گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرنشینانی فڕۆکە قەتەرییەکە و سەردانیکەرانی پرسەى مامۆستا ئاینییەکە چیان لێهات؟

بۆچی ژمارەى پشکنینی کۆرۆنا لە سلێمانی زۆر کەمترە بەروارد بە هەولێر؟ 

2020.03.15 - 14:40
App store icon Play store icon Play store icon
بۆچی ژمارەى پشکنینی کۆرۆنا لە سلێمانی زۆر کەمترە بەروارد بە هەولێر؟ 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز جیاوازی نێوان ژمارەی پشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێوان هەولێر و سلیمانی کاردانەوەی لێکەوتەوە و وەزیری تەندروستیی هەرێم دەڵێت، لە هەولێر لەم چەند ڕۆژەدا هاووڵاتیانی گومانلێکراو زیاتر بوون بۆیە پشکنین زیاتر کراوە. . جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانیش دەلێت، خۆیان دەزانن چۆن کارەکانیان دەکەن و  زۆرترین پشکنینیش ئەنجامدەدەن، زانیاریش لەبارەی سەرنشینانی فڕۆکە قەتەرییەکە و سەردانیکەرانی پرسەی مامۆستا ئاینییەکە ئاشکرادەکات. . "دوێنێ 204 پشکنین لە هەولێر، 14 پشکنین لە سلێمانی ئەنجام دراون"  دوێنێ شەممە، وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە ماوەى 24 کاتژمێرى ڕابردوودا پشکنینیان بۆ 227 کەس کردوە، 204 کەسیان لە هەولێر و  14 کەسیان لە سلێمانی و نۆ کەسیان لە دهۆک بوون. . لەوبارەیەوە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەهۆی ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو پزیشکە توشی ڤایرۆسەکە بوو بوو، زۆرێک لەو کەسانەی سەردانی پزیشکەکەیان کردبوو، چوون بۆ پشکنین، بۆیە ڕێژەی پشکنینەکان لە هەولێر زیاتر بوون". . بەپێی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، لە کۆی نزیکەى 12 ڕاگەیەنراوی ڕۆژانەى وەزارەت لەبارەى ژمارەى پشکنین و حاڵەتەکانی کۆرۆنا، تەنها لە سێ ڕاگەیەنراودا ژمارەى پشکنینی پارێزگاکان جیاکراوەتەوە و هەرسێکیان پشکنینەکانی هەولێر زیاتر بوون لە سلێمانی. . وەزیری تەندروستی جەختیکردەوە کە ئەنجامدانی پشکنین تایبەتە بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگاکان و لە سلێمانیش دەتوانن پشکنینی زیاتر بکەن و قسەشیان لەگەڵ دەکەن لەوبارەیەوە.

.

تەندروستی سلێمانی: خۆمان دەزانین چۆن کارەکانمان دەکەین

هاوکات، لەوبارەیەوە هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بە ناس کوردی وت: "ئێمە خۆمان دەزانین چۆن کارەکانمان دەکەین و چۆن پشکنین دەکەین، ئاشکراکردنی ژمارەی حاڵەتەکانیش لە ڕابردوودا دەرخەری ئەوەن". . جەختیشیکردەوە، ئەوان پشکنین بۆ هەردوو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجەش دەکەن و زۆرترین پشکنین دەکەن، بەڵام ناکرێت هەموو شتێک بۆ ڕاگەیاندنەکان باس بکەن.   . جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ڕونیشیکردەوە، دڵنیایی بە هاوڵاتیان دەدەن کە بە باشترین شێوە کارەکانیان ئەنجامدەدەن و هیچ کەمتەرخەمییەک لە کارەکانیاندا ناکەن. . سەرنشینانی فڕۆکە قەتەڕییەکە و سەردانیکەرانی پرسەی مامۆستا ئاینییەکە چیان بەسەرهات؟ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر بە 84 سەرنشینەوە لە قەتەرەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و دواتر دەرکەوتووە یەکێک لە سەرنشینانی فڕۆکەکە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە. . جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "زۆرینەی سەرنشینانی فڕۆکەکە هاتوونەتەوە لامان و خراونەتە کەرەنتینەوە، هەرکاتیش ئەنجامی پشکنینەکانیان دەرچوو ئەوا ئاشکرایدەکەین". . وتیشی، بەشێک لە سەردانیکەرانی پرسەی مامۆستا ئاینییەکەش چوون و ئەوانیش بەهەمانشێوە لە کەرەنتینەدان، تاوەکو ماوەی 14 ڕۆژەکە تەواو دەکەن لەوێ دەمێننەوە. . ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی ئازاری 2020، وەزارەتی تەندروستی هەرێم توشبووەیەکی تری کۆرۆنای لە سلێمانی ڕاگەیاند کە پیاوێکی تەمەن 46 ساڵە.، . بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بووە 29 کەس لەنێویاندا کەسێک گیانیلەدەستداوە و کەسێکیش بەتەواوی چاکبووەتەوە. . لەو 29 کەسە توشبووە، 20 کەسیان لە شاری سلیمانین و حەوت کەس لە شاری هەولێر و کەسێک لە هەڵەبجە و حاڵەتێکیش لە کۆیە تۆمارکراوە.