گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیندانى هەتا هەتایی و هەڵهاتن لە ئەبوغرێب ..عەدنان زورفى ڕاسپێردراو بۆ سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراق کێیە؟

2020.03.17 - 13:55
 زیندانى هەتا هەتایی و هەڵهاتن لە ئەبوغرێب ..عەدنان زورفى ڕاسپێردراو بۆ سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراق کێیە؟
ناس کورد-   بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق عەدنان زورفى پارێزگارى پێشووى نەجەفى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت راسپارد، دواى ئەوەى محەمەد عەلاوى نەیتوانى متمانەى پەرلەمان بۆ کابینەکەى مسۆگەر بکات. . سەرەڕاى ئەو ڕەخنانەى ئاڕاستەى دەکرێت بەوەى "ناتوانێت بە زمانى ئینگلیزى قسە بکات" و پێشتر لە وەزارەتى ناوخۆ بەرپرسیارێتى هەبووە، بەڵام بەدرێژایی پێنج مانگى ڕابردوو لە نزیکەوە گوێبیستى دەنگى خۆپیشاندەران بووە، پێشتریش سەدرییەکان تۆمەتباریانکرد بەوەى لەپشت "یاخیبوونى خۆپیشاندەرانەوە وەستاوە"، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى کەناڵى حورە. . ناوى تەواوى عەدنان عەبد خەزیر عەباس زورفییە، ساڵى 1966 لەشارى نەجەف لەدایکبووە، لە دایک و باوکێکى عێراقى خەڵکى نەجەف. . خوێندنى ئاینى لە زانکۆى کوفە تەواوکردووە و خاوەنى بڕوانامەکانى بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرایە لە بوارى فیهى ئیسلامیدا. . سەرەتاى کارى سیاسى لەناو حزبى دەعوە دەستپێکرد لە ساڵى 1983، لە ساڵانى 1988 و 1991 دواى زیندانیکردنى سزاى زیندانى هەتا هەتایی دراوە لە ئەبو غرێب، بەڵام توانى هەڵبێت. . لە ساڵی 1991 بەشداری لە ڕاپەڕینەکانی باشوری عێراق کردووە دژ بە ڕژێمی سەدام حسێن، دوای هەرەسهێنانی ڕاپەڕینەکە زورفی هەڵاتووە بۆ وڵاتی سعودیە، پاش هەڵاتنی بۆ ئەو وڵاتەش بۆ ماوەیەک بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕژێمی سەدام حسێن زیندانی کراوە،  پاش ماوەیەک لە زیندانیکردنی ئازاد کراوە. . بەهۆى چاودێریکردنى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەدواى بەشداریکردنى لە ڕاپەڕین، زورفى چووەتە ئەمریکا و لەنێوان ساڵانى 1994 بۆ 2003 لەو وڵاتە ماوەتەوە، دەوترێت لەوێ ڕەگەزنامەى ئەمریکى بەدەستهێناوە. . دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی 2003، زورفی گڕاوەتەوە عێراق و پۆستی پارێزگاری نەجەفی وەرگرتووە. لە ساڵی 2004 جوڵانەوەی "وەفا"ى پێکهێناوە. لەساڵی 2003 بۆ 2004 ئەندامی ئەنجومەنی بونیاتنانەوەی عێراق بووە. .  لە نێوان ساڵانی 2006 – 2009 پۆستی یاریدەدەری کاروباری هەواڵگری وەزیری ناوخۆی عێراقی پێدراوە. .  لە ساڵی 2009 نەیتوانیوە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بۆیە ڕیزەکانی حیزبی دەعوەی بەجێهێشتووە. .  بۆ ماوەی سێ خول پۆستی پارێزگاری نەجەفی وەرگرتووە لە ساڵانی (2004- 2005 ) ، ( 2009- 2013) ، ( 2013- 2015). .  لە ئێستادا یەکێک لە کەسە نزیکەکانی حەیدرە عەبادی، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی نەسریشە لە پەرلەمانی عێراق. . سەبارەت بە هەڵوێستە سیاسییەکانى، زورفى بەوە ناسراوە کە بەرگرى لە سەربەخۆیى عێراق دەکات لەهەر دەستوەردانێکى دەرەکى و دەیەوێت جیاوازى مەزهەبی کۆتایی پێبهێنێت.