گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سێ ناو هەن کە یەکێکیان ئێستا پەرلەمانتارە

بڕیارە ئەمشەو ناوی کاندید بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشکەشی سەرۆککۆمار بکرێت

2020.03.15 - 12:17
بڕیارە ئەمشەو ناوی کاندید بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشکەشی سەرۆککۆمار بکرێت
ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح هاوتەریب لەگەڵ قەیرانی بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە عێراق و جیهاندا، بابەتی بەربژێری سەرۆکوەزیرانیش شەقامی سیاسیی عێراقی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتحیش بە ناس کوردی وت، شەوی ڕابردوو لایەنە شیعییەکان ڕێککەوتوون و بڕیارە ئەمشەو ناوی کەسێکە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێشکەش بە سەرۆککۆمار بکرێت. .  حەسەن یەساری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لیژنەی حەوتی کە پێکهاتووە لە لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی شیعە لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردودا سەرقاڵی دانانی چەند پێوەرێک بوون بۆ ئەو کەسەی کە بەربژێردەکرێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق". .  کەسەکە دەبێت چۆن بێت؟ وتیشی: "بە گوێرەی وتووێژەکانی نێوان لایەنە شیعییەکان دەبێت ئەو کەسە، حیزبییەکی پلە یەک نەبێت، ئەکادیمی بێت و بڕیارەکانی عێراقی و نیشتیمانی بێت ". . پەرلەمانتارەکەی فەتح ڕوونیکردەوە، لە ئێستادا لایەن شیعییەکان لە پەیوەندی بەردەوامن لەگەڵ سەرۆککۆمار بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەی دەستوری دیاریکراودا  کەسێک وەک بەربژێر پێشکەش بە سەرۆککۆماربکەن. . "ئەو ناوانەی کەپێشتر لەلایەن شەقامی عێراقییەوە ڕەتکراونەتەوە جارێکی دیکە پێشکەش ناکرین وەک محەمەد شیاع سودانی و ئەسعد عیدانی" حەسەن یەساری وای وت. . دەربارەی ناو و ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئێستا لە پێشبرکێی بەربژێرکردندا بۆ  وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەساری وتی: "لەبەر هەستیاری پڕسەکە بۆ ئەوی یەکلاکردنەوەی کەسێک بۆ ئەو پۆستە دووچاری شکست و بارێکی نەرێنی نەبێتەوە، ناتوانم ئەو ناوانە ئاشکرابکەم، بەڵام ژمارەیان سێ کەسن یەکێکیکان پەرلەمانتاری ئەم خولەیە و دووەمیشیان وەزیرێکی پێشووە و سێیەمیشیان سیاسەتمدارێکی ناسراوە". . پەرلەمانتارەکەی فەتح نەیشاردەوە کە ئەو کەسەی بەربژێرکراوە بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی داهاتووی عێراق نزیکە لە هاوپەیمانی فەتح، دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی نەسری سەر حەیدەر عەبادی،  لە هەمانکاتیشداهەموو لایەنە شیعییەکانی دیکەش لاریان لەسەر نییە. . بەوتەی حەسن یەساری :"ئەمشەو پێش ئەوەی وادەی دەستوری کۆتایی بێت ناوی ئەو بەربژێرەی کە لایەنە سیاسییە شیعییەکان لە سەری ڕێککەوتوون پێشکەش بە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق دەکرێت".   . ئەوەو لە کاتێکدایە سێشەممەی داهاتوو وادەی دەستوری لەپێش سەرۆککۆمار بۆ ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کۆتایی دێت، کەچی تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان هیچ کەسایەتییەکیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر نەکردوە. . لیژنی حەوتی پێکهاتوون لە هەوپەیمانی، سائرون، فەتح، دەوڵەتی یاسا، نەسر، ڕەوتی حیکمە ، فەزیلە و عەتا".