گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆشدارى لە شەپۆلى دووەمى كۆرۆنا دەدرێت.. پێويستە چى بكرێت؟

2020.03.20 - 23:23
هۆشدارى لە شەپۆلى دووەمى كۆرۆنا دەدرێت.. پێويستە چى بكرێت؟
ناس کورد- "مەترسى شەپۆلى دووەم" ناونيشانى بابەتێکى ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستى ئەمريكيە، کە تێیدا ئاماژەى بەوەکردووە نازانرێت ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ تا كەى لە ئەمريكا بەردەوام بێت، بەڵام بە دڵنياييەوە لە چەند هەفتەيەك زياتر درێژ دەكێشێت، ئەگەرى هەيە شەپۆلى دوەم و سێيەمى ڤايرۆسەكە ڕوبدات، هۆشداريش دەدات لەوەى كە پێويستە پلانى جدى لەو بارەيەوە هەبێت. . ڕۆژنامەكە لە راپۆرتێكيدا ئاماژەى بەوەداوە، كۆتايى ڕاستەقينەى ڤايرۆسى كۆرۆنا كاتێك دێت كە ڤاكسينێك يان چارەسەرێك دەدۆزرێتەوەو لەسەر ئاستێكى فراوان دابەش دەكرێت بەشێوەيەك كە ژمارەيەكى زۆرى دانيشتوان بپارێزرێت، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى كە ژمارەيەكى تەواو خەڵك لە نەخۆشيەكە چاكببنەوەو بۆ ئەوەى بەرگرى سروشتى دژى ڤايرۆسەكە دروست بكەن بۆ جارى داهاتوو. . ڕۆژنامەكە پێى وايە، گەيشتنە ڤاكسينێك ساڵێك ياخود 18 مانگى دەوێت بەلانى كەمەوە، سەرەڕاى ئەوەى دۆناڵد ترەمپ سەرۆكى ئەمريكا هيوايەكى زۆرى هەيە بەڵام دەرمانەكانى دژە ڤايرۆس قورسە بەپەلە پەرەى پێبدرێت. . بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەئێستادا ئەوەى پێويستە بكرێت ئەوەيە كە مەوداى پەتاكە و بڵاوبوونەوەى كەمبكرێتەوە ئەوەش بۆ ئەوەى پەستانى زۆر نەكەوێتە سەر نەخۆشخانەكان هەروەك لە ئيتاڵيا ڕويدا، چونكە پەتاكە دوو ياخود سێ مانگ دەخايەنێت ئەوەش بە ئەزمونى چين، هەروەها دەچينە وەرزى هاوينەوە بەڵام ئەگەر بەرزبونەوەى پلەكانى گەرما و شێ ڕێگر نەبون لەبەردەم ڤايرۆسەكە، دواى ئەوە چى؟ . لێكۆڵينەوەيەك كە كۆلێجى "ئيمپرياڵ" لە لەندەن بڵاويكردوەتەوە، هۆشدارى داوە لەوەى كە ئەگەر ڕێوشوێنەكانى كۆنترۆڵكردنى ڤايرۆسەكە شل بكرێنەوە لەكاتى زوتر لە پێويست ئەوا پێويستى بڵاوبونەوەى زياترى پەتاكە دەكرێت بەشێوەيەكى خێرا، شارەزايان هيوايان وايە كە نەخۆشەكان بەهۆى سيستمى بەرگرى سروشتى لەشى خۆيان چاكببنەوە، بەڵام سەرەڕاى ئەوەش ژمارەيەكى زۆر دانيشتوان لەمانگى هەشتى ئەمساڵدا وەك ئێستا روبەڕوى مەترسى دەبنەوە. . ڕۆژنامەكە پرسيارى ئەوەش دەكات، ئايا شتێكى واقعيە ڕێوشوێنەكان بۆ ماوەى ساڵێك ياخود 18 مانگ بەم شێوەيەى ئێستا بمێننەوە؟ چونكە لە قۆناغى دوەمدا خەڵك بێزار دەبن و لەڕوى ئابوريەوە كێشەيان بۆ دروست دەبێت، هەندێك هەوڵى شكانى ڕۆتينەكان دەدەن و مەترسيەكە دەگرنە ئەستۆ، لەكاتێكدا يەكێك لە مەترسيدارترين لايەنەكانى ئەم ڤايرۆسە ئەوەيە كە زۆر كەس توشبون بەڵام هيچ نيشانەيەك تێياندا دەرناكەوێت، لەئێستادا چين خەريكە كۆنترۆڵى ڤايرۆسەكە دەكات و دەكرێتەوە پێويستە ئەوە بزانين كە شەپۆلى دوەمى ڤايرۆسەكە ڕودەداتەوە لەو وڵاتە. . "تريفۆر بتفۆرد" زانا لە ناوەندى " فرد هڵشينسۆن" بۆ لێكۆڵنەوەكانى شێرپەنجە دەڵێ باشترين ڕێگە لە قۆناغى يەكەمدا كە بگيرێتەبەر ڕێگەكەى كۆرياى باشورە، لە قۆناغى يەكەمدا تاقيكردنەوەى گشتگير و جياكردنەوەى توشبوان و بەدواداچونى ئەوانەى پەيوەنديان لەگەڵ توشبوەكاندا هەبوە ئەنجام بدرێت. . ڕۆژنامەكە پێىوايە، ئەگەر ئەو ڕێگەيە بگيرێتە بەر ئەوا ئەگەرى گواستنەوە و بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكە كەمدەكات و ئەوانەى چاكدەبنەوە بەردەوام دەتوانن بگەڕێنەوە سەر كارەكانيان بۆ ئەوەى ئەداى كار پارێزراو بێت، سەرەڕاى ئەوەى ئەمريكا درەنگ كەوت لە گرتنەبەرى ڕێوشوێنى پێويست بەڵام ئەم ڕێگەيە پێويستە و نابێت ڕێگە بدرێت كە شەپۆلى دوەمى ڤايرۆسەكە توشى سەرسوڕمانیان بكات.