گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى تەندروستى بۆ ناس کورد: کاریگەرییەکانى قەدەغەى هاتووچۆ هەفتەى داهاتوو دەردەکەون

2020.03.15 - 23:43
وەزارەتى تەندروستى بۆ ناس کورد: کاریگەرییەکانى قەدەغەى هاتووچۆ هەفتەى داهاتوو دەردەکەون
ناس کورد-   وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، کاریگەرییەکانى بڕیارى قەدەغەى هاتوچۆ لەهەردوو پارێزگاى هەولێر و سلێمانى هەفتەى داهاتوو دەردەکەون. . ئەمڕۆ وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم وادەى قەدەغەى هاتوچۆى بۆ ماوەى ٧٢ کاتژمێرى دیکە درێژکردەوە، بە ئامانجى رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى زیاترى کۆرۆنا. . محەمەد قادر وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند "پێشبینى دەکەین کاریگەرییەکانى ئەو بڕیارە لە هەفتەى داهاتوودا دەربکەون، چونکە لەم پێنج رۆژەدا هەموو بەرکەوتنەکان زۆر سنوردار دەکرێن و هەر حاڵەتێکى نوێ کە بوونى هەبووبێت کەسانى تر توش ناکەن و خۆشیان نیشانەکانیان لێدەردەکەوێت". . وتیشى "بەو شێوەیە زۆر بەباشى دۆخەکە کۆنتڕۆڵدەکرێت، تا ئێستاش خەڵک زۆر پابەند بووە و ئەوەش کارەکانى وەزارەت و حکومەت ئاسانتر دەکات". . بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لەماوەى دوو ڕۆژى قەدەغەى هاتوچودا شەش حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراونکە سەرجەمیان لە سلێمانین، بەوەش کۆى گشتى حاڵەتەکان بۆ ٣٤ حاڵەت بەرزبووەوە، کە یەکێکیان گیانى لەدەستداوە و یەکێکى دیکەش چاک بووەتەوە. . وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى جەختیکردەوە، ئەو ڕێکارانەى ئێستا توندترین رێکارن کە گرتویانەتە بەر، چونکە نایانەوێت بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، ئەوەش وایکردووە تا ئەم ساتەوەختە کۆرۆنا لە هەرێم لەژێر کۆنتڕۆڵدا بێت.