گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قایمقامیەتى سلێمانى: رێکخەرانى چالاکییەکەى گۆیژە سیتى لێپرسینەوەى یاساییان لەگەڵ دەکرێت

2020.03.18 - 17:34
قایمقامیەتى سلێمانى: رێکخەرانى چالاکییەکەى گۆیژە سیتى لێپرسینەوەى یاساییان لەگەڵ دەکرێت
ناس کورد- قایمقامیەتى سلێمانى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ئاشکراى کرد لێپرسینەوەى یاسایى لەگەڵ ڕێکخەرانى چالاکییەکەى گۆیژە سیتى شارى سلێمانى دەکەن. . بەگوێرەى راگەیەندراوکەى قایمقامیەتى سلێمانى "بەھۆی پابەند نەبوون بە بڕیارەکانی "ژووری بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی" و دروستکردنی قەرەباڵغی و کۆبونەوەی ھاووڵاتیان بە پێچەوانەی رێنماییە تەندروستیەکان لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی سلێمانی لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ رێکخەرانی چالاکییەکەی دوێنێی نێو یەکەی نیشتەجێبوونی "گۆیژە سیتی" لە سلێمانی کراوەو لە بەرامبەر پابەند نەبونیان بە رێنمایی و بڕیارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی کراونەتەوە و کەسێکیش بەو ھۆکارە دەستگیر کراوە". . لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت: لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و دوورخستنەوەی ئەو مەترسیەی رووی کردووەتە ھەرێمی کوردستان، ناچار دەبین لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ھەر کەس و لایەنێک بکەین کە ھۆکار بێت بۆ کۆبوەنەوەی ھاووڵاتیان و پابەند نەبوون بە بڕیارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی". . جەختیشکراوەتەوە "لەم رووە رێکاری پێویست بەرامبەر ھەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە پابەند نەبێت بەو بڕیار و رێنماییانەی کە راگەیەندراوە". . قایمقامیەتى سلێمانى لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە ھاووڵاتیان دەکات پابەندی بڕیاری قەدەغەی ھاتووچۆ بن و بۆ سەلامەتی خۆیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن. .