گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەوڵەكانى دروستكردنى ڤاكسينى كۆرۆنا بەكوێ گەيشتون؟

2020.03.18 - 23:44
هەوڵەكانى دروستكردنى ڤاكسينى كۆرۆنا بەكوێ گەيشتون؟
ناس كورد- ڤايرۆسى كۆرۆنا نزيكەى سێ مانگە لە چين دەركەوتوە و دواتر بەشێوەيەكى زۆر خێرا سەرتاسەرى جيهانى گرتەوە تائێستا زياتر لە 200  هەزار كەس توشبون و زياتر لە 8000 كەسيش بەهۆى ڤايرۆسەكەوە گيانيان لەدەستداوە. . سەرەڕاى زۆرى هەوڵەكان لەچەندين وڵات و كۆمپانياوە بۆ دروستكردنى ڤاكسينەكەى تائێستا چارەسەرێكى يەكلاكەرەوە نەكەوتوەتە بەردەست، بەڵام ئايا هەوڵەكان بەكوێ گەيشتون؟. . هانا ئاكسلرود، مامۆستاى نەخۆشيە گواستراوەكان لە زانكۆى جۆرج واشنتۆن لە ئەمريكا دەڵێت: بەداخەوە تائێستا هيچ چارەسەرێك نييە كە دژى ڤايرۆسى كۆرۆنا كاريگەر بێت، ئەو ڤايرۆسە تائێستاش نوێيە و بەپێى زانياريەكانمان بۆ يەكەمجار لە مانگى 11 ياخود 12ى ساڵى 2019 دەركەوتوە، سەرەڕاى ئەوەى كێبڕكێ هەيە بۆ دۆزينەوەى چارسەرێكى نوێ بەڵام تائێستا هيچ شتێك بەردەست نييە، ئەوەشى كە تاقيگەكان دەيكەن تەنها تاقيكردنەوە دەرمانەكانە تائێستا. . لەچەند ڕۆژى ڕابردوو لەشارى سياتل لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا ڤاكسينێكى نوێ لەسەر چەندين كەس تاقيكرايەوە كە وەك خۆبەخش بەشداريان كردبوو و تەمەنيان لەنێوان 18 بۆ 55 ساڵيدا بوو، ئەوەش بۆ ئەوەى لايەنە سلبيەكان و كاريگەريەكانى لەسەر جەستەى مرۆڤ بزانرێت. . لەو بارەيەوە هانا باس لەوە دەكات: لانيكەم ڤاكسينێك هەيە كە دژە ڤايرۆسە و هيوايەك هەيە، بەڵام تائێستا لەژێر تاقيكردنەوەدايە و نازانن كە كاريگەريەكە تا چەندە، ئەگەر دژى كۆرۆنا كارى كردو ئاسەوارەكانى ڤايرۆسەكەى كەمكردەوە ئەوە بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێنرێت كە مەترسى زياتريان لەسەرە ياخود نيشانەكانى ڤايرۆسەكە قورسە لەسەريان. . ڤاكسينەكە ناوى Remdesivir ەو لەلايەن كۆمپانيايەوە GILEADى ئەمريكيەوە دروستكراوە ئەويش لەكاتى ڕوبەڕوبونەوەى ڤايرۆسى ئيبۆلا،  ڤاكسينەكە دژى ئەو ڤايرۆسە كاريگەرى نەبوو بەڵام دژى چەندين جۆر ڤايرۆسى تر كاريەرى هەبوو، بۆيە لەئێستاش بەيەكێك لە باشترين هيواكان دادەنرێت دژى كۆرۆنا. . ئەو شارەزايەى نەخۆشيە گواستراوەكان دەشڵێت: هيوايەك هەيە لە لێكۆڵينەوەو تاقيكردنەوەكاندا لەسەر گيانداران ڤاكسينەكە كاريگەرى هەبوە دژى كۆرۆنا بەڵام لە هيچ شتێك دڵنيا نين تا سەرجەم تاقيكردنەوەكان كۆتاييان دێت. . ئەنجامە سەرەتاييەكانى تاقيكردنەوەى ڤايرۆسەكە دڵخۆشكەرن لە چارەسەركردنى نەخۆشەكان و تائێستا توشبويەكى ئەمريكى چاكبوەتەوە، هەروەها كاريگەرى لەسەر چەند نەخۆشێكيش هەبوە لە چين قۆناغى داهاتوش كە بە "قۆناغى 3" ناسراوە ڤاكسينەكە لە ئاسيا تاقيدەكرێتەوە. . لاى خۆشيەوە "ئيتش هۆڵدم سۆرب" بەڕێوەبەرى نووسینى گۆڤارى ساينس دەڵێت، هەر ڤاكسين و دەرمانێك كە دروست دەكرێت پێويستە لەسەر بنەماى زانستى بێت هەروەها بتوانرێت بەرهەم بهێنرێت و پارێزراويش بێت بۆ بەكارهێنان، ئەوەش ساڵ و نيوێك ياخود زياترى دەوێت، بەرپرسانى پيشەسازى دەرمان هەوڵى ئەوە دەدەن كە بە زوترين كات چارەسەرەكە دروست بكەن و بيفرۆشن، بەڵام دەشزانن كە ناتوانن ياساكانى سروشتى بەرهەمهێنانى پێشێلبكەن. . لەلايەكى ترەوە كۆمپانياى "كيورفاك"ى ئەڵمانى ئاشكرايكردوە، لەلايەن يەكێتى ئەوروپاوە 88 مليۆن دۆلار پشتگيرى كراون بۆ لێكۆڵينەوەكانيان كە كاركردنە لەسەر تەكنەلۆژيايەك بۆ گەشەپێدانى ڤاكسينى دژى كۆرۆنا، سەرجەم ئەو دەنگۆيانەشى ڕەتكردەوە كە گوايە دۆناڵد ترامپ سەرۆكى ئەمريكا هەوڵى ئەوەى داوە ڤاكسينەكەيان بكڕێتەوە. . هەرچى وڵاتى چينە، دەسەڵاتدارانى بوارى تەندروستى ئەو وڵاتە بڵاويانكردوەتەوە، كە تاقيكردنەوەيەكى چارەسەرى "فافيبيرافير" لەسەر مرۆڤ تەواو بوە و كاريگەرى باشى هەبوە دژى ڤايرۆسەكە، ڕێنمايى دراوە بە بەكارهێنانى و دروستكردنى لەلايەن كۆمپانياى دەرمانەوە و جێگيركردنى نرخەكەشى. .