گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری لەبارەى ئەو توشبووانەى کۆرۆنا کە ئەمڕۆ لە سلێمانی چاکبوونەوە

2020.03.16 - 17:38
زانیاری لەبارەى ئەو توشبووانەى کۆرۆنا کە ئەمڕۆ لە سلێمانی چاکبوونەوە
ناس کورد- ژمارەى ئەو کەسانەى لەدوای توشبوونیان بە ڤایرۆسى کۆرۆنا چاکبوونەتەوە لە هەرێمى کوردستان ڕوو لە زیادبوونە، بەجۆرێک لەماوەى کەمتر لە 24 کاتژمێردا چاکبوونەوەى هەشت توشبوو ڕاگەیەنراوە. . بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئێستادا لەکۆى 36 حاڵەتى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان، نۆ توشبوو چاکبوونەتەوە کە سەرجەمیان لە سنورى پارێزگاى سلێمانین کە زۆرترین توشبووى لەخۆ گرتووە. . دوایین حاڵەتەکانى چاکبوونەوە کەمێک لەمەوبەر لەلایەن تەندروستى سلێمانییەوە ڕاگەیەنرا کە چاکبوونەوەى پێنج توشبوو بوو، ئەوەش دواى ڕاگەیاندنى چاکبوونەوەى سێ توشبووى تر لە درەنگانى شەوى ڕابردوودا. . هێرش سەلیم، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ئەوانەى ئەمڕۆ چاکبوونەتەوە پشکنینەکانیان بەتەواوى نێگەتیڤ بووە و دەرکەوتووە کە ڤایرۆسەکە لە لەشیاندا نەماوە و بەتەواوى چاکبوونەتەوە". . وتیشى، "توشبووەکان تێکەڵەى ئەوانەن کە پێشتر توش بوون، دوو بۆ سێ کەسیان لە خانەوادەى مامۆستا ئاینییەکەن کە کۆچى دواییکرد، ئەوانەى تر توشبووەکانى دیکەن". . دواى کۆچى دوایی مامۆستا ئاینییەکە کە توشى کۆرۆنا بوو بوو، چەند ئەندامێکى خانەوادەکەى مامۆستاکە تووشى ڤایرۆسەکە بوون و ڕەوانەى نەخۆشخانەى تایبەت بە کۆرۆنا کران، تا ئێستاش چەند کەسێکیان چاکبوونەتەوە. . هێرش سەلیم باسى لەوەکرد، ئەو توشبووانەى چاکبوونەتەوە لەرووى تەندروستییەوە کێشەیان نەماوە، بەڵام بەپێی رێنماییەکان هەر دەبێت هەفتە بۆ 10 ڕۆژى دیکە لە ماڵەوە بمێننەوە لەژێر چاودێریدا بۆ ئەوەى بەتەواوى لەخۆیان دڵنیا بن. . ناس کورد پەیوەندی بەو کەسانەوە کرد کە چاکبوونەتەوە بەڵام ڕەتیان کردەوە قسە لەسەر بابەتەکە بکەن. . بەچاکبوونەوەى ئەو پێنج توشبووەى ئەمڕۆ، ژمارەى توشبووانى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان بۆ  27 توشبوو کەمبووەوە کە لە نەخۆشخانەکانى تایبەت بە کۆرۆنا لە ژێر چاودێرى وردى پزیشکیدان. . هێرش سەلیم وتى، "توشبووەکانى دیکە بارى تەندروستیان جێگیرە، تەنها یەک بۆ دوو کەسیان نەبێت کە چەند نیشانەیەکى کەمیان لێدەرکەوتووە".   باسى لەوەشکرد، چاکبوونەوەى ئەو کەسانە دەیسەلمێنێت کە ڕێوشوێنە تەندروستییەکان بەباشى بەرێوەدەچن و "دڵمان پێخۆشە کە دەبینین ئەو کەسانەى چاکدەبنەوە ژمارەیان ڕوو لە زیادبوونە، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسەکە". . هەرێمى کوردستان ماوەى چەند ڕۆژێکە توندترین ڕێکارى گرتووەتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، ئەویش قەدەغەى هاتوچۆیە بۆ ئەوەى رێگرى بکات لەتەشەنەسەندنى زیاترى ڤایرۆسەکە. . ئەمرۆش لە سێیەم ڕۆژى قەدەغەى هاتوچۆدا دوو کەس لە گەرمیان توشى ڤایرۆسەکە بوون، بەوەش ژمارەى ئەو کەسانەى لەماوەى سێ ڕۆژدا توشى کۆرۆنا بوون بۆ هەشت کەس بەرزبووەوە.  . سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێم ئەمرۆ لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، هه‌ندێك حاڵه‌ت  دوای ئەوەی چەند ڕۆژێکە چارەسەریان بۆ کراوە و پشکنینیان بۆ کراوەتەوە ئێستا ڤایرۆسەکە لە لەشیاندا نەماوە و  له‌مڕۆ و ڕۆژانی داهاتوو پشکنینی دڵنیاییان بۆ دەکرێت و ئەوانیش دەنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە.  . باسی له‌وه‌شكرد، جگە لە کەسێک کە گیانیلەدەستدا و ژنێکی دوو گیان کە ئێستا لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە، سەرجەم توشبووانی دیکەی کۆرۆنا لە هەرێم باری ته‌ندروستییان جێگیره‌ و هیچ نیشانه‌یه‌كی په‌تاكه‌یان پێوه‌ دیار نییه‌.