گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەژموونی ئێران لە عێراق دووچاری گورزی قورس بوەتەوە و لە مەترسیدایە

2020.03.21 - 23:35
 هەژموونی ئێران لە عێراق دووچاری گورزی قورس بوەتەوە و لە مەترسیدایە
ناس كورد- پەیمانگایەکی ئەمریکی بۆتوێژینەوە سیاسییەکان، بڵاویکردوە،هەژموونی ئێران لەعێراق لەماوەی دووهەفتەی ڕابردوودا دووچاری گورزێکی قورس بووەتەوە و بەرژەوەندییەکانی کەوتووەتە مەترسییەوە. ،  لە ڕاپۆرتێکی پەیمانگای توێژینەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ڕاگەیاندن کە بارەگاکەی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکایە بڵاوکراوەتەوە: "بەربژێرکردنی عەدنان زورفی، پارێزگاری پێشووی نەجەف بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق وکشانەوەی چوارگروپی چەکداری شیعەکان کە سەر بەعەلی سیستانین لە دامەزراوەی حەشدی شەعبی دووگورزی زۆر قورس بوون بۆ ئێران". ، ئاماژە بەوەشکراوە: "ئەو دوو گورزە کەمەرشکێن بوون بۆ بریکارەکانی ئێران لە عێراقدا ئەوەش لەکاتێکدایە کە تائێستا ئەو بریکارانە ڕەنگدانەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا لەسەریان بەڕوونی ماوەتەوە وتائێستا نەهاتوونەتەوە هۆش خۆیان".   ،   بەگوێرەی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە، ئەو گروپانەی کە پاشەکشەیان لە دەستەی حەشدی شەعبی کردووە سەر بە عەلی سیستانی، مەرجەعی ئاینیی باڵای شیعەکان بوون و پێکهاتوون لە " لیوای ئەنساری مەرجەعییەت، لیوای عەلی ئەکبەر،عەباس و ئیمام عەلی" کە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لەسیستمی بەرگریی عێراق لەژێر سایەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا. ، ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، فەرماندەکانی ئەو چوار گروپە چەکداره لە 18ی ئەم مانگەدا لەگەڵ نەجاح شمەری، وەزیری بەرگریی عێراقدا کۆبوونەتەوە و تاوتوێی میکانزمی چۆنێتی تێکەڵبوونیان بە هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق کردوە. ،  بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی پەیمانگای توێژینەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ڕاگەیاندن، فەرماندەکانی ئەو گروپانە پێش ئەوەی بڕیاری کشانەوەی خۆیان لە دەستەی حەشدی شەعبی ڕابگەیەنن لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی دیکەی سەربە ئێران لەناو ئەو دامەزراوەیە کۆبوونەتەوە و ئاگاداریانکردونەتەوە کە ئەوان ڕەزامەندی، عەبدولمەهدی کەربەلائی، نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانیان پێدراوە بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوە بنێن. ،  لەڕاپۆرتەکەدا  ئاماژە بەوەشکراوە، هۆکاری سەرەکی کشانەوەی ئەو گروپە چەکدارانە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کێشەی ناوخۆی نێوان خودی گروپە چەکدارەکانی نێو دەستەی حەشدی شەعبی، چونکە ئەو چوار گروپە بە ڕاشکاوی هەر لە سەرەتاوە ڕەتیانکردوەتەوە "ئەبو فەدک ئەلمحەمەدوای" سەرکردە لە کەتائیبی حیزبوڵـلا ببێت بە جێگرەوەی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی  کۆچکردوو کە لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا لە قاسم سولەیمانی، لەسەرەتای ئەمساڵدا لەنزیک فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران. ،  ڕاپۆرتەکە ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە، کشانەوەی ئەو گروپە چەکدارانە هاوکات بووە لەگەڵ بەربژێرکردنی عەدنان زورفی، پارێزگاری پێشووی نەجەف بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، چونکە بە گوێرەی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە بەربژێرکردنی زورفی بە پێچەوانەی ویست و خواستی لایەنگرانی ئێران بووە  لەعێراق، بۆیە لەئێستادا ئەو گروپانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن فشار دەکەن بۆ ڕەتکردنەوەی زورفی و مانەوەی حکومەتە کاربەرێکەرەکەی عەبدولمەهدی. ، ئەوەشخراوەتە ڕوو، لایەنگرانی ئێران پێیانوایە، زورفی لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، ئەوەش هەرهشەیەکی گەورەیە بۆ سەر سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئێران لەعێراقدا. ،  لەمانگی تەموزی ساڵی ڕابردوودا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەمەرسومێکی وەزاریدا داوایکرد هەموو گروپەکانی نێو دەستەی حەشدی شەعبی  تێکەڵ بن بە هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ جێبەجێکردنی ئەو مەرسومە تائێستا نەگیراوەتەبەر.