گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گڵۆڵەى نرخی نەوت بەرەو نزمتر دەچێت.. نزمترین ئاستی تۆمارکرد لە چوار ساڵی ڕابردوودا

2020.03.16 - 19:17
گڵۆڵەى نرخی نەوت بەرەو نزمتر دەچێت.. نزمترین ئاستی تۆمارکرد لە چوار ساڵی ڕابردوودا
ناس کورد- ئەمڕۆ نرخى نەوتى برێنت زیاتر 10%ى نرخەکەى لەدەستدا و نزمترین ئاستى لە ماوەى چوار ساڵدا تۆمارکرد، ئەوەش بەهۆى خستنەڕووى زیاترى نەوت و کەمى خواستەوە کە ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە جیهاندا. . بەپێی هەواڵی ئاژانسى فرانس پرێس، نرخى هەر بەرمیلێک نەوتى برێنت کە پێوەرێکى جیهانییە ئەمڕۆ دوشەممە بە 30,22 دۆلار مامەڵەى پێوەکراوە، کە نزمترین نرخە لە شوباتى 2016ەوە تا ئێستا. . هەروەها نرخى نەوتى تەکساس بە 29,18 دۆلار مامەڵەى پێوەکراوە. . نرخى نەوت هەفتەى ڕابردوو دابەزینى بەرچاوى بەخۆوە بینى و خراپترین ئاستى لەماوەى 10 ساڵدا تۆمارکرد و زیاتر لە 30%ى بەهاکەى لەدەستدا. . کریغ ئیرلام، شیکەرەوە لە دامەزراوەى ئواندا هۆشداریدەدات لەوەى نرخى نەوتى برێنت ڕەنگە بۆ کەمتر لە 30 دۆلار دابەزێت. . لاى خۆشیەوە، بیارنى شیلدروب شیکەرەوە لە کۆمپانیاى  "ئیس ئی بى" ڕایگەیاند، خواست و خستنەڕوو بەدوو ئاڕاستەى پێچەوانەدا دەرۆن، ئەوەش فشارى لەسەر نرخى نەوت دروستکردووە. . دبەزینى نرخى نەوت بەهۆى کەمبوونەوەى خواستە لەسەر ئەو وزەیە کەدواى رێوشوێنى حکومەتەکان بۆ رێگرى لە بڵاوبوونەوەى زیاترى کۆرۆنا هاتووەتە ئارا، لەگەڵ کێبڕکێی نرخ لەنێوان وڵاتانى ئۆپیک و ڕوسیا. . هەریەکە لە سعودیە و ئیمارات کە دوو وڵاتى زەبەلاحى نەوتین لەناو ئۆپیکدا، جەنگى نرخیان ڕاگەیاندووە و نیازى خۆیان بۆ خستنەڕووى زیاترى زێڕى ڕەش بۆ بازاڕەکان خستووەتەڕوو، لەدواى ڕەتکردنەوەى پێشنیازى کەمکردنەوەى زیاترى ئاستى بەرهەمهێنان لەلایەن ڕوسیاوە لە شەشى ئازاردا، بە ئامانجى پشتیوانیکردنى نرخەکەى. . فشارەکانى سەر نرخى نەوت زیاتر بووە لەگەڵ بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەتایبەتى لە ئەوروپا کە بازاڕە داراییەکانى سڕکردووە و ترسى لەسەر دابەزینى ئاستى ئابورى جیهانى دروستکردووە.