخۆشییەکە خۆی نییە، بەڵکو رادەی بڵاوبوونەوەی و پێویستی رێژەیکی زۆری نەخۆشەکان بە خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکان. لە هەر وڵاتێکدا ژمارەی دکتۆر و پەرستار و کارمەندی نەخۆشخانە و تەخت و ئامێرە تایبەتمەندەکانی یاریدەدەری هەناسە و کەلوپەلی پزیشکی..تاد لە ئاستێکی دیاریکراودایە. ئەوە ئەو ئاستەیە کە بە ئاستی توانای دەزگا تەندروستییەکان بۆ یارمەتیدانی تووشبووان لە رۆژێکدا دەپێورێت. ئەگەر هاتوو لە رۆژێکدا تووشبوان لە توانای دەزگا تەندروستییەکان زیاتر بوون، ئەوا چانسی ئەوەی هەندێکیان بەبێ هودە گیانیان لەدەست بدەن زیاد دەکات. سەیری ئەم هێڵکارییەی خوارەوە بکە.  گریمان، کە کۆی تووشبوان لە حاڵەتی پابەندبوون بە خۆلێکبەدوورگرتن و پابەندنەبوون وەک یەکن، کە بێ گومان وا نییە. بەڵام گریمان هەمان ژمارەی خەڵک لە هەردوو حاڵەتەکەدا تووش دەبن. ئەگەر ئاستی توانای وڵات بۆ یارمەتیدانی رۆژانەی تووشبوان بریتی بێت لە X،  ئەوا لە حاڵەتی پابەند نەبووندا چوونکە هەموو لە کاتی زۆر نزیک لە یەکتردا پەتاکە دەگرن، زۆربەی تووشبووان هیچ خزمەتگوزارییەکی پزیشکییان پێشکەش ناکرێت و چانسی مردنیان سەدان ئەوەندە زیاد دەکات. بەڵام ئەگەر پێویستی رۆژانە بە خزمەتگوزارییەکان لە خوار هێڵی X بێت، ئەوا توانا پزیشکییەکان فریای هەموو تووشبوان دەخرێت.  ژمارەی مردووان بە کۆرۆنا لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو ئیتالیا، ژمارەکەی چینی تێپەڕاند، نەک لەبەر ئەوەی خزمەتگوزارییەکانیان لە وڵاتانی دیکە زۆر خراپتەر، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە بە لێشاو خەڵك دەگەیەنرێنە خەستەخانەکان و توانای خزمەتکردنی رۆژانەیان لە وڵاتەکەدا دەمێکە تێپەڕێندراوە. پابەند بوون ئەگەر بەری بە تووشبوون بە پەتاکەی پێ نەگیرێت، ئەوا لانی کەم ژمارەی تووشبووانی رۆژانە ئەوەندە کەم دەکاتەوە کە خزمەتگوزارییە رۆژانەکان بەرگە بگرن. توانای رۆژانەی عێراق لە کوێی دونیادایە؟ جەردکردنی گشت توانا پزیشکییەکانی عێراق و دۆزینەوەی ئەو ژمارەی نەخۆشانەی لە رۆژێکدا سیستەمی وڵاتەکە دەرەقەتی دێت ئەکێکە لە ئەرکە هەرە بەپەلەکانی دەسەڵاتە پزیشکییەکانی عێراق، بەڵام بە مەبەستی بەراوەردی توانای عێراق لەگەڵ لەبنان و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا (ناسراو بە وڵاتانی MENA) و پاشان بە جیهان، هەندێک زانیاری لەلای بانکی نێودەوڵەتی هەیە، کە دەتوانین لێیەوە لەوە حاڵی ببین کە ئەگەر بۆ لوبنان پابەند بوون زیاد لە 170 هەزار کەس لە مردن رزگار بکات، دەبێت چ رۆڵێکی گرنگتر و کاریگەرتری هەبێت لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کە سیستەمەکەی گەلێک لە لوبنان خراپترە؟   بەپێی دواترین ئامارە بەردەستەکانی بانکی نێودەوڵەتی، لە عێراقدا بۆ هەر هەزار کەسێک لە دانیشتوان تەنها 1.4 قەڵەوێرەی خەستەخانە هەیە. لە MENA دا بۆ هەر هەزار کەس 1.628 تەخت و لە هەموو جیهاندا 2.705 تەخت هەیە. لە لوبنان 2.9 قەڵەوێرە بۆ هەر هەزار کەس هەیە، کە دەکاتە زیاد لە دوو ئەوەندەی عێراق. واتە لە عێراقدا، هەر ڕۆژێک لە 60 هەزار کەس کە پێویستی بە قەڵەوێرەی خەستەخانە هەبێت ، ژمارەکە زیاد بکات، ئەوا زیادەکان لەسەر ئەزری راڕەوەکانی خەستە خانەکان دەکەون. بۆ هەر هەزار کەسێک لە عێراق 0.822 دکتۆر هەیە. لە MENA دا 1.259 هەیە، و لە هەموو جیهاندا 1.502 هەیە. لە لوبنان 2.271 هەن، کە دەکاتە نزیکەی سی ئەوەندەی عێراق. واتە  هەر رۆژێک لە عێراقدا زیاد لە 31 هەزار کەس پێویستیان بە دکتۆر بوو، ئەوا خەڵکە زیادەکە دکتۆر فریایان ناکەوێت. لە عێراقدا 1.68 پەریستار بۆ هەر هەزار کەسێک هەیە. لە MENA دا 2.315 ە و لە جیهانا 3.423 ە و لە لوبنان 2.645 ە، لەمەشسدا نزیکەی دوو ئەوەندەی عێراقن. واتە  لە هەر رۆژیکدا لە عێراق زیاد لە 64 هەزار کەس پێویستی بە پەریستار بێت، ئەوا زیادەکان نەک دکتۆریان نییە، بەڵکو پەریستاریش فریایان ناکەوێت.   عێراق بۆ وا حاڵی خراپە؟ وەک لە سەرەوە دەردەکەوێت، عێراق لە ئامادەباشیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا لە تێکڕای ناوچەکەی خۆی و جیهان بە ڕادەیەکی ترسناک خراپترە. وەک لەم هێڵکارییەی خوارەوەدا دەردەکەوێت، عێراق لە ساڵی 2009 وە بڕی ئەو پارەیەی کە لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا سەرفی دەکات بۆ هەر هاووڵاتییەک، تا دێت کەم دەکات و وڵاتەکەمان بە رادەیەکی ترسناک لە خوار ناوچەکە و لوبنان و جیهاندایە. بەپێی دوا ئامارەکانی بەردەست، عێراق بۆ هەر هاووڵاتییەک کەمتر لە 115 دۆلار سەرف دەکات لە بوارەی تەندروستیدا لە ساڵێکدا. MENA نزیکەی 769 دۆلار لە ساڵێکدا و لوبنان 598 دۆلار و لە جیهاندا تێکڕا نزیکەی 941 دۆلارە لە ساڵێکدا. واتە بە تێکڕا، جیهان زیاد لە هەشت ئەوەندەی عێراق بۆ هەر ئینسانێک سەرف دەکەن. بە پێچەوانەی هەموو جیهان، لە 2012 وە عێراق بە شێوەکی زۆر کوتوپڕ بەشی حکومەتی لە تێچووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی کەم کردەوە تا ئەو رادەیەی کە ساڵی 2016 حکومەت تەنها 21.12٪ی تێچوونی تەندروستیی لە عێراقدا گرتۆتە ئەستۆی و ئەودوای فڕێداوەتە سەر شانی هاووڵاتیان. لە لبنان، بۆ هەمان ساڵ رێژەکە 52.13٪ بووە و لە MENA دا 59.83٪ بووە و لە تێکڕای جیهاندا 74.26٪ بووە. واتە حکومەتەکانی تێکڕای جیهان سێ ئەوەندە و نیوی حکومەتی عێراق باری مەسرەفی تەندروستیی هاووڵاتیانیان گرتۆتە ئەستۆ. بڕوانە ئەم هێڵکارییە: ئەوەی ئاشکرا دەردەکەوێت ئەوەیە، ئەگەر لە لوبنان پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی خۆلێکبەدوورگرتن، زیاد لە قوربانیانی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە قوربانیی لێبکەوێتەوە، ئەوا لە عێراقدا پێدەچێت پابەند نەبوون قوربانییەکی زۆری ئەوتۆی لێبکەوێتەوە کە هاوشانی قوربانیانی هەموو شەڕەکانی عێراق بێت، لە 1980کانەوە تا ئێستە. چەندین ساڵە گەندەڵی و ئەولەویاتی هەڵە لە عێراقدا گەنجینەی ئەم وڵاتەی بەتاڵان بردووە و کاری راستکردنەوەی چەوتیەکان دەمێکە وادەی هاتووە. بەڵام کاتی لاوانەوە و سکاڵا لە بەختی رەش نییە. ئەمڕۆ لە دەستی هەمووماندایە بەر بە کارەساتێکی مرۆیی گەورە بگرین لە عێراقدا. کەرتی تەندروستی لە پڕێکدا نابێت بە کوڕێک. تەنها هیوای راستەقینە بۆ بەرگرتن بەو کارەساتە پابەند بوونمانە بە رێنماییەکانی خۆلێکبەدوور گرتن و  مانەوەمانە لە ماڵەوە. وادەی هەق و حسابیش لەگەڵ گەندەڵ کاران رۆژی خۆی دێت.  پەتای کۆرۆنا گوڵەنێرگز نییە، مەهێڵە مێرگەکەمان پڕ بێت لێی.