گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرباری ئەوەی کەرتی تەندروستیان لاوازە

تائێستا هیچ حاڵەتێکی توشبوو بە کۆرۆنا لە سێ وڵاتى عەرەبى تۆمار نەکراوە

2020.03.18 - 23:26
تائێستا هیچ حاڵەتێکی توشبوو بە کۆرۆنا لە سێ وڵاتى عەرەبى تۆمار نەکراوە
ناس كورد- سەرباری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام تائێستا لە چوارچێوەی ئەو پۆلێنە جوگرافییەدا چەند وڵاتێک کە توانای کەرتی تەندروستیان لە چاو وڵاتانی دیکەدا بەلاواز دادەنرێت، بەڵام نەخۆشی کۆرۆنایان تێدا تۆمار نەکراوە. . تومارنەکردنی هیچ حاڵەتێکی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو  وڵاتاندا بوەتە جێگای پرسیارو تێڕامانی لایەنە تەندروستییە جیهانییەکان. . هەریەکە لە وڵاتانی، سوریا، لیبیا ویەمەن تائێستا هیچ حاڵەتێکی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان تۆمارنەکردوە، بەگوێرەی زانیارییەکانیش تائێستا ئەو وڵاتانە بەشێوەیەکی جدی بەراورد بەوڵاتانی دیکەی جیهان و دراوسێکانیان ڕێکارە تەندروستییەکانیان بۆ  بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە جێبەجێنەکردوە. . هەندێک پێیانوایە بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتانە پەیوەندی بە باری دەرونی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە هەیە، چونکە زیاتر لە 9 ساڵە ئەوسێ وڵاتە بەدەست شەڕی ناوخۆ و دەیان قەیرانی دیکەوە دەناڵێنن، ئەوەش وایکردوە خانەکانی بەرگریی لەشی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە ئەوەندە پتەوبێت توانای ئەوەی هەبێت دووچاری کێشەی تەندروستی لەو جۆرە بێتەوە. . عێراق، سۆماڵ و ئەفغانستان، بەهەمان شێوەی ئەو وڵاتانەی کە باسکراون، هاوڵاتیانی  چەندین ساڵە دووچاری کێشەی گەورە بوونەتەوە بگرە هەرلە شەڕی ناوخۆ و قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوریدا بوون، بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە لە هێرشی کۆرۆنا نەیانتوانیوە ڕزگاریان بێت. . سەرەڕای ئەوەی سوریا ماوەی 10 ساڵە بەدەست شەڕەوە دەناڵێنێت و سەدان چەکداری  وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق وئێران کە نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە بە لێشاوە  ڕوودەکەنە ئەو وڵاتە، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی سوریا تائێستا هیچ حاڵەتێکى توشبوو بە کۆرۆنا تۆمارنەکراوە. . لای خۆشیەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەربارەی دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سوریا ڕایگەیاندووە، کە تائێستا هیچ حاڵەتێک لەو وڵاتە تۆمارنەکراوە ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی  حکومەتی سوریا کە تێدا ڕایگەیاند، 103 حاڵەتی گومانلێکراو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پشکنینیان بۆ کراوە ئەنجامەکانیان نەرێنییە بووە. . ئەوەی تێبینی کراوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تائێستا هیچ پشکنینێکی بۆ ڤایرۆسەکە لەسوریا نەکردووە ئەو داتایانەشی کە بڵاودەکاتەوە پاڵپشتە بە داتاو ئاماری حکومەتی ئەو وڵاتە. . چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە سوریا، لیبیا ویەمەن، پێیانوایە ئەو ئامارانەی کە حکومەتەکانی وڵاتەکانیان دەرباری توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاویدەکاتەوە نادروستە  ودەسەڵاتدارانی وڵاتەکانیان بە چەواشەکاری و شاردنەوەی ژمارەی ڕاستەقینەى توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمەتباردەکەن. . ئاماژەیان بەوەکردوە، لە پێناوبەرزکردنەوەی ورەی هاوڵاتیانیان کە لە ئێستادا دووچاری شەڕو ئاوارەبوون بوونەتەوە حکومەتەکانیان بۆ ئەوەی زیاتر دووچاری قەیرانی ئابوری کارگێری نەبنەوە ئەو داتایانە دەشارنەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی چالاکوانە مەدەنییە سورییەکان 100 توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا هەیە کە زۆربەیان چەکداری ئێرانی و عێراقین کە لەڕیزی میلیشیا لایەنگرەکانی حکومەتی سوریا شەڕدەکەن. . چالاکوانانی ئەو وڵاتانە ئەوەشیان خستەوەتەڕوو،  شاردنەوەی زانیارییەکان دەربارەی ژمارەی توشبووان بەڤایرۆسى کۆرۆنا لەو وڵاتانە هۆکاری تۆمارنەکردنی هیچ حاڵەتێکە تائێستا و دەشڵێن:" حاڵەتەکە هەیە، بەڵام پێویستی بەکاتە بۆ ئەوەی بەڕوونی دەربکەوێت". .