گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پشکنینی بەغدای منداڵە چوار ساڵانەکە پێچەوانەى پشکنینەکەى هەرێمە.. چیرۆکەکەى چییە؟

2020.03.18 - 13:30
پشکنینی بەغدای منداڵە چوار ساڵانەکە پێچەوانەى پشکنینەکەى هەرێمە.. چیرۆکەکەى چییە؟
ناس کورد- دوای ئەوەى ڕۆژی دووشەممە، 14ی ئازار، وەزارەتی تەندروستی هەریم توشبوونی منداڵێکی چوار ساڵی بە نەخۆشی کۆرۆنا ڕایگەیاند، جارێکی تر لە بەغدا پشکنینی بۆ کرایەوە، بەپێی ئەنجامەکەى بەغدا کە ئەمڕۆ دەرچوو، دەرکەوتووە کە "نڤار زانا" توشی کۆرۆنا نەبووە و ئەنجامەکەى نێگەتیڤ بووە. . زیاتر بخوێنەوە: زانیارى نوێ لەسەر ئەو منداڵە چوار ساڵانەى توشى کۆرۆنا بووە.. "دایک و باوکى لە کەرەنتینەدان" . بەپێی قسەى کەسوکاری نڤار، چاوەرێی دواین وەڵامی بەرپرسانی تەندروستی سلێمانین و "بڕیارە ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە دەربکرێت و بگەڕێتەوە بۆ چەمچەماڵ." https://www.facebook.com/hasanmuhamad97/posts/1074358586281375 لەو بارەیەوە، هێرشی سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە ناس کوردی وت، هەواڵێکی وا هەیە بەڵام هێشتا وەڵامی فەرمیمان لە بەغداوە پێنەگەیشتووە، دەبێت ئەوان لە لیستێکدا ناوەکانمان بۆ بگەڕێننەوە و ئەوکات ئێمەش بڵاویدەکەینەوە. . لەبارەى گومان لە پشکنینەکانی هەرێم و بەغدا، هێرشی سەلیم وتی، "شتی وا دەگونجێت، پێشتریش چەند حاڵەتێک هەبووە کە لای ئێمە پۆزەتیڤ بووە و لە بەغدا نێگەتیڤ، بەڵام ئێمە متمانەمان بە پشکنینەکانی خۆمان هەیە و چەندین جاری تر پشکنین دەکەینەوە و تەنها پشت بەوان نابەستین." . وتیشی، "ئاستی باشی و پێشکەوتوویی ئامێرەکانمان هاوشێوەی ئەوانەى بەغدان و ئێمە چەند ڕێوشوێنێکی زیاتریش دەگرینەبەر بۆ پشکنینەکان." . هاوکات دلۆڤان فایەق مەحمود، مامۆستای زانکۆ لە مۆڵیکولەر بایەلۆجی لە ئەمریکا لە ئاگادارکردنەوەیەکدا بۆ بۆ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەتایبەت وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، زۆر حاڵەتی وا ڕوویداوە کە گومانلێکراوانی تووشبوو بە کۆرۆنا کەرەنتین کراون و پاش پشکنین ئەنجامیان نێگەتیڤ بووە و نێردراونەتە ماڵەوە بەڵام دواتر نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان بە توندی لەسەر دەرکەوتووە و دەیان کەسی تریان توشکردووە و دەپرسێت "هۆکاری ئەمە چیە؟؟؟" . دلۆڤان فایەق باس لە وەڵامەکەى دەکات و دەڵێت، پشکنین ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها یەک جۆر پرایمەری نییە، بەڵکو لە جۆرێک زیاترە و هەر جۆرە پرایمەرێکی تایبەتی هەیە بۆ دەستنیشانکردنی، هۆکاری ئەوەی کە ئەوانەی دوای کەرەنتینە نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان لێدەردەکەوێت چەند ئەگەرێکی هەیە: . 1- پشکنینەکان تەنها یەک جۆر پرایمەری بۆ بەکارهێنراوە کە تایبەتە بە یەک جۆری ڤایرەسەکە. لەوەیە کەسەکە توشبووبێ بە جۆرێکی تری ڤایرەسەکە و ئەنجام نێگەتیڤ بێ بۆیە دەینێرنە ماڵەوە و لەوەیە ئاهەنگێکی گەورەشی بۆ بگێڕن و دەیانی تر تووشبکات. . 2- هۆکارێکی تری ئەوەی ئەنجامەکان ورد دەرنەچن پرۆسەی ئکستراکشنی نیوکلیک ئەسیدەکەیە RNA کە میژەری ناکەن بە نانۆمیتەر و دڵنیانین لەوەی کە RNA لە سامپڵەکەیاندا هەیە یان نا. . 3- لەوانەەیە سامپڵ وەرگرتن پێویستی بە وەرگرتن هەبێ لەشوێنێک زیاتر .. بۆ نموونە ڕێکخراوی جیهانی WHO پێشنیاری ئەوە دەکات کە نموونە لە upper respiratory و Lower respiratory tract وەرگیرێ و لەهەردووکیاندا نێگەتیڤبی ئەوکات نەخۆشەکە بە تووشنەبوو حساب بکرێ . 4- لەوەیە پۆزەتیڤ و نێگەتیف کۆنترۆڵ بەکار نەهێنرێت. . دەشڵێت، لە ئێستادا تەنها دوو جۆر پشکنینی سەرکەوتوو بۆ کۆرۆنا هەیە: 1- پشکنینی RT-q و پشکنینی PCR 2- ڕێگەی شێرلۆک کە سوود لە کاسپەر 13ی بەکتریا وەردەگرێ.