گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كێبڕكێ لەسەر دروستكردنى ڤاكسين.. كۆرۆنا كێ دەكات بە ملياردێر؟

2020.03.18 - 20:19
كێبڕكێ لەسەر دروستكردنى ڤاكسين.. كۆرۆنا كێ دەكات بە ملياردێر؟
ناس کورد- سەرەڕاى ئەوەى چەندين وڵات و كۆمپانيا ئەوەيان ڕاگەياندوە كە نزيكن لە دروستكردنى ڤاكسينێك بۆ ڤايرۆسى كۆرۆنا، بەڵام تا ئێستا هيچ كاميان نەيانتوانيوە بگەنە دروستكردنى ڤاكسينەكە كە لە ئەگەرى گەيشتنە ئەو ئەنجامە وەك ڕزگاركەرى مرۆڤايەتى سەير دەكرێت و مليارەها دۆريش بەدەست دەهێنن.   لە چوارچێوەى ڕكابەريە توندەكاندا بۆ دروستكردنى ڤاكسينەكەو دۆزينەوەى چارەسەر بۆ ڤايرۆسەكە تاقيگەيەكى ئەمريكى ئاشكرايكرد كە يەكەم ڤاكسين لەسەر سێ خۆبەخش تاقيكراوەتەوە، لاى خۆشيەوە دەسەڵاتدارانى چين گڵۆپى سەوزيان بۆ تيمێكى زانايان كە جەنراڵ "شين واى" ژنە زاناى بەناوبانگى پەتاكان لە سوپاى چين سەرۆكايەتى دەكات هەڵكرد كە دەستبكەن بە تاقيكردنەوەى ئەو ڤاكسينەى دروستيان كردوە لەسەر نەخۆشەكان. . سەرەڕاى ئەوەى كە ئەو تاقيگەيەى ئەمريكا لە شارى سياتل يەكەم لايەن بوو كە تاقيكردنەوەى ڤاكسينەكەى لەسەر مرۆڤ ڕاگەياند، بەڵام "شين واى" پێشتر و لەسەرەتاى مانگى سێدا لە كارێكى بوێرانەدا ئەو ڤاكسينەى دروستيان كردبوو لەسەر خۆى و شەش ياريدەدەرى خۆى تاقيكردەوە، ئەو كارەشى سەرەڕاى ئەوەبوو كە پێشتر ڤاكسينەكە لەسەر گياندارانيش تاقينەكرابوەوە.   بەپێى ڕاپۆرتێكى ماڵپەڕى RT ڕوسى، ڤاكسينەكەى ئەمريكا لەلايەن پەيمانگاى نيشتمانى ئەمريكى بۆ هەستيارى و نەخۆشيە گواستراوەكان بە هاوبەشى لەگەڵ كۆمپانياى تەكنيكى زيندەيى "موديرنا" گەشەى پێدراوە. . سەرەڕاى ئەوەش چەندين تاقيگەى تر لە وڵاتەكانى ڕوسيا، ئەڵمانيا، كەنەدا و بەريتانياش سەرقاڵى دروستكردنى ڤاكسينى ڤايرۆسەكەن و ڕكابەريەكە زۆر بەسەختى بەڕێوە دەچێت.   چين يەكەم وڵات بوو كە تايبەتمەنديەكانى ڤايرۆسە نوێكەى ئاشكرا كرد و ئەو زانياريانەى دايە چەندين تاقيگەى جيهان، ئەوەش بوە هۆى ئەوەى شارەزايان ڤايرۆسەكە لەناو تاقيگەدا دروست بكەنەوە بۆ ئەوەى تايبەتمەنديەكان و خاڵە بەهێز و لاوازەكانى ديارى بكەن. . سەرەڕاى ئەوەى كە مرۆڤايەتى لەشەڕێكى سەختدايە لەگەڵ ڤايرۆسەكەو زانايانيش بەردەوام لە شەڕێكى زانستيدان لەگەڵيدا بەڵام زۆربەى زانايان باس لەوەدەكەن كە گەيشتنە ڤاكسينێك كە پەلهاويشتى ئەو ڤايرۆسە لە جيهاندا بوەستێنێت كاتێكى زۆرى دەوێت، ئەوەش سەرەڕاى دڵنيابونەوە لە سەلامەتى و پارێزراوى ڤاكسينەكەو كاريگەريە لاوەكيەكانى.   ئەوەشى ئەركەكەى قورستر كردوە ئەوەيە كە پێشتريش زانايان نەيانتوانيوە بگەنە چارەسەرێك بۆ ڤايرۆسى سارس كە پێش كۆرۆنا COVID-19  بڵاوبويەوە و سەربە هەمان گروپن، تەنانەت ئەگەر توانرا ڤاكسينى كۆرۆناش دروستبكرێت ئەوا بە پرۆسەيەكى تاقيكردنەوەى درێژ و ئاڵۆزدا دەڕوات كە لەوانەيە زياتر لە ساڵێكى پێبچێت. . هەر وڵاتێك سەركەوتوو بوو لە دروستكردنى ڤاكسينەكە ئەوە سەرەڕاى ئەوەى هەيبەت و ناوى بەرزتر دەبێتەوە مليارەها دۆلاريشى بەسەردا دەڕژێت  و چەندن خاڵ لەبەرژەوەندى خۆى و دژى ڕكابەرەكانى تۆمار دەكات و لەو بوارەدا بۆ چەندين دەيە دەيگەيەنێتە لوتكە. .